ئەردۆگان یان خامەنەیی!

خەبات کوردە
5 ڕۆژ لەمەوپێش
خەبات کوردە
بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل، ئەردۆگانی توندڕەوی ئیخوانی یان ئایەتوڵا خامەنەئی توندڕەوی شیعە مەزهەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ لە جێبەجێ کردنی پلان و سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا دەگۆڕێ!؟
لە دوای ڕوخانی دیکتاتۆرەکەی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بە پارەی هەر یەکە لە قەتەر و سعودیە و ئیمارات دژایەتی داگیرکاریەکانی هاتنی سوپا ٢٤٠ هەزار سەربازیەکەی ئەمەریکا سەریهەڵدا و تا عێڕاق نەکرایە گۆمی خوێن و شەڕی تایەفیان پێنەکردن هێزەکانی ئەمەریکا نەکشانەوە!
لەو ناوەدا ئەردۆگانێکی توندڕەوی ئیخوانی هاتە ناو هاوکێشەکە و هەتا نیوەی سوریا و لایەکی عێڕاقیشی پێ کاول نەکرا ئەمەریکا دڵی دانەکەوت، چونکە بە هەزاران کوژراو و پەککەوتەی سەربازەکانی ناو کۆمەڵگای ئەمەریکای تەنیبوو .
لە ئەنجامی پەلهاویشتنەکانی هیلالی شیعە و باڵادەستی لە یەمەن و عێڕاق و سوریا و لوبنان ترس گەیشتە نێو ماڵی ئیسڕائیل و کارەساتی ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لێکەوتەوە، درۆن و ساڕوخی ئێرانی بۆ دووەم جار لە مێژودا ئیسڕائیلی هەژاند و خەریک بوو فەشەل بە هەموو پلانەکانی ڕۆژئاوا بهێنێ!
لێرەدا ئەمەریکا تێگەیشت کە ئێران لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوە و پێویستیەکی حەتمیە کە کلک و باڵ و گوێیەکانی ببڕدرێن ئەگەر بە کۆتایی دەسەڵاتی شیعەگەریش بێ!
لە بەرامبەریشدا ئەردۆگان نەک هەر کاری زیندو کردنەوەی سوننەی توندڕەوی بەڵکو ئەویش بە خەونی گەڕانەوەی سوڵتانیەت و هەڕەشە کردنی لایەکی ئەوروپا، بڵاوەی کرد و گەیشتە لیبیا و سودان و چەند دوڵەتێکی ڕەش پێستیش!
بەڵێ غەززە کاول بوو و حەماس و جیهادیش تاوانەوە، حیزبوڵای لوبنان و ئەسەد و شیعەی سوریاش داڕمان، لە ئێستاشدا پاکتاوی یەمەن دەکرێ و خەریکە شیعەی عێڕاقیش جوجکە ترسێن دەکرێن، بەڵام سەری مارەکە لە قوم و تاران هەر لە جوڵەدایە و ڕۆژانە ژەهرفڕێدەدا و چاوەڕێی مەرگی خۆیەتی لە هەر ئانوساتێکدا.
لە ئێستادا ئیمارات بە هەزار و سەد ملیار دۆلار و سعودیە بە هەزار ملیار دۆلار سەری خۆیان بۆ ئەمەریکا چاککردۆتەوە و پارەی قەتەریش هەڵڕژاوە بۆ تورکیا و ڕۆژانە دەدرێ بە چەک و جبەخانەی تورکی و ڕەوانەی سوریا دەکرێ!
لە گەڵ نزیک بوونەوەی مەرگی توندڕەوی شیعە ، ئەردۆگانی ئیخوانی بۆتە باڵادەست و خەریکە تەواوی سوریا داگیر دەکات و خوازیارە دەوڵەتێکی توندڕەوی هاوشێوەی ئەفغانستان لە سوریا ئاوەدان بکاتەوە و ببێتە جیرانێکی خراپی دەوڵەتی جولەکە!
ناو بەناویش هەڕشەیەک لە ئیسڕائیل دەکات و دەیەوێ ئاسمانی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات و زوو زووش خۆی دەبورێنێتەوە، چونکە چەند ڕۆژێکە دەنگۆی ( بارکە و بڕۆ ) شەقامی تورکیای هەژاندوە، بەڵام بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل، ئەردۆگان تا ئێستا لە ڕێڕەوەکەی لای نەداوە و نە بۆتە ڕێگر و تەواوی پلانەکان جێبەجێ دەکات!
دڵنیاش بن هەتا نەبێتە هەڕەشە و ڕێگر و دژی پلانەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل نەوەستێتەوە یان بە چەند ساڕوخێک ئیسڕائیل نەهەژێنێ و یەک دوو فڕۆکە یان دەبابەی ئیسڕائیلی نەپێکێ، هەزار ڕۆژیش نیوەی دانیشتوانی تورکیا بێنە سەر شەقامەکان تەققەی سەری دێ!
