چیرۆکی سەنجەر خانی وەزیری چیمان پێ ئەڵێت!

د. ئیدریس عەبدول کاکە
22 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ئیدریس عەبدول کاکە
سەرنجەر خان ناونیشانی درامایەکە کە بە زمانی فارسی تۆمارکراوە و خۆشبەختانە لەلایەن یەکێک لە کەناڵە ئاسمانیە کوردیەکانەوە دۆبلاژێکی زۆر نایاب کراوە بۆ زمانی شیرینی کوردی، بۆیە هیوادارم هەموو کوردێک ئەو درامایە ببینێت و بەووردی بیری لێ بکاتەوە، چونکە لەوانەیە وەڵامی ئەو پرسیارەمان لێ دەست بکەوێت کە لە هزری زۆربەماندا هەیە.
سەنجەرخان کێیە؟
سەنجەرخان کوری میرزا محەمەدە کە یەکێک بووە لە خانەکانی تیرەی وەزیری و خاوەنی گوندی نەڕانی سەر بە شاری سنە بووە و دایکیشی ناوی جەیران خان بووە کە لە بنەماڵەیەکی ناودار و خانی ئەردەڵانیەکان بوونە، کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ دەسەڵاتداری کوردستانیان (سنە) کردووە.
جەیران خان ژنی دووەمی میرزا محەمەد بوو، دوو کوڕی بە ناوەکانی سەنجەر و یەدوڵڵا هەبووە، لە دوای مردنی میرزا محەمەد، سەنجەر خان بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ براکانی لەبەر جیاوازی بیرکردنەوەیان لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ وەرزێرەکان و داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا، لەم بابەتەشدا خەلیل خانی براگەورەیی و خانە بەرژەوەندخوازەکانی تری وەزیری بەتایبەتی ئاسف خانی ئامۆزایان کە دەستی تێکەڵاو بوو لەگەڵ فەرمانرەوا و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی قاجاری و بەرپرسەکانی کونسوڵگەریەکانی بەریتانیا و روسیا دژایەتی سەنجەریان کردووە و بە کۆسپی گەورەی کارەکانی خۆیان زانیوە، بۆیە سەنجەر خان ناچار بووە گوندەکەی خۆی جێ بهێڵێت بۆ خەلیل خانی براگەورەی و براکانی تری ( کە لە دایکی یەکەمی بوون) و ڕووی کردە ناوچەی کولیایی لە سنووری کرماشان و بوو بە چەکداری ئەمانووڵڵا خانی فەرهەنگ بەهۆی خاڵیەوە.
بەڵام لە ناوچەی کولیاییش پلانیان بۆ دانا و دواجار بەهۆی ئەمیر ئەمجەدخانی کولیایی لەوێش دورخرایەوە و پاشان بەناچاری ڕووی کردە ناوچەی میاوەرانی دێولانی نزیک سنە و هەندێک زەوی و زاری کڕی و بناغەی گوندێکی دانا و دەستی بە کاری جوتیاری و ئاژەڵداری کرد، لە گوندەکەی خانوو و زەوی بە جوتیارانی ناوچەکە دەدا و خەڵکی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و هاوکات لەگەڵ جوتیاری و ئاژەڵداری دانیشتوانی گوندەکەی فێری ئەسپسواری و مەشقی سەربازیش دەکرد. هەر بۆیە حکومەت بۆ دەستگیرکردنی سەنجەرخان چووە قەڵای میاوروران، بەڵام نەیتوانی دەستگیری بکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناو و ناوبانگی سەنجەرخان لە ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی زیاتری هەبێت و ببێت بەخاوەنی لەشکرێکی بەهێز و پر لە جەنگاوەری ئازا.
پاش هەڵگیرسانی شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ سوپای روسیا بەیەکجاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان پاشەکشێی کرد.
بۆیە حکومەتی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی هۆزە کوردەکان و خانەکانی ناوچەکە و چەک داماڵینیان بە پلانێکی نوێ هەندێک کەسی نوێی وەک حاکم و فەرماندەی سوپا ڕەوانەی کوردستان کرد.
