لایەنیكەم تا مانگی 7 حكومەت دروستنابێت، رەنگە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق

سەرتیپ جەوهەر

5 ڕۆژ لەمەوپێش



🔹 پارتی پەلەی پێكهێنانی حكومەتی نییە و یەكێتیش چاوەڕوانیی گۆڕانكارییەكان دەكات

🔹 بەپێی دابەشكردنی كورسیەكان پارتی 12 وەزارەت و یەكێتیش 8 وەزارەتی بەردەكەوێت

🔹 پارتی نایەوێت دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆو شارەوانیی و پەیوەندییەكان و سامانە سروشتیەكان ببێت

✍️ سەرتیپ جەوهەر

دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت زیاتر دەردەكەوێت، هێشتا دیار نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئەگەرانەی بەردەستن زۆر زیاتر دوادەكەوێت كە رەنگە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عێراق. ناكۆكی سەرەكیی نێوان پارتی و یەكێتیش وەك لێرەولەوێ‌ دەخرێتەڕوو لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان و هەندێك لە وەزارەتە گرنگەكان و پرسی حكومەتی بچوككراوەی ناو ئەنجومەنی وەزیرانە كە زۆربەی دەسەڵاتی وەزارەت و دامودەزگا باڵاكانی حكومەتی ئەغزكردووە و ئێستا ناونراوە حكومەتی سێبەر.

بەپێی زانیاریی نوێ‌ تا كۆتایی مانگی داهاتوو هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ كۆبونەوەی پارتی و یەكێتیی لەسەر پێكهێنانی حكومەت و هیچ لەگۆڕێ نییە. كەوایە لە باشترین حاڵەت (ئەگەر ببێت) كۆبونەوەی پەرلەمان بكەوێتە سەرەتای مانگی 5 بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەوا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دواتر راسپاردنی پێكهێنانی حكومەت دوو مانگی پێویستە،  واتە لە باشترین حاڵەتدا پێكهێنانی حكومەت دەكەوێتە مانگی 7ی داهاتوو، بەڵام بەهۆی چاوەڕوانیی ئەگەری گۆڕانكاریی لەناوچەكە رەنگە هەردوولایەنی سەرەكیی (پارتی و یەكێتیی) ئەوەندە ئارەزووی دروستكردنی كابینەی نوێیان نەبێت.

پێناچێت پارتی و یەكێتیی جگە لە توركمان و مەسیحیەكانی (خۆیان) و حزبی سۆسیالست دیموكرات هیچ حزبێكی دیكە لەم كابینەیە بەشداری پێبكەن. هەرچەندە تەنها كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامیی و بزوتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی رایانگەیاندووە بەشداری لەحكومەتدا ناكەن. بەپێی ئەم مەنتقی بەركەوتەی پەرلەمانی (پارتی 42 كورسی و یەكێتیش 25 كورسی) لە كۆی 21 وەزارەتی حكومەت پارتی لانیكەم 12 وەزارەت و یەكێتیش 8 وەزارەتی بەردەكەوێت، رەنگە هەریەكەیشیان لە پشكی خۆیان وەزارەتێك بدەنە ئەو پێكهاتانەی (خۆیان). ئەمە جگە لەهەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكە و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی و دەستەكان كە هەندێكیان سەرۆكەكەیان پلەی وەزیرە.

جگە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، هەردولا ناكۆكیان لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان و ئەنجومەنی دادوەریی هەیە، بەڵام گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان لە بازنەیەكی زۆر تەسكدا بەڕێوەدەچێت رەنگە وتەبێژەكانیش شتێكی ئەوتۆ نەزانن، بۆیە تائێستا هیچ زانیارییەكی رەسمیی بەردەست نییە، ئەوەی هەیە پارتی دەیەوێت دەستبەرداری چەند وەزارەتێك نەبێت لەوانە ناوخۆ، شارەوانیی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، سامانە سروشتیەكان، بەڵام یەكێتیی داوای وەزارەتی شارەوانیی و ناوخۆی كردووە.

خولاسە، پارتی زۆر تەنگاو نییە بۆ پێكهێنانی حكومەت، چەنكە هەژموونی تەواوی بەسەر حكومەتدا هەیەو پەرلەمان پەكی كەوتووە، بۆیە هەر خۆی بڕیاربەدەستی یەكەمی حكومەتەو هیچ دسەڵاتێكی چاودێریش بەسەر حكومەتەوە نییە. یەكێتیش رەنگە چاوەڕێی گۆڕانكارییەكان بكات بەڵكو لەو رێگەیەوە بتوانێت فشار لەپارتی بكات، بەڵام ئەنجام دواكەوتنی حكومەت بەدڵنیاییەوە زیانی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان هەیە بەتایبەتیش لە غیابی پەرلەمان  (ئەگەرچی زۆر لاوازە) بەڵام حكومەت بەئارەزووی خۆی و بەبەرچاوی ئۆپۆزسیۆنێكی بێدەنگەوە بڕیاری ناقانونی و نادەستوریی بەسەر خەڵكی كوردستاندا دەسەپێنێت و گرێبەستی گەورە دەكات بۆ بەتایبەتكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكومەت وەك كارەباو تەندروستیی و شارەوانیی و تاپۆ و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار