خوری-شۆڕکردنی داوەتی يوسف زيدان
.jpg)
د. سەردار عەزیز
7 كاتژمێر لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
من هەرچەند دەکەم لەو پرسی داوەتکردنەی نووسەری میسری یوسف زەیدانە تێناگەم. لە سەرەتاوە ڕون بوو کە شەڕێکی ناپێویست و دۆڕاوە.
هەرچەندە کاتم نیە، بەڵام با بە خێرایی بە ستراتیژەکاندا بڕۆین؛ گریمان مەبەست لە بانگهێشتکردن گەیشتنە بە دونیای عەرەبی. بێگومان ئێمە پێویستمان بە گەیشتنە بە دونیای عەرەبی، بەڵام بە شێواز و ڕێچکەی تایبەت. کۆمەڵگای عەرەبی لە دۆخێکی ئێجگار سەختی دەرونی ئابوری و کۆمەڵایەتی و جیوپۆلەتیکیدا دەژی. زۆر لایەن دەیچەوسێننەوە و ناتوانێت هیچ بکات بەرامبەریان. بەڵام زۆر ئامادەیە داخی دونیا بە تۆ بڕێژێت.
جارێکیان مەلیک حسێن بە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی دەڵێت: ئەگەر ئێمە بڕۆین بۆ قودس عەرەب لێمان قبوڵ دەکات، بەڵام لە ئێوەی قبوڵ ناکات.
ئەمە ئاماژەیەکی رونە بۆ دۆخی دەرونی ئەو کۆمەڵگایە.
جا ئەگەر کەمێک ستراتیژیانە بیربکەیتەوە ئایا بە سەرمایەگوزاری لە سەر سەلاحەدین تۆ باشتر دەچیتە ناو ئەو کۆمەڵگایە یان یوسف زەیدان. وەڵامەکەی لای هۆشمەندان و زیرەکی هۆشمەندیش ڕونە.
ئەگەر مەبەستت ئەوەیە ڕکەبەری ئیسلامییەکان بکەیت. ئەوا لە چەندین ئاستدا هەر پێش دەستپێکردن وەک سەلما ستراتیژێکی دۆڕاو بوو. یەکەم، بە قسەکردن لە سەر سەلاحەدین خەڵک دەوروژێت، بەڵام بۆ یوسف زەیدان کەس ناهەژێت. بۆیە هەم سەلاحەدینت بە دیاری بەخشی بە ئیسلامییەکان و هەم شەڕێکیان لێبردیتەوە و هەم توانیان ئامرازی سۆشیال میدیا کاریگەرتر بکەن.
ئەگەر مەبەست ئازادی بیروڕایە، هەندێک لە هاوڕێیانم لەم ڕوەوە قسەیان کرد. بەڵام مەخابن هەڵەن. ستراتیژی یوسف زەیدان ئەوەیە کە چۆن پرۆڤەکەتیف بێت، یانی چۆن پەرتکەر و بێزارکەر و بریندارکەر بێت، لە پێناو دەرکەوتن و بازاڕ و دۆخی سیاسی تایبەتی وڵاتەکەی. ئەمانە ئازادی نین. ڕێگریکردن لە ڕێکلامێک ناچێتە خانەی ئازادییەوە.
بەزۆر شێوە ڕێگریی لە ئازادی دەکرێت. یەکێک لەو ڕێگایانەی کە زۆر نەرمە، ئەوەیە پرسێکی بێبایەخ زاڵبکەی بە سەر پانتایی گشتیدا و پرسە پڕ بایەخ و گرنگەکان بشاریتەوە. کە یوسف زەیدان لەم جۆرەیە. دوای ئەمە ئازادی زۆر بەرتەسکتر دەبێتەوە.
ئەگەر مەبەستەکە ئەوەبوو کە سیمبولی کوردی نەمێنێت هەتا هەندێک سیمبولی تر هەیە زەقببنەوە، ئەمەش هەڵەیە، چونکە کاتێک تۆ زەمینە دەسازێنی بۆ بێبەهاکردنی سیمبولێک، چۆن دەتوانیت ڕێگەی لێبگریت کە بە هەمانشێوە هەموو سیمبولەکانی تریش بێ بەها نەبن.
ئیتر ئاوایە ستراتیژەکەی.
