ئیسرائیل و کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای ڕووخانی ئەسەد

بەختیار ئەحمەد ساڵح
5 ڕۆژ لەمەوپێش
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە گۆڕانکاری قووڵی لە سەر ئاستی سیاسی و سەربازیدا بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەتی دوای دیاربوونی ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە). لەگەڵ ڕوخانى ڕژێمەکەى ئەسەد و زیادبوونی دەستێوەردانەکانی تورکیا، ئیسرائیل ناچار بوو بە دیدگای خۆی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بچێتەوە بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندییە مێژووییانەی کە لەگەڵ کوردا هەیبوو لە ڕابردوودا. لەم ڕاپۆرتە شیکارییەدا هەوڵدەدرێت پێشهاتەکانی ئەم پەیوەندییە و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی سیاسی و سەربازی ناوچەکە شی بکرێتەوە، بە گرنگیدان بە بەرژەوەندیی هاوبەش و ئاستەنگ و سیناریۆکانی داهاتوو.
- پێشەکی
ئیسرائیل لە مێژە هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ کەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی. کورد مێژوویەکی دوور و درێژی پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانى سەدەى پێشوو، کاتێک ئیسرائیل پشتیوانییەکی سنوورداری لە جوڵانەوەى ڕزگارى خوازى کورد کرد لە عێراق و ئێران. لە ئێستادا پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پرسێکی ئاڵۆزە کە پەیوەستە بە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە.
- بەرژەوەندی ئیسرائیل لە پشتیوانیکردن لە کورد: پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئیسرائیل بۆ پشتیوانیکردن لە کورد بریتین لە:
- تێکدانی هەژمونى تورکیا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو گرژییەی لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیادا هەیە.
- لاوازكردنی هەژمونى ئێران لە سوریا.
- بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان کە دەتوانن هاوپەیمانی داهاتوو بن.
- ئاستەنگ لە بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکان: سەرەڕای پاڵنەرەکانی هاوکاری، بەربەستی گەورە لەبەردەم قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و کورد لە سوریادا هەیە:
- گوشارەکانی تورکیا: لەگەڵ فراوانبوونی هەژمونى تورکیا لە باکوری سوریا، بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەرەو بەریەککەوتن ملدەنێن بە تایبەت ئەگەر ئیسرائیل بڕیار بدات پشتگیری لە هەسەدە بکات. لێدوانی گشتیی هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆ پشتیوانی لە کورد، لەلایەن تورکیاوە وەک سیاسەتێکی دوژمنکارانە لێکدەدرێتەوە، تورکیا هەرچەشنە هاریکارییەکی کورد و ئیسرائیل بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت، ئەمەش وای لێدەکات ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگرێتەبەر.
- دابەشبوونە ناوخۆییەکانی کورد: ئیسرائیل لە مێژە پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەیە، کە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و (هەسەدە) ناکۆکی هەیە. ڕەنگە پاڵپشتی لە هەسەدە پێگەی ئیسرائیل لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاواز بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاڵۆزتر بکات.
- سیناریۆی داهاتوو: دەکرێ چەند سیناریۆیەک بۆ ئایندەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کورد لە سوریا پێشبینی بکرێت:
- قووڵکردنەوەی هاوکاریی شاراوە: بەردەوامی پشتیوانیی ڕانەگەیەندراوی ئیسرائیل بۆ کورد، بەتایبەتی لەسەر ئاستی هەواڵگری.
- لێکنزیکبوونەوەی گشتی: ئەگەر پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ڕژێمەکانی سوریا و تورکیا تێکبچێت، ڕەنگە کورد هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بدات.
- پاشەکشێی پەیوەندى: ئەگەر زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ڕێگری لە دروستکردنى پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد، ئەگەر هەیە ئەم پەیوەندییە پاشەکشە بکات.
ئەنجام
هەرچەندە هاندەر بۆ دروست بوونى پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، بەڵام ئاستەنگە سیاسی و سەربازییەکان وا دەکات کەنەتوانرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ کورد ڕابگەیەنێت. هەڵوێستى ئیسرائیل بەرامبەر بە کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتۆتە ژێر کاریگەرى پرسگەلێکی ئەمنی و ستراتیژییەوە کە لە پاڵپشتیکردنی کەمینەیەکی نەتەوەیی یان گروپێکی سیاسی دیاریکراو تێدەپەڕێت، ئیسرائیل لە دۆخێکی هەستیاردایە، سوود لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا وەردەگرێت، دەیەوێت هەژمونى ئێران جڵەوبکات و ترسی لە فراوانبوونی هەژمونى تورکیاش هەیە، هەر لەبەر ئەوە ناتوانێت بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات بەبێ تێچووی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی.
