لەسەر وەزنی ....... دوژمن وا لە هەولێرە

فارس نەورۆڵی
7 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
نەبوونی وشیاری سیاسی وا لە مرۆڤ دەکات بەشێواوی قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات، خۆ ئەگەر ئەو نا وشیارییە ڕقی ئایدۆلۆژیا یا ڕقی گەمژانەی تێکەڵبوو، ئیتر ئەوە دەبێتە سەرهەڵدانی کارەسات، بۆ نەتەوەکەمان ئەم مەسەلەیە ناوە ناوە لە کوردستان لەسەر هەندێ بابەت قسە و باسی سەیروسەمەرە لەتەک خۆی دەهێنێت. ئەم چەند ڕۆژە لەسەر هاتنی هونەرمەندێکی تورک و ڕۆشنبیرێکی دیاری عەرەب بۆ هەولێر، لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هەرای نایەوە و لەڕاستیدا ئەم قسە و باسانە تێنەگەشتنە لە سیاسەت و تیۆرەکانی سیاسەت و دۆست و دوژمن لەسیاسەتدا، واتە قسەکەرەکان ناگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان، یان دیدی بیرمەندان و فەیلەسوفانی سیاسی وەک ( ئەفلاتون، یان میکاڤێلی، یان هانا ئارێنت یان کارل شمیت )، کە ئەم بیرمەندانە چۆن پەیوەندی کردەی سیاسی و ئەخلاق و بەرژەندی دەبینن، بەداخەوە خوێندنەوەی قسەکەرەکانی ئێمە بەرمەبنای ئایدۆلۆژیای وشک، یان ڕقی حزبایەتی ناتەندروستە، دەمەوێ بڵێم کەس مزایەدەی کوردبوون بەسەرمنەوە نەکات، چونکە بەڕادەی ئاشق بوون ئاشقی دۆزی کوردم.
بۆ ئەو قسانەی ئەم چەند ڕۆژە لەسەر هاتنی هونەرمەندێکی تورک و نووسەرێکی دیاریی عەرەب، بەشی زۆری ئەو قسانە لەسەر بنەمای ڕقی حزبی و ئایدۆلۆژی بوو، ئەگینا هاتنی هونەرمەندێکی تورک لەم کاتەدا، کە کورد لە تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆدایە، هەر پەیوەندییەکی کورد لەتەک هونەرمەند و بازرگان سەرمایەداری تورکیا لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا، خۆ ئەگەر دوێنێ ئەو هونەرمەندە دوژمنی کورد بووبێ، ئەوا ئەمڕۆ بە هەر هۆکارێک بێت هاتوەتە هەرێمی کوردستان و ئاڵای کوردستان دەبینێ و گوێی لە زمانی کوردی دەبێت، دەزانێ ئەمە کوردستانە و ئینکاریکردنی گەمژانەیە، سەبارەت بە هاتنی ڕۆشنبیری عەرەب یوسف زەیدان گوایە وتویەتی سەڵاحەدین کورد نییە، بە داخەوە ئێمە کە قسە لەسەر سەڵاحەدین دەکەین، یان بە دیدێکی مارکسی، یان ئیسلامی قسە دەکەین، کە دەبوو لەسەر بنەمای زانستی مێژوویی و حەقیقەتی مێژوویی قسەی لەسەر بکەین، بۆیە ئەوانە دێنە هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان دێن، ئەگەر دوژمنیش بن، دەکرێ گۆڕانیان بەسەردابێت، هەتا ئەو ئاستەی ئەگەر نەبنە دۆست، ئەوا لە دوژمنایەتییەکەیان بەردەوام نەبن. ئەوەش بزانین کە وەفدێک دێتە هەولێر تەنها بۆ لای پارتی و هەولێرییەکان نایەت، هەولێر پایتەختی کوردستانە، کەواتە بۆ لای کوردستانیان و هەموو پارێزگاکان دێن، ئاخر وەفدی تاران دێتە هەولێر، ئەنقەرە دێتە هەولێر، ئەمریکا و ئەوروپاییەکان دێنە هەولێر، وەفدی ئیمراڵی دێنە هەولێر، کوردانی ڕۆژئاوا دێنە هەولێر، زانایانی موسوڵمان دێنە هەولێر، یاریزانی تۆپانێ دێنە هەولێر، بۆ کورد پەیوەندیی دروستکردن ئەقڵانییە، نەک دوژمن زیادکردن یان قووڵکردنەوەی، ئێمە دەبێت لە ڕێگای هێزی نەرمەوە پشتیوانی بۆ دۆزی ڕەوای کورد زیاد بکەین، ئیتر تکایە با هەر کەس هات بۆ هەولێر، نەڵێین دوژمنە، هەرکەس دێت بەخێربێت بەرمەبنای بەرژەوەندیی هاوبەش و بۆ ناسینی کورد لە نزیکەوە.
