لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "٢٢"

عەبدولڕەزاق شەریف

7 كاتژمێر لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

    هەرچەندە ئیشی من نەبو بەڵام لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا، ناوەراستی ساڵی دوهەزاروشانزە لەکۆنفرانسێکی بزوتنەوەکەدا، لەئەوروپا بەشداریمکرد. لەگەڕانەوەمدا، پرسیاری لەسەر کار و کۆبونەوەکان، رەوەندی کورد لەدەرەوە لێکردم.

وتم: پرسی ئامادەبونی "چیا"ی کوڕت لەکۆبونەوە تایبەتیەکاندا رەخنەیەک بو چەند بارە ئەبونەوە.

  ئەم باسەی کۆنفرانسەکەم بۆکرد، بەدوایدا، پێش وەڵامدانەوەی ئەو وتم: پێشنیاز ئەکەم سکرتاریەتێک بۆ مەوعیدی کۆبونەوە و میوانەکان و کارە تایبەتیەکانی خۆت دروستبکەیت،  "چیا" وەک بەڕێوەبەری کارەکانت رابگەیەنین، خۆشت چەند جارێکە باسی بێزاری لەهاموشۆی ناوەختی میوان و هاوڕێکانمان ئەکەیت، تاقەت و حەوسەڵەت نەماوە، گەرنا ئەتوانێت لەپسپۆڕییەکەی خۆیدا، لەیەکێک لەئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەدا، کاربکات، تازە چارەنوسی ئەم کوڕانەی تۆ ئەگەر لەکوردستانا بژین، لەناو ئەم تەلبەندی گردەی زەرگەتەیا ئەبێت.

  لەراستیدا، بێزاری ئەو لەدەست نەخۆشیەکەی بو! منیش نەمدەویست ئەو باسەی لەگەڵدا، بکەمەوە.

وتی: من سەدان هاوڕێی نزیکم لەپێناوی فەوت و نەمانی تەوریسی سیاسیا، لەم کوردستانەیا شەهید بون! تۆ ئەتەوێ من کوڕی خۆم بهێنمە حیزب و سیاسەتەوە؟ ئامادەنیم گوێ لەقسەی وابگرم.

 ئەم وەڵامەی رێکخەری گشتی ناچاری کردم داوای لێبوردنی لێبکەم، بەهەرحاڵێ دەمودەست راستمکردەوە و وتم :

کاکە بمبەخشە، دنیا ژیان و مردنە، ئەم کوڕانەی تۆ هیچ شتێک بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان شک نابەن، تۆش کارێکت کردوە ئەوان نەتوانن تەنانەت وەک مامۆستا یان فەرمانبەرێک دابمەزرێن یانەخۆ بەئازادی بەناو بازاڕدا بگەڕێن، لەهەر بوارێکی بازرگانی یان کاروکەسابەتیشا سەردەربهێنن خەڵکی دەڵێ پارەی باوکیانە و بۆی بەجێهێشتون! من ئەزانم هێندە دۆست و هاوڕێت هەیە کەدەستگیرۆییان بکەن بەڵام گەر لەم وڵاتەیا بژین ناکرێ و نابێ داوای هاوکاری و پشتیوانی لەم و لەو بکەن خۆ کەحیزبایەتی و کاری سیاسی نەکەن، دەبێت مشوری ژیان و گوزەرانی ئەوان بخۆیت.

وتی: ئەتوانین لەسەر ئەم مەسەلەیە قسە بکەین .! بەڕای تۆ لەکوێ؟ چیان بۆ بکەم؟ من پێم باشە لەدەرەوەی کوردستان، لەبەریتانیا مەسڵەحەتێکی هەمیشەییان بۆ دروستبکەیت.

وتم: ئنجا من پێچەوانەی تۆ، ئەمەوێ لەکوردستان دانەبڕێن، لێرە شتێکیان بۆ بکەم.

وتی: گرنگ ئەوەیە بۆیان بکەیت.

 وتم: بیرمکردۆتەوە ئەو بەشەی لەکارگەی چیمەنتۆکەی گاسنیان بدەمێ و مەرجیشیان بۆ دائەنێم.!

وتی: کارێکی باش ئەکەیت.

 بەبێ ئەوەی پرسیاری مەرجی سەرشانی مناڵەکانی لێبکەم، گفتوگۆی نێوانمان لەسەر ئەوباسە تەواوکرد. ماوەیەکی کەم و پێش دواسەفەری بۆ بەریتانیا، پشکەکانی "کارگەی چیمەنتۆی گاسن"ی بەقانونی بۆ سەر "چیا"ی کوڕی گواستەوە.

