ئەو سوڵتانەی ٨٠٠ ساڵە کوردە

ئارام ڕەفعەت
4 مانگ لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
ئەم کوردە شیک پۆشە، سوڵتان ناسرەدینی ئەییوبییە کە بە سوڵتان ئەلمالیک و سوڵتان ئەلکامیل ناسراوە. وێنەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠١ ساڵ لەمەوبەر.
سوڵتان ناسرەدین لە ١١٧٧ی زاینی لەدایک بووە و لە ١٢٣٨دا کۆچی دوایی کردووە.
وەک دەبینن، سوڵتان ناسرەدین هەمان ئەو کورتەک و شاڵوار و پشتێنەی لەبەردایە کە دوای ٨٠٠ ساڵ هێشتا لە کوردستان دەپۆشرێت.
لە تابلۆکەدا، کاتێک فریشتەکان تاجی سەری سوڵتان هەڵدەگرن، مێزەر/مشکییە کوردییەکەی سوڵتان دەردەکەوێت.
لە پشت سوڵتان ناسرەدین شاژنێک بە ویقارەوە وەستاوە. ئەم شاژنە هاوسەری سوڵتانە.
شاژنیش وەک هاوسەرەکەی، هەمان ئەو کۆڵوانە و کراس و پشتوێن و تاسە و مشکی بەستووە کە هەتا ئێستاش جلی شایستەی ژنانی زۆرێک لە گوندەکانی کوردستانە.
تابلۆکە لە ساڵی ١٢١٩دا کێشراوە.
لەو ساڵەدا، گەورە قەشەی ئیتالی، سانت فرانسیس میوانی شەڕەفی سوڵتان ناسرەدین بووە و هەر لەکاتی میواندارییەکەشدا کێشاوییەتی.
واتە، لە کاتی تابلۆکەدا، سوڵتان ناسرەدین کت و مت ئەم جل و بەرگەی پۆشیوە.
سوڵتان ناسرەدین پێنجەم سوڵتانی ئەییوبییەکانە و لە ١٢١٨ تا ١٢٣٨ سوڵتان بووە. سوڵتان سەلاحەدین لە ١١٩٣دا دەمرێت.
لە نێوان سوڵتان سەلاحەدین و سوڵتان ناسرەدیندا سێ سوڵتانی تر حوکم دەکەن و هەمووشیان لە نێوان دیمەشق و قاهیرەدا نیشتەجێن.
سەرەرای ئەوەی کە پێنجەم سوڵتانی ئەییوبییەکانە، سوڵتان ناسرەدین دەسبەرداری جل و بەرگی کوردی نەبووە.
ئێستا دەبێت ئەو وێنە فەیکەی سوڵتانەکانی ئەییوبی کە لەخەیاڵدان و یاداوەری ئێمەدا کێشراوە بسڕینەوە.
ئەو چەفییە و عەبا و جزداشەی لەم سەردەمەدا کراوەتە بەر سوڵتانەکانی ئەییوبی ساختە و فەیکە ئەوان جل و بەرگی کوردییان پۆشیوە.
ئەییوبییەکان شتێکی وایان بۆ کورد جێنەهێشتووە. بەڵام مۆرکی کوردییان لە کەلتووری شام (سوریا، لوبنان و فەلەستین و ئوردن) بەجێ هێشتووە.
هەڵپەرکێ و دۆڵ و زوڕنا و پۆشاکی ئەم وڵاتانە میرات و مۆرکی ئەییوبییەکانی پێوەیە.
دواجار، کاتی ئەوەیە مێژوو راست بکرێتەوە، دەبێت خۆمان ئەو مێژووە بنووسینەوە.
دوو تێبینی:
یەکەم:
ئەم بابەتەم پێنج ساڵ لەمەوبەر و لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا لەواڵەکەی خۆمدا بڵاوکردەوە.
دووەم:
تەنها ئەوانەی کوردستانین خاوەنی مێژوو و سەروەرییەکانی کوردن.
