كاتێك سەرۆك خەجاڵەتت دەكات
ڕەحمان غەریب
2 هەفتە لەمەوپێش
ڕەحمان غەریب
وتارە شەڕانگێزانەكەی هەفتەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەرامبەر رۆژنامەنووسان و ئەو كەناڵانەی رەخنە لە سیاسەتەكانی دەگرن شۆكهێنەرن، وەسفكردنی وەزارەتی داد بە ئامرازێكی تۆڵەسەندنەوەی كەسی، هێرش بۆ سەر نەیارانی سیاسی و داواكارانی گشتی، ئەگەر ئەم بەزمە لای خۆمان بوایە دەمانووت " ئەمە سەركوتكردن و كۆتۆبەبەند كردنە و زەمینە خۆش دەكات بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی بەرامبەر میدیا و رەخنەگران".
ئەم توڕەبوونەی سەرۆكی ئەمریكا لە هەندێ دامەزراوەی میدیایی وڵاتەكەی، هێرشی بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریكادا بێ پێشینە و بێ وێنەن، دۆناڵد ترەمب بێ گوێدانە پرەنسیپی جیاكراونەوەی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆییان، لەناو (وەزراەتی داد)دا هێرشی كردە سەر رۆژنامەنوسان، بڕواناكەم سەرۆكێكی تر جورئەتی ئەوەی كردبێت بەو شێوەیە مینبەری ئەم وەزارەتە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی سیاسی و كەسی بەكارهێنابێت.
سەرۆكی ئەمریكا هێرشی كردە سەر هەندێ دامەزراوەی میدیای وڵاتەكەی كە بەرنامەی رەخنەگرانە لەسەر بڕیارەكانی پەخشدەكەن، وتی "من باوەڕم وایە %97.6 ی كۆمێنتەكانی هەردوو كەناڵی سی ئێن ئێن و ئێم ئێس دی ئێن سی CNN وMSDNC، لەسەر من نەرێنین، ئەمان دوو باڵی سیاسی پارتی دیموكراتن، زۆر گەندەڵ و نایاسایین، ئەوەی ئەوان دەیكەن نایاساییە"
لە ئەمریكای پێش سەرۆك ترمپ و دوای ئەویش، سەرۆك ناتوانێ لە دەستووری وڵاتەكەی لابدات و دەزانێت تەنانەت میدیا گەر پاڵپشتی دارایی حزبیشی هەبێت، یان نەیبێت و نزیك بێت لە سیاسەتەكانی دەستور بەرگرییان لێدەكات، كاتێك سەرۆكێكی هەڵبژێردراو هەست دەكات زەرەرمەند بووە لە بەرنامەی رەخنەگرانە و سیاسەتی ژووری هەواڵ دەستور میدیاكە دەیپارێزێت.
جگە لەمانەیش بە فەرمانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی دەنگی ئەمریكا ڕاگیراون، ئەمەش دوای واژووكردنی فەرمانێكی جێبەجێكار بەئامانجی بچووككردنەوەی ئاژانسی ئەمریكی بۆ میدیای جیهانی (USAGM) ، كە دەزگایەكی سەربەخۆی حكومەتی ئەمریكایە و لەلایەن كۆنگرێسەوە پارەی بۆ دابیندەكات، دەنگی ئەمریكا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد، كەناڵی ئەلحوڕە كۆمەك دەكات.
دژ بەم فەرمانە لە 19ی ئازار، 27 رێكخراوی ناوداری جیهانی، بەیانێكی هاوبەشییان دەركرد، داوای پاراستنی ئەو رۆژنامەنوسانە و مافەكانیان دەكەن و بە كورتیش دەڵێن: بەپێی یاسای ئەمریكا، كارەكانی دامەزراوەكانی USAGM جیاوازە و پێویستە سەربەخۆییان پارێزراو بێت.
ئەم هەڵوێست و گوتارانە هەستێكی ناخۆش بە عەرەبی ( شعور بالحرج)، لای ئەوانە دروستدەكەن، كە لە دامەزراوەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە كاردەكەن و هاوڕێمانن، تەنانەت بۆ دیپلۆماتكارانیش كە بەرگری لە ئازادی راگەیاندن لە جیهاندا دەكەن. هەروەها بۆ ئێمەش دڵنیاییەك نابەخشێ كە گوتاری شەڕەنگێزی بەرامبەر میدیاكاران نەبنە كردارێكی رۆژانە و هەرەشەی راستەقینە بۆ سەر ئازادی راگەیاندن كە 234 ساڵە لەو وڵاتە مافێكی دەستورییە.
