ئیسرائیل بە بۆردومانی تەدمور چی پەیامێکی بە تورکیا و دیمەشق دا؟
.jpeg)
سەلاح خدر
5 ڕۆژ لەمەوپێش
ئایا دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
سەلاح خدر
بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی پێنجی شوباتی ٢٠٢٥ لەنێوان ئەبومحەمەد جۆلانی سەرۆکی کاتی سوریا و ئەردۆغاندا کراوە ڕێگا بە تورکیا دەدرێت سێ بارەگای سەربازی لە سێ هەرێمی جیاوازی لەسەر خاکی سوریا بکاتەوە.
کە یەکێکیان بارەگاییەکی مەزنی سەربازی لەناوچەی تەدمور (پالمێرا)ی سوریا دەبێت مەزن هێندەی بارەگای ئاسمای ڕامشتاینی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا کە پێنج هەزار و ١٠٠ دۆنمە.
ئەو شوێنەی تورکیا بەنیاز بوو لە تەدموور بارەگاکەی لێبکاتەوە نزیکەی تەنها ٥٠٠ کیلۆمەتر لە سنوری ئیسرائیلەوە دوورە.
بەڵام بەرلە هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ کردنەوەی ئیسرائیل دوێنێ و ئەمڕۆ بارەگای تەدموور و ئەلتیفوری سەربازی کە ئەوە دووهەمیان دەکەوێت ٥٠ کیلۆمەتری تەدمورەوە بەبۆردومان کاولی کردن.
ئەو بۆردومانەی ئیسرائیل هەم پەیام و هۆشیارییەکی سیاسیە بۆ ئەنقەرە کە ڕێگا پێدراونیە هیچ بارەگایەکی سەربازی لەسەر خاکی سوریا بکاتەوە هەمیش هۆشیارییە بۆ دیمەشق ئەگەر گوێڕایەڵ تەلئەبیب نەبیت چارەنوسی حەسەن نەسروڵات دەبێت.
ئیسرائیل مەحاڵە ڕێگا بادات سوریا ببێتە میحوەرێک بۆ تورکیا کە لێیەوە درێژببێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دروست بکات.
بۆچی تەدموور؟
زانیراوە کە هێشتا بەشێکی زۆر لە شانە نوستوو و شاراوەکانی داعش لە بیابانەکانی بادیەی سوریا و تەدمووردا ماون و هاتن و چوون دەکەن.
دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات ئەو تیرۆریستانە ڕێکبخاتەوە و جارێکی دیکە بۆ بەجێگەیاندنی ئەجەندا و پلانە هەرێمییەکانی چالاکیان بکاتەوە، وەک چۆن لەڕێی بارەگا سەربازییەکەیەوە لە باشیقەی موسڵ داعشەکانی دەشتی نەینەوا کۆردینە و ئاڕاستە دەکات.
لەهەمان کاتدا تورکیا بەبوونی سەربازی لە تەدموور کەلە سنووری ئیسرائیلەوە نزیکە و دەتوانێت لەو دەڤەرە ببێتە هەڕەشە لەسەر تەلئەبیب و ڕێگری لە پلان و ستراتیژی ئیسرائیل - ئەمەریکا و نەخشە نوێیەکەیان لە هەرێمەکە بکات.
ئەگەرچی ئیسرائیل لە ئێستادا نایهەوێت بکەوێتە پێکدادانێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ تورکیا، چونکە بۆ ئەو ئەولەویەت ئێرانە، بەڵام هەژموونی تورکیا لە سوریا بەمەترسی بۆخۆی دەزانێت و هەتا دوایی ڕێگری لێدەکات، بەتایبەت دوای لاوازکردنی ئێران ڕێگا نادات هێڵی تورکیا بەهێزبێت و گەمارۆی بدات.
تورکیاش سوریا بەباخچەی پشتەوەی خۆی دەزانێت و پێوایە ڕوخانی ئەسەد سەرکەوتنی مەزنی بۆ تورکیا لە سوریا هێناوە تا لێیەوە سیاسەتی هەژمونگەرایی خۆی فراوانتر بکات.
بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیایە لە ئێستادا بۆ ئەمەریکا، کە بەپێی ئاژانسەکان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەیدا لە ئەمەریکا باسی هەڵگرتنی سزاکانی یاسای کاتسا و فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف35 بە تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە دەکات، باس لەوەش دەکرێت کە ترامپ ڕازی بووە بەفرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەم کاتەدا کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە هەڵکشاندایە و لەناوخۆشدا خۆپیشاندانەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنگی بە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان هەڵچنیووە ئەمەریکا ڕەزامەند دەبێت بەفرۆشتنی ئەو فڕۆکەیە بەتورکیا کە دەستی سەربازی ئەردۆغان بەهێز دەکات؟
