زمانی کوردی و ژیریی دەستکرد

شێرکۆ موراد

یەک هەفتە لەمەوپێش



شێرکۆ موراد

 دنیای تەکنەلۆژیا تا دێت دەوڵەمەندتر و فراوان تر دەبێ، بەجۆرێک کەتواری تێپەڕاندووە و زانست چەشنی خەیاڵ گەشە دەکات و تا دێت سەیروسەمەرەتر و زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، دەتوانم بڵێم ئەم پەنجا ساڵەی دوایی بە ئەندازەی چەند سەدەیەک زانست گەشەی کردووە. بۆیە هەندێک لە خەڵکی دڵخۆشن کە لەم سەردەمەدا دەژین و ئادەمیزادی سەردەمێکن تەکنەلۆژیا بەهەشتێکی بۆ خولقاندوون.

یەکێک لەو بوارانەی دنیای زانستی تازە زیرەکی دەستکردە، ئەم بوارە ئێستا بووە باسی سەر، جیهان سەرقاڵە بەم بوارەوە، ژیریی دەستکرد لە هەموو بوارێکدا بەکاردێت، بەڵام تامی بەرهەمەڕەسەنەکە نادات، بۆ نموونە گۆرانییەک دەهێنرێ و لەسەر دەنگی حەسەن زیرەک تۆمار دەکرێت، دەشێ ژیریی دەستکرد ئەو کارە وەک خۆیبکات، ئەمما قەت وەک گەرووی ڕەسەنی ئەو هونەرمەندە نییە. یانژی ئەوەی ماوەیەک باوبوو دەیانگوت تەکنەلۆژیا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی داوا لە ئامێرەکەی بەردەمت بکە ڕۆمانێکت بۆ بنووسێ. بۆت دەنووسێ. بەڵام هەموو ئەوانە تام و چێژی کارە ڕەسەنەکە نادەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژیریی دەستکرد خزمەتێکی گەورە بە ئادەمیزاد دەکات و کارئاسانی بۆ دەکات.

لەگەڵ گەشەکردن و پێشکەوتنە خەیاڵ ئاساکانی دنیای تەکنۆلۆژیادا، لە ئێستا و لەم چاخەدا یەکێک لە بوارەکانی زانستی کۆمپیوتەر کە ژیریی دەستکردە، شۆڕشێکی مەزن و بەرفراوانی بەرپاکردوە لە پێشخستن و بەرەو پێشەوە چوون لە هەموو بوارە جۆر بە جۆرەکانی ژیاندا، وەک پەروەردە، تەندروستی، زانستی، ئەندازیاری ... و هەموو بوارەکانی دیکە.

دەستپێک ئەمانەوێت بزانین ژیری دەسکرد چییە؟ ژیری دەسکرد بە لقێک لە زانستی کۆمپیوتەر هەژمار دەکرێت، کە تایبەتە بە دروستکردنی ئامێری زیرەک کە بە جۆرێک توانای ئەوەی هەبێت هاوشێوەی مرۆڤەکان کارەکان جێ بەجێ بکات، ئەمەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکان و سیستەمەکان دەکرێت، کە توانا بە ئامێرەکان دەدات لە داتاکانەوە فێربن و ئەرکەکان بەشێوەی سەربەخۆ ڕایی بکەن. لەم بوارەدا قووڵ دەبینەوە و دەچینە نێو جۆرێکی دیکەی ژیری دەستکردەوە، کە بە ژیری دەستکردی دروستکەر ناسراوە، بوارێکە دەتوانێت دەق و وێنە و دەنگ دروست بکات، ئەگەر لەلایەن بەکارهێنەرەوە پرسیاری لێ بکرێت، یەکێک لەهەرە مۆدێلە پێشکەوتووەکان، بۆ نموونە وەک چات جیپیتی کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لەساڵی 2022 پەرەی پێ دراوە و شۆڕشێکی گەورەی لە کارلێکی مرۆڤ و کۆمپیوتەر و پڕۆسێسینی زمانی سروشتی دا کردوە. واتە بەهەر زمانێک بمانەوێت پرسیار لە چات جی پی تی بکەین و لەسەر هەر بابەتێک بەو زمانە وەڵاممان دەداتەوە، یانی ئەگەر بە زمانی ئینگلیزی یان ئەڵمانی، یان بە فەڕەنسی داوای زانیاریەک بکەین لەسەر بوارێک لە بوارەکان، دەتوانێ بەو زمانە زانیاریەکی تەواومان لەسەر ئەو بوارە پیبدات. ئەمەش لەسەر ئەوە بنیات نراوە کە زۆر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بابەتی زانیاری و فیکری و زانستی بە زمانی خۆیان لە لاپەڕە جیهانییەکاندا لە ئینتەرنێت بڵاو دەکەنەوە بەهۆی ئەوەوە توانیویانە ژێرخانێکی گەورە لە بنکەی زانیاری، واتا، داتابەیس بۆ خۆیان دروستبکەن و لە ڕێگەی چات جی پی تی کە پرسیار لەهەر بوارێک دەکەی بەو زمانەی دەتەوێت پەیوەندی بەو ژێرخانە گەورەیە لە داتا دەکات و وەڵامت دەداتەوە، جا کێشە و ئاریشەی ئێمە لێرەدایە، ئایا تا چەند توانیومانە زمانی کوردی لە بوارە جیاوازەکانی زانستی و فیکر ... تا دوای پێش بخەین؟ تاوەکو بتوانین خەزێنەیەکی زانیاری گەورەمان بە زمانی کوردی لە هەموو بوارە زانستیەکاندا هەبێ. بۆ ئەوەی بتوانین سوودی تەواو لە ژیری دەستکرد وەرگرین، واتا ئەگەر پرسیارێک لە چات جی پی تی بکەین لەسەر بوارێک لە بوارەکان تاوەکوو زانیاریمان بداتێ، بێگومان بەپێی پێویست هیچ وەڵامێکمان دەست ناکەوێت تاوەکوو سوودی لێ وەرگرین. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئێمە نەمانتوانیوە وەکوو پێویست بڵاوکراوەکانی خۆمان لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا بە زمانی کوردی بڵاوبکەینەوە.

 

 ٭پسپوڕی ژیری دەسکرد لە زانکۆی جیهان- سلێمانی

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار