ڕۆڵی شاراوەی تورکیا لە ڕێککەوتنەکەی نێوان کورد و دیمەشق

بەختیار ئەحمەد ساڵح
2 هەفتە لەمەوپێش
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
ئەم نوسینە بەدواداچوون بۆ ڕۆڵی شاراوەی تورکیا لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا دەکات. ڕێککەوتنەکە لە 11ی ئازاری 2025 واژۆ کراوە، خاڵی وەرچەرخانە لە پێشهاتەکانی سوریا و کاریگەری ستراتیژی لەسەر تورکیا، سوریا، کورد و کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە پێداچوونەوە بە پاشخانی مێژوویی ململانێکانی تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە سیاسەتی ناوچەییدا، هەوڵ دەدات ئامانجەکانی تورکیا لەم ڕێککەوتنە و دەرئەنجامەکانیدا ڕوون بکاتەوە.
- پێشەکی
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا و کورد هەمیشە ئاڵۆز بووە و لەژێر کاریگەری ڕکابەریی جیۆپۆلەتیکدا بووە، تورکیا لە مێژە دژایەتی بوونی هێزەکانى سەر بە پەکەکە لە باکووری سووریا دەکات و هەمیشە سیاسەتی بۆ سنووردارکردنی هەژمونى ئەوان پەیڕەو کردووە. ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، دەرفەتێکی بۆ تورکیا ڕەخساندووە کە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سەربازی و ئەمنییەوە بگات بەئامانجی لە مێژینەی خۆی کە نەهێشتنی ئیدارەى خۆسەری کوردییە.
- پاشخانی مێژوویی ململانێی تورکیا لەگەڵ پەکەکە
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە شەڕدایە و ئەو ململانێیە بووەتە یەکێک لە ململانێ درێژخایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تورکیا هەمیشە هەسەدە بە لقێکی پەکەکە دەزانێت و ڕێوشوێنی بەرفراوانی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی هەژمونى پەکەکە لە ناوچەکەدا. شکستی دانوستانەکانی ئاشتی ٢٠١٣-٢٠١٥ و زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری سوریا وایکرد ئەنقەرە بەدوای بژاردەی نوێدا بگەڕێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.
- شیکاری ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق و ڕۆڵی تورکیا
ڕێککەوتنەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی هێزەکانی هەسەدە لەگەل سوپای سوریا، گرنگترین خاڵی ئەم ڕێککەوتنە قبوڵکردنی کۆتاییهاتنی ئیدارە خۆسەرییەکانى کوردە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا، هەروەها یەکێک له بڕگه سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنه کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە یە وەک هێزێکى بیانى له ناو خاکی سوریا، که یەکێک بوو لەمەرجه سەرەکییەکانی تورکیا بۆ ئەوەى دەستوردانی سەربازی نەکات لە ناوچەکه دا.
- ناڕوونی و ئاڵنگاییەکانى ڕێککەوتنەکە
- تێکەڵبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا: هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هێزانە بەتەواوی تێکەڵنابنەوە لەگەڵ سوپاوى سوریا، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی نیمچە سەربەخۆدا کاردەکەن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرژیی نوێ.
- ماوەی جێبەجێکردنى نۆ مانگە: ئەم چوارچێوە کاتییە دەرفەتی زۆر بۆ دروستبوونى ناڕەزایەتى ناوخۆیی لە ناو هەسەدە و دەستێوەردانی لایەنە دەرەکییەکان دەڕەخسێنێت و ئاڵنگارى بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دروستدەکات.
کاریگەرییە ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ تورکیا
- کۆتایی پرۆژەی ئیدارەى خۆسەری کورد: ئەم ڕێککەوتنە بە شێوەیەکی کاریگەر هەوڵی ساڵانێکى یەپەگە بۆ دامەزراندنی ئیدارەى خۆسەر کۆتایی پێدەهێنێت.
- زیادکردنی کۆنترۆڵی تورکیا بەسەر پێشهاتەکانی باکووری سوریا: تورکیا وەک گەمەکارێکى سەرەکی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا مامەڵە دەکات و ئەگەر پێویست بکات ڕێگەی سەربازی بۆ ڕێگری لە دروستبوونەوەى یەپەگە بەکاردەهێنێت.
- لاوازکردنی هەڵوێستی پەکەکە: بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی پەکەکە لە دژی تورکیا خۆشدەکات.
ستراتیژی تورکیا لە داهاتوودا
تورکیا ستراتیژێکی سێ لایەنە پەیڕەو دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێککەوتنەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی جێبەجێ دەکرێت:
- پاراستنی فشارە سەربازییەکان: تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەدژی هێزەکانی هەسەدە و پەکەکە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە کشانەوەیەک لە ڕێککەوتنەکە بکات.
- دانوستانی دیپلۆماسی: ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشق و واشنتۆن پەیوەندی دەکات بۆ دڵنیابوون لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی هەسەدە.
- ئیدارەدانى پێشهاتە ناوخۆییەکانی ناو پەکەکە: تورکیا بە دروستکردنى کاریگەری لەسەر پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە پەکەکە، کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دروست دەکات.
ئەنجام
ئەم ڕێککەوتنە بە خاڵی وەرچەرخان لە پێشهاتەکانی شەڕی سوریا و سیاسەتی ناوچەیی تورکیا دادەنرێت، هەرچەندە ئەنقەرە لەم ڕێککەوتنە وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەڕوانێت، بەڵام ئاڵنگارى زۆریش لە بەردەم جێبەجێکردنیدا هەیە، تورکیا هێشتا ئازادیی کارکردنی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا پاراستووە و ئەگەر هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی سەرهەڵبدات، پێدەچێت سیاسەتەکانی خۆی لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان بگونجێنێت.