لەوانەش محەمەد خانی شەریفولدەولە کە خەڵکی کاشان بوو کرا بە فەرمانڕەوای سنە، شەریفولدەولە پیاوێکی دڵڕەق و بە فێڵ و تەڵەکە بووە و زۆربەی خانەکانی ناوچەکە و ئەو کەسانەی بە پلان لەناو ئەبرد کە لە شەڕی روسەکان و ئینگلیزەکاندا رۆڵیان هەبوو؛ لەوانەش عەباس خانی ئەردەڵان ( سەردار رەشید) ، هەربۆیە ڕقی لە سەنجەر خان هەڵگرت چونکە چەندین پلانی بۆ لەناوبردنی دانا بەڵام بەهۆی زیرەکی و ئازایەتی سەنجەرخان لێی رزگار ئەبوو.
سەنجەرخان چۆن کوژرا؟
شەریفولدەولە لە رێگای ئاسف دیوانەوە فشارێکی گەورەی خستە سەر خەلیل خان و بنەماڵەکانی وەزیری تاوەکو خۆیان رزگار بکەن لە سەنجەر خان و لەبەرامبەردا ماڵ و سامانەکانیان پارێزراوبێت و دەسکەوتی زیاتری مادی و مەعنەوی بەدەست بهێنن، هەربۆیە خەلیل خان رازی بوو بەپلانی لەناوبردنی سەنجەرخان بە مەرجێک کە لە دیوانی شەریفولدەولەدا پۆستی پێبدرێت، بەداخەوە لە ساڵی ١٩١٨ و لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم خەلیل خان بە پیلانێکی قێزەوەن سەنجەرخانی بانگهێشتی ماڵی خۆی کرد لەژێرناوی ئاشتبوونەوە و دروستکردنەوەی برایەتی کە یەکێک بوو لە ئامانجەکانی سەنجەرخان بەڵام نامەردانە و بە دەستی چەکدارە خۆفرۆشەکان و لە سێبەری میوانداریدا خۆی و یەدوڵلاخانی برای و ئەحمەدخانی ئامۆزای لەناوبران، هەرچەندە خەلیل خان دواتر لەم کردەوەیەی خۆی پەشیمان بووەوە بەڵام بێسوود بوو و بە براکوژ و خۆفرۆش ناوی دەرکرد.
لەناوبردنی سەنجەرخان چیمان پێ ئەڵێت؟
سەنجەرخان ئەو شۆڕە سوارەی کوردبوو کە لە بنەماڵەیەکی خانزادە و دەرەبەگی کوردبوو بەڵام هەمیشە لەگەڵ خەمی وەرزێرەکاندابوو، ژیانی خۆی بەخت کرد بۆ خۆشگوزەرانی وەرزێرەکان و لە هەمان کاتتدا جەنگاوەرێکی مەزن بوو بۆ ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەی و خەڵکەکەی لە دەستی داگیرکەران، قەڵاکەشی لە میاوەران بوو بوو بە قەڵای ئازادی خوازان و جەنگاوەرانی کورد.
بەداخەوە دوژمنان زۆر هەوڵیاندا بۆ لەناوبردنی لە رێگای جەنگ و لەشکرکێشی و پلانی جۆراوجۆرەوە بەڵام ئازایەتی و زیرەکی سەنجەرخان هەموو خەونەکانی لەگۆڕنان، بەڵام وەکو ئەڵێن کورد هەمیشە لە رێگای خیانەت و ناکۆکی نێوخۆییەوە گورزی بەهێزی بەرکەوتووە و تاکو ئەم رۆژگارەی ئەمرۆش کورد گیرۆدەی کێشەی ناوخۆییەوە هەمیشە تەنها ئەو ماڵ و سەروەتەی بەموڵکی خۆی زانیوە کە لەژێردەستی خودی خۆیدایە.
سەرچاوەکان
١- ئەو کوردەی روسیا و بریتانیای شکست دا بە خیانەتی براکەی کوژرا.
لە سایتی پەیسەر پرێس وەرگیراوە .
٢- زنجیرە درامای خەنجەرخان لە تەلەفزیۆنی کوردسات.