  پێویستە ئەوەش بڵێم ئەو بەشە لەو کارگەیە، وەک تەنیا مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆ لەکوردستانا مامجەلال وەک پشتیوانییەکی دارایی بۆ ئایندەی پرۆژە زانستی و ئیعلامیەکەی بۆی کردبۆوە.

 کۆتایی هەمان ساڵ، لەکێشەی نەبونی پارە و پێدانی ئیشتیراکی ساڵانەی تەلەفزیۆنەکەدا، ئەو لەلەندەن و من لەسلێمانیەوە داوای پشتیوانیی داراییم لێکرد. وتیشم رەنگە لەم رۆژانەیا بۆمان جۆر ببێت بەڵام گەر نەبو ناچارین!

وتی: پارەی کارگەی چیمەتۆکە ئێستا "فازیل" وەریدەگرێت، من پێموتوە دەستکاری مەکە، بەڵام بەناوی منەوە داوای لێبکە، خۆشم پێی دەڵێم ئیشتیراکەکەتان بۆ بدات، مەرجی من بۆ مناڵەکانم لەو پارەیە ئەوەبو کەچوار ساڵ جارێ خەرجی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ بزوتنەوەکە لێبدەن بەڵام وادەکەم پارەی تەلەفزیۆنەکەش بدەن.

  دوای ئەم وەڵامە و خواحافیزی، پەیوەندیم بە "فازیلی محەی دگل" ەوە کرد و راسپاردەکەی رێکخەری گشتیم پێگەیاند، ئەویش هەمان وەڵامی دامەوە و پێشی وتم چەند رۆژێک سەبرم لێبکە. وتیشی بەفەرمانی کاک نەوشیروان ئەو پارەیە چوار ساڵ جارێک و خەرجی کاروباری هەڵبژاردنەکانی لێدەدرێت و هیچیتر.

 رۆژی دواتر لەرێگەیەکی ترەوە کەپێشتر و لە( بەشی  ١٦، لەم زنجیرەیە ) باس و سوپاسمکردوە، چارەسەرمانکرد. ئیتر پێویستیمان بەو پشتیوانیەی ئەو رۆژەی فازیل نەما.

  لەپرۆسیسی گواستنەوەی موڵکیەتی زەوی، خانو، دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت گردی زەرگەتەش بۆ کوڕەکانی، ئەوەی وەک رەخنەیەکی بەجێ دەنوسرێ و دەوترێ ئەوەیە...

  ئەو کەسێکی شارەزا بو! بۆچی پێش مەرگی وەک پشکەکانی کارگەکەی بۆ چیا گواستەوە ئەوانیتریشی بۆ بزوتنەوەکە نەگواستەوە؟

 پرسیاری ئەی بۆچی تەنیا ئەوەی گواستەوە؟ رەنگە نیوەی وەڵامەکە بێت بەڵام لای خۆمەوە دەرفەتێکە بەم چەند خاڵە وەڵامی نیوەکەیتری بدەمەوە :

١ــ بەڵگەیەکی دروست نیە هەبونی وەسیەتێکی نوسراو یان نەنوسراوی نەوشیروان مستەفا بسەلمێنێت یان رەتبکاتەوە! بەڵام هەمو هاوڕێ و کەس و بەرپرسەکانی بزوتنەوەکە دەیانجار لەپێش مەرگی گوێبیستی خۆی بون کەوتویەتی ئەو موڵک و ماڵانە بەمەبەستی پرۆژەیەکی رۆشنبیری و کەلتوری وەرگیراوە، دواجار گەشەیکرد، کەوتە خزمەتی پرۆژەیەکی سیاسی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" ەوە.

٢ــ پرۆسەی دەرکردنی قەسامەکانی قانونی و شەرعی، ئینتیقالی موڵکدارێتی لەتاپۆی سلێمانی" بەهاندان و پێدانی زانیاری قانونی ناراست لەلایەن گروپێکی بەرژەوەندیخوازی دەوروپشتی "چیا و نما" کەدوای پلەو پۆست وەرگرتن تۆز و بایان لەگۆڕانا نەما. هاوشان بەدنەدانی هەندێکیتر، بۆ خستنی گروپ و کەسانێکیتر کەدواتر ئەوانیش لەگردەکە وەدەرنران.

  پەلەیەک بو، پەڵەیەک بو، هەڵەیەک بوو، کرا و کرا..!

٣ــ دەستوەردانی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بەرزانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ بەموڵکدار و بازرگان ناساندنی نەوشیروان مستەفا و سڕینەوەی مێژوی تێکۆشان و بیر و بزوتنەوەکەی بەناونیشانی پشتیوانی لەخانەوادەکەی، هەوڵەکان، هەنگاوەکان و رەفتارەکانیان، ئاشکرا و دیار بو.

