كووچك لە ئاگر گەرمترە

د. ئیدریس عەبدول کاکە
3 ڕۆژ لەمەوپێش
د. ئیدریس عەبدول کاکە
نەورۆزی ئەمساڵ کەوتۆتە نێو مانگی پیرۆزی رەمەزان و کوردزمانانیش بەشێوەیەکی گشتی موسوڵمانی سونی مەزهەبن و پابەندن بە رۆژو گرتن و پێداویستیەکانی تری ئەم مانگە پیرۆزە، ئاشکرایە رۆژوەوان بەهۆی خۆگرتنەوە لە خۆراک و خواردنەوە و تێک چوونی سیستەمی رێکخستنی نوستن و خۆراکی پێویستی بەپشوودانی زیاتر ئەبێت و حەوسەڵەیەی چوونە دەرەوەو ئاهەنگ گێرانیشی تا رادەیەکی زۆرنامێنێت. بەڵام نەورۆزی ئەم ساڵ سەرەڕای ئەوانەش نەورۆزێکی جیاوازتر دەرکەوت بەبەراورد بە نەورۆزەکانی پێشتر.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵی بوو جۆش وخرۆشی ئەم ساڵ لە ڕادەبەدەر لە ئاستێکی بەرزدا ئەبینرا. ئەگەر تەماشای رۆژهەڵات بکەین ئەبینین سەرەڕای قەیرانی قورسی دارایی و بوونی رژێمێکی ئاینی و مەزهەبی، گوند و شارەکانی رۆژهەڵات تاویان سەندووە و خۆیان خاکی پۆش کردووە و بەجامانەی کوردەواری و دەسماڵی سورەوە موژدەی ئاسۆیەکی روون بە جیهان ئەدەن. لە باکور و باشور و رۆژئاواش مەشخەڵی نەورۆز بە شکۆوە بەرز کرایەوەو کوردی بە هەموو دەنگ و رەنگەکانەوەوە لە دەوری بڵێسەی ئاگرو سەدای ئامرۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە کۆکردەوە.
ئەوەی کە زیاتر جێگای دڵخۆشی بوو کوردانی هەندەران لە زۆربەی وڵاتان دەست لەناودەست پێکەوە ئەم جەژنەیان پیرۆز کردو سنورە دەستکردەکانی نێوان هەر چوارپارچەی کوردستانیان تێک شکاند، ڕەوەندی کورد ژمارەیەکی گەورەیە لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا بەڵام بەداخەوە تاکو ئەمرۆ وەکو پێویست نەتوانراوە بەیەکگرتوویی کۆبکرێنەوەو بتوانن لۆبی بۆ مافە راستەقینەکانمان بکەن، هۆکاری سەرەکیش ململانێی حزبی و ناتەبایی نێوخۆ بووە کە ئەو ڕەوەندە گەورەیەی پشتگوێ خستووە.
نەورۆزی ئەم ساڵ دەرگایەکی بە رووی هەمواندا کردۆتەوە تاکو سود لەو دەرفەتە وەربگرن و بۆ بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی تێبکۆشن و هەوڵبدرێت کۆنگرەی نەتەوەیی لە خەونەوە بکرێت بەراستی تاکو ئەم هێزە گەورەیەی کورد لەدەرەوەی کوردستان ببن بە کارتێکی فشار بۆ چارەسەر کردنی ریشەیی دۆزی کورد.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی جێگای داخە بوونی هێڵێکی توندرەوی تەکفیریە کە زیاتر لە باشوری کوردستان چەکەرەی کردووەو هەوڵی نامۆ کردنی نەورۆز دەدات لە ژێر ناوی ئاگرپەرستی و زاڵ کردنی مۆرکی ئاین بەسەر نەتەوەدا، بەداخەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەرئەنجامە و هۆکارەکان روونن کە بۆچی لە نێو میللەتێکدا کە چەندین سەدەیە ئەچەوسێتەوە لەسەر دەستی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە و تاکو ئەمرۆش لە قۆناغی بەرگری و رزگاری نیشتیمانیدایەو کەسانێکی بێ ئاگا لە مێژوو بوون بەداردەستی بێگانەو دژ بە سومبولی نەتەوەیی خۆیان بازاری نەیاران گەرم ئەکەن.
هاونیشتیمانی کورد پێویستە مێژووی نەتەوەکەی خۆی بزانێت تاکو لە رووداوەکانی ئەمرۆ بگات، بۆیە هیوادارم هەموو کوردێکی موسوڵمان ئەوە بزانێت کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام تەمەنی ١٤٠٠ ساڵە بەڵام مێژووی نوسراوی کورد ئەگەرێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش لە دایک بوونی عيسا سەلامی خوای لەسەر بێت، ئەوە جگە لەوەی کە پێغەمبەر ئیبراهیم کە بەباوکی پێغەمبەران ناسراوە لە خاکی کوردستان ژیاوە، هەروەها خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا کاتێک باسی پێغەمبەر نوح دەکات کەشتیەکەی لە کوردستان لەنگەری گرتووەو ئەم خاکە بەپیرۆز وەسف ئەکات. کەواتە کورد نەتەوەیەکە خاوەن مێژوویەکی کۆن و خاکێکی بەپیتەو خاوەنی ئیمبراتۆریەتی گەورە ماد بووە، بۆچی ئەم نەتەوەیە شایستەی کیانیکی سیاسی تایبەت بەخۆی نەبێت؟
بۆیە ناکرێت کوردێکی موسوڵمان بێ رێزی بە هاوزمانان و هاوخوێنی خۆی بکات و لە گەورەیی و بەنرخی نەتەوەکەی کەم بکاتەوە چونکە ئەوەی هەندێک لە کوردی موسوڵمان بەرامبەر نەورۆز و جەژنی نەتەوەیی ئەیکەن عەرەبێکی سعودیە کە لە هۆزی قورەیشە نایکات، بۆیە بەداخەوە ئەم جۆرە کەسانە بەوە وەسف ئەکرێن کە کوچک لە ئاگر گەرمترە.
