خۆپیشاندانەکانی تورکیا
.jpeg)
شادمان مەلا حەسەن
3 ڕۆژ لەمەوپێش
شادمان مەلا حەسەن
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی تورکیا لەلایەن گەورە پارتی ئۆپۆزیسۆن؛ پارتی گەلی کۆماری، زۆر کەس لە ئاستی سیاسی و هاوڵاتی بەتایبەت جۆرێک لەهاوسۆزەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و ئاک پارتی پێیان وابوو هیچ کاریگەریەکی نابێت. لەهەمان کات زۆری میدیا دیار و بەناوبانگەکانی جیهان و عەرەبیش خۆیان لێ بوارد، بەلام بەردەوام بوون و فراوان بوونی وایکرد میدیاکان بێنە سەرخەت. ئەمڕۆ سەرۆککۆماری تورکیا دانی بەکاریگەری خۆپیشاندانەکان نا. دارودەستەی ئاک پارتی و هاوسۆزەکانیش کەوتنە هۆنینەوەی سەردوڵکە. چونکە ئەردۆگان گوتی ئەم خۆپیشاندانانە زیانی گەورەی لە ئابووری تورکیا داوە، دەستەو دایرەکەش بۆیە تۆمەت بۆ خۆپیشاندانەکان دروست دەکەن. لەو ڕۆژەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەمبۆل دەرچووە و خۆپیشاندان دەستی پێکردووە،کە هەفتەیەک نیە، حکومەت لەیەدەگی خۆی ٢٨ ملیار دۆلاری لە بۆرسەی وڵاتەکەی کردووە تەنها بۆ ئەوەی داڕمانی لیرە ڕابگرێ یان هێواشی بکاتەوە. دان پێدانانەکەی سەرۆکی تورکیا لە ڕوانگەی ئابووری بۆ ئەوەیە سۆزی خەڵک ڕاکێشی ، لەلایەکی تریش تەنگاو بوونە کەوا گیرفانی حکومەت پارەکەی کەسکی تەواو دەبێت، هیچی تر ناتوانی بەربەست بۆ لیرە دابنێ تاکو دانەڕمێ. ئەردۆگان لە ڕابردوو هەمیشە لە سناریۆ ناوخۆیی و دەرەکیەکان سەرکەوتوو بوو. بەلام ئەم جارە سیناریۆکەی خراپ کەوتۆتەوە، دیارە ئەوەی سیناریۆکەی بۆ داڕشتووە هەر بە فۆڕمی کورد و ئەرمەن و بەشار تێگەیشتووە. ئۆپۆزیسۆن تازە چووە قۆناغێک ناتوانێ پاشەکشە بکات. چونکە پاشەکشەکردنی واتە پوکانەوە. بەبەردەوامی ئاسۆیەکی لێبەدەرکەوتووە، ئیمام ئۆغلو تازە بووە ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەردۆگان لە بەندیخانە بێت کێشە تەواو نابێ ، بێتە دەرەوە ڕاناوەستێ. کەواتە سیناریۆکەی ئەردۆگان تووشی خەربەتە بوو .چونکە ماوەی نەماوە کار بۆ گۆڕینی دەستوور بکات. هەڵبژاردنی پێش وەختیش داوای جەهەپەیە. لەو بەینە بۆ کورد زۆر باشە چونکە هێزی کوردی لەشەقامی تورکی ژمارەیەکی گەورەیە بۆ یەکلایکردنەوە، بۆیە جەهەپە و ئاک پارتی موجامەلە و جۆرێک لە پیا هەلگوتن بە کورد دەکەن. کورد چی بکات پێم وایە کورد لە تورکیا لەهەموو بەشەکانی تر دامەزراوترە، کەسی باش و لێزانیشیان هەیە، بۆیە خۆیان دەزانن چۆن یاری لەگەل کارتەکان بکەن، باوەڕناکەم زۆر پێویستیان بە ئامۆژگاری سیاسەتمەدارەکانی هەرێم هەبێ.ڕۆژانی داهاتوو بەرچاو ڕوونی زیاتر لە ڕووداوەکان دەبێت.