٤ــ پشتیوانی و هاوکاری بۆ جێنشینکردن و جێبەجێکردنی گواستنەوەی وەرەسەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامەکانی "هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی" بەتایبەت "سەید عومەر و هاوڕێکانی" لەپێناوی خستن و دەرپەڕاندنی "قادری حاجی عەلی و هاوڕێکانی کەلەسەرەتاوە لێی نارازیبون" وایکرد هەم "مرور الکرام" تێپەڕێت هەمیش ئەو کۆمەڵە خوازەڵۆک و پۆست و پوڵ پەرستە، لەو گۆمە لیخن و شلوێیەدا وازی بکەن.

٥ــ هاندانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی نەیار و دوژمنە شاراوە و نەشاراوە تەقلیدیەکانی  نەوشیروان مستەفا بۆ خزم و خانەوادە و کەسانی ناو بزوتنەوەکە بێگومان تەماح و حەزی دەوڵەمەند بونی ئەمانیش بۆ دەستخستنی سامان و سەروەت، یەکانگیر و هەماهەنگ بو.!

٦ــ تاپۆکردنی گردی زەرگەتە کە رەگەزەکەی (موڵک سرف عەرەسەیە) بەپرۆسەی کڕین و فرۆشتن لەگەڵ ئیدارەی گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانا کراوە، رێکارە یاساییەکانی لە(مافی ئیدارەی گشتی یەکێتی و مافی دەزگا رەسمیەکانی حکومەت) قەبڵێندراوە، دراوە و جێبەجێکراوە، گەر خاوەندارێتیەکەی بۆسەر حیزب و رێکخراو یانەخۆ هەر کۆمپانیایەکی بازرگانی و وەبەرهێنان بگوازرێتەوە تەنانەت گەر "وەقفیش" بێت، هەرکاتێک دەسەڵاتی حیزب و حکومەت بیەوێت دەتوانێ بەتۆمەتێک رێکاری یاسایی بۆ دەستبەسەراگرتن و سەندنەوەی بگرنەبەر!

 بەپێی دەستور و یاسا، هەتا بەناوی کەسەکانەوە بێت پارێزراوترینە...  ئەم خاڵە مەترسیە جدی و رێگرە سەرەکیەکەبو وایکرد گردی زەرگەتە لەرۆژی کڕینیەوە وەک خۆی بمێنێتەوە، تەنانەت حاکمە شارەزاکانیش ئەوەی من ئاگادار بوم رێنماییاندەکرد کەبەوشێوەیە لەروی یاساییەوە پاراێزراوترە، ناتوانرێت داگیربکرێت یان لێی وەربگیرێتەوە.

   دوای ئەم خاڵانە و پرسیاری گرنگتر بەرۆکی هەموان دەگرێت و لەکاتی خۆیدا و لەجڤاتی نیشتیمانیا بەڕوی هەمو ئەندامەکانیدا، کردمەوە! کەئەوان بەرزترین و باڵاترین دەسەڵاتی بزوتنەوەکە بون. پێم وتن :

 ئایا خاوەنی ئەم موڵکانە نەوشیروان مستەفایە یانەخۆ بزوتنەوەی گۆڕان و پڕۆژە سیاسیەکەی؟ ئایا نەوشیروان مستەفا رێبەر و تێکۆشەرێکی مێژوویی بزوتنەوەکە و گەلی کوردستان بوە یانەخۆ مەلاک و بازرگان؟ ئایا گواستنەوەی خاوەندارێتیەکەی دوای مەرگ بۆسەر کوڕەکانی کارێکی هەڵەیە یانەخۆ راست و دروستە؟ ئەگەر جڤاتی نیشتیمانی پێی وایە هەڵەیە؟ فەرمون دەتوانین رێگەیەک بۆ راستکردنەوەی بدۆزینەوە... وابزانم پەند و نمونەیەکیشم گێڕایەوە کەساڵانی زوو، مامجەلال نیوە سەروەتێکی یەکێتی لەئەوروپا بەناوی رەسوڵ مامەندەوە کردبو وەلێ ساڵی نەوەدوچوار کتوپڕ بەنەخۆشی مرد .! دواجار توانرا رێگە چارەیەک لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ گەڕاندنەوەی سامان و وەرەسەکە  بدۆزرێتەوە.

 بەداخەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی بەدەمڕاستیی سەید عومەر بەگژما چونەوە، هەندێکیشان بەزمانبەدی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاشیان لەمن زیز و زویر کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار