ئێران لە سەروبەندى لەدەستدانى عێراقدا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

22 كاتژمێر لەمەوپێش



بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی

ساڵانێکە عێراق گۆڕەپانی سەرەکی فراوانکردنی هەژمونى ئێران و تاقیگەی ستراتیژی پڕۆژەی بەرەى موقاوەمە بووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ تا بەهاری ٢٠٢٥، پێشهاتە سیاسییە خێراکان لە عێراقدا دەریدەخات کە هەژمونى کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەدا بەرەو داڕمان دەچێت؛ دەرفەتێک کە ڕەنگە ئەمریکا بۆ لاوازکردنی تاران سوودى لێوەربگرێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەستێوەردانی سەربازی هەبێت، پرسیارى سەرەکى لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت ئەم دەرفەتە مێژووییە بەکاربهێنێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەى نەزمی سیاسی لە عێراق؟ وە ئایا ئێران لە لێواری لەدەستدانی گرنگترین کارتی ناوچەیی خۆیدایە؟

عێراق، چەقی ستراتیژیی ناوچەیی ئێران

لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، عێراق تەنیا لە ڕووى جوگرافی دراوسێ نییە، بەڵکو لە ڕوانگەی ئابوورییەوە دووەم گەورەترین بازاڕی هەناردەکردنی کاڵاى نا نەوتی ئێرانە لە دوای چین و بە ڕێڕەوێک دادەنرێت بۆ دەربازبوون لە سزاکان لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوت بە نهێنی و بازرگانی نایاساییەوە، لە ڕوانگەی ئەمنیشەوە ئێران پشت بە تۆڕێک لە هێزە چەکدارە شیعەکان دەبەستێت وەک عەسایبى ئەهلی حەق و کەتیبەکانى حزبوڵڵا کە پێکهێنەرى سەرەکى هێزەکانی حەشدی شەعبیین، لە ڕوانگەی ستراتیژیشەوە عێراق خاڵی پەیوەندی وشکانییە لە نێوان تاران، دیمەشق و بەیروت و ئامرازێکی لۆجستیکی گرنگە بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئێران بەڵام لەئێستادا و بە هۆی پێشهاتە نوێکان، ئەو هەژمونەى تاران لەژێر هەڕەشەی جیدیدایە.

نیشانەکانی لاوازبوونی کاریگەری ئێران لە عێراق

  1. ڕاگرتنی هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2024ەوە بەهۆی نیگەرانییەکان لە وەڵامدانەوەی توندی واشنتۆن.
  2. ئیمتیازاتی چاوەڕواننەکراو لەلایەن حکومەتی محەمەد شیاع سودانیەوە بۆ ئەمریکا، لەوانە ئازادکردنی توێژەری ئەمریکی ئەلیزابێس تسورکۆف، دابینکردنى بودجە بۆ هەرێمی کوردستان و کشانەوەی فەرمانی دەستگیرکردنى دۆناڵد ترەمپ.
  3. دابەزینی هەژمونى ئێران لە لوبنان و سوریا دوای لاوازبوونی حزبوڵڵا و کشانەوەی لە بەرەکانی شەڕی سوریا.
  4. پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی تاران سەبارەت بە ئەگەری لەدەستدانی عێراق وەک دوا بنکەی کاریگەریی ناوچەیی.

ئامرازەکانی تاران بۆ پاراستنی هەژمونى خۆى سەرەڕای ئەم پاشەکشانە

  1. دروستکردنى کاریگەرى لەسەر هەیکەلی سیاسی عێراق لە ڕێگەی لایەنە دڵسۆز و هاوپەیمانەکانەوە.
  2. کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەبچێت.
  3. سوودوەرگرتن لە قووڵایی ئایینی و کولتووری عێراق بەتایبەتی لە کەربەلا و نەجەف، هەروەها لە ڕێگەی بوونی ملیۆنان سەردانیکەرى مەزارگە پیرۆزەکان.
  4. کەڵک وەرگرتن لە خاکی عێراق بۆ هێرشی بە وەکالەت دژی هێزەکانی ئەمریکا ئەگەر پێویست بکات.

ستراتیژی ئەمریکا بۆ دابڕاندنى عێراق لە ئێران

پێشبینی دەکرێت ستراتیژی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران لەسەر عێراق ئەم خاڵانە  لەخۆبگرێت:

  1. کۆتاییهێنان بە پشتیوانیکردن لە سەرۆک وەزیرانێکی نزیک لە تاران، وەک محەمەد شیاع سودانی و دوورکەوتنەوە لە شەرعیەتدانیان پێی لە ڕێگەی سەردانکردنى فەرمی بۆ کۆشکی سپی.
  2. چاودێریکردنی وردى هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و سەپاندنی سزاى توند لەدژی هەر دەستوەردانێکی ئێران.
  3. سنووردارکردنی مامەڵەى دارایی بەسەر حکومەتی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە تەرخانکردنی پارەی حکومەت بۆ هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تاران.
  4. سەپاندنى سزا بەسەر تاک و قەوارە ئابوورییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، وەک کۆمپانیاکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی.
  5. هاندانی بەغداد بۆ سەربەخۆبوون و دوور کەوتنەوە لە پشتبەستن بە ئێران لە بوارى وزەدا لە ڕێگەى پاڵپشتیکردن لە پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گازى ناوخۆیی عێراق.
  6. زیادکردنی فشاری سیاسی و ئابووری لەسەر هێزەکانى حەشدی شەعبی بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییان لەسەر بڕیاردانی حکومەتی عێراق.

ئاڵنگارییەکانى بەردەم واشنتۆن لە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانەدا

  1. بوونى ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی کاریگەریی ئێران لە سیاسەتی عێراقدا.
  2. هەستیاری ئایینی – تائیفی کۆمەڵگای عێراقی کە تاران بەڕێوەی دەبات.
  3. نەرمی هەڵوێستى حکومەتی عێراق لە بەرامبەر گوشارەکانی ئێران بەهۆی وابەستەیی ئەمنی و ئابوورییەوە.

دەرئەنجامە ناوچەییەکانی لەدەستدانی عێراق بۆ ئێران

ئەگەر کاریگەریی ئێران لە عێراق بە شێوەیەکی جددی لاواز بێت، دەرئەنجامەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتدا دەبێت:

  1. بڕینی ڕێگای وشکانی لە تارانەوە بۆ بەیروت و دیمەشق و پەکخستنی تۆڕی پشتیوانی لۆجستیکی بەرەى موقاوەمە.
  2. کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا و حوسییەکان لە ڕووی دارایی و چەکەوە.
  3. کردنەوەی بوار بۆ دروستبوونى هاوپەیمانییە ناوچەییە نوێیەکان بە سەرۆکایەتی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا بە پشتیوانی ئەمریکا.
  4. گەڕانەوەی ڕۆڵی حکومەتی نیشتمانی عێراق وەک میحوەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا دژ بە سیاسەتی هێزە بریکارەکانى ئێران.

لێکەوتەى دابڕاندنى عێراق لە ئێران لەسەر هەرێمى کوردستان

لاوازی ئێران لە عێراق ڕەنگه ببێتە هۆى تێکدانى هاوسەنگی هێز لە نێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان و هەژمونى هەولێر بەسەر سلێمانی زیادتر بکات. لە ڕووى ئابوورییەوە کەمبوونەوە و سنووردارکردنی بازرگانی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە فەرمى و نافەرمییەکانەوە لەگەڵ ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری سلێمانی دەبێت کە بەشێکی زۆرى وابەستەی چالاکییە سنوورییەکانە لەگەڵ ئێران، لە ڕووى ئاسایش و سەقامگیرییەوە تاران ڕۆڵی هەبوو لە کۆنترۆڵکردنی هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە کوردییەکان و نەبوونی ئەو ڕۆڵە دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێ ناوخۆییەکان و بۆشایییەک دروست دەکات کە ئەگەر هەیە وڵاتانى دیکەى وەک تورکیا بیقوازنەوە، لە بەرامبەردا ڕەنگە یەکێتى نیشتیمانى زیاتر بەرەو بەغداد یان تەنانەت ئەنقەرە هەنگاوبنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بە لاواز بوونى ئێران دروست دەبێت لە پارێزگاى سلێمانى.

ئەنجام

 عێراق لە لێواری وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. هەرچەندە ئێران هێشتا ئامرازی دروستکردنى کاریگەریی لەسەر عێراقی لەبەردەمدایە، بەڵام واقیعی سەر زەوی دەریدەخات کە ئەمریکا ئەگەر ستراتیژێکی نوێ بگرێتەبەر، دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە عێراقدا بە قازانجی خۆی بگۆڕێ. کەمکردنەوەی هەژمونى ئێران لە عێراق تەنها بە مانای گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە نێوان بەغدا و تاران نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت و ئاڵنگارى گەورە بۆ پێگەی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دروست دەکات بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی فشارەکانی تورکیا و هەولێر لە بەرامبەردا. لە کۆتاییدا هەموو شتێک پەیوەستە بەوەى کە تا چەندە ئێران دەتوانێت پێگە و هەژمونى خۆى لە ناوچەکە و عێراق بەهێزبکاتەوە و تا چەندە ئەمریکاش سەرکەوتوو دەبێت لە کۆتایی هێنان بە هەژموونی دەیان ساڵەی تاران لە عێراق و هەرێمى کوردستان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار