دوژمنانی کورد دوژمنانی خودان

فارس نەورۆڵی
3 ڕۆژ لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
خوداوەند مرۆڤی دروستکرد هەتا جیهان ئاوەدان بکاتەوە و جوانتری بکات، لەناو مرۆڤەکاندا نەتەوەی جیاجیا و ئاینی جیا هەیە، ئەمەش نیشانەی فرەچەشنی دروستکراوەکانی خودان، ئەم فرەچەشنی و فرەڕەنگیە بۆ ئەوەیە پێمان بڵێ ژیان بە جیاوازیەکانەوە جوانن هەر دروستکراوێکیش ئەرکێکی هەیە بۆ ئەوەی تابلۆ گەورەکەی ژیان جوان بکات، بەڵام بەپێچەوانەی ئەرکی خۆیەوە مرۆڤ و نەتەوەکان ڕێگای وێرانکردن دەگرنەبەر، ئەگەر سەیری کورد و نەتەوەکانی دراوسێی بکەیت دەبینین ئەو نەتەوانە بە بەردەوامی ئەفسانە بۆ خۆیان دروستدەکەن، شانازی بەخۆیانەوە دەکەن تاکەکانی دەخەنە کەڵکەڵەی وەک نەتەوەی پیرۆز و باڵا خۆیان دەبینن، حیکایەتێکیان بۆ دروستدەکەن، کە هەستکردن بە گەورەیی ناسنامەی خۆیان فەرمانی ئیلاهی جێ بەجێدەکەن، بەڵام بینینی کورد بە وەحش و مرۆڤی شاخاوی و دژە دین و جنۆکە، بووەتە حیکایەتێکی بەردەوام ناو بەناو نوێی دەکەنەوە بەناوی ئاینەوە ئەنفالمان دەکەن و ئەفسانەی تازە دروستدەکەن بۆ ئەوەی لای میللەتەکەی خۆیان شەرعیەت بە کارە ناشەرعیەکانی خۆیان بدەن، کە کورد و کوردستان هۆکاری کێشەن بۆ جیهانی ئیسلامی و تێکدانی ڕیزەکانی ئوممەتی ئیسلام، بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن بۆ دەوڵەت بۆ ئەوان ڕەواو بۆ کورد ناڕەوا! ژیان بۆ خۆیان ڕەوا و مەرگ بۆ کورد ڕەوا! لەکاتێکدا هەموومان یەک خودامان هەیە هەموو جیهان و پێکهاتەکان دروستکراوی خودان و ئەرک و مافی خۆیان هەیە، بەڵام دوژمنەکانی کورد دێن ئینکاری ئەم مافە خوداییە دەکەن، هەتا ئێرە دەڵێین ئەمە دوژمنە، کارەسات و سەرگەردانی لێرەدایە لەناو کورددا، دەنگی ناشاز پەیدا بووە ساڵی نوێی کوردی و جەژنی بەهار و نەورۆز بە جەژنی ئاگرپەرست و شەیتان باسدەکات، لەکاتێکدا عەلامە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دەڵێت: (لەسەردەمی ئیمامی عەلی دا لە نەورۆزدا شیرینی دابەشکراوە) بۆیە دەبێت دوژمنانی کورد و ئەو دەنگە ناشازانەی ناو کۆمەڵگەی کوردی ئەوە بزانن، کە ئەوان دوژمنی خودان، چونکە کورد و کوردستان دوو دیاردەی خوداین کولتور و فەرهەنگی خۆی هەیە، کەواتە لۆژیک پێمان دەڵێ دژایەتی کورد و کوردستان دژایەتی خودایە لە ڕێگای دوژمنایەتی دوو دیاردە و دوو دروستکراوی خودا، کە کورد و کوردستانە.
