سوڵتانەشافعیەکەی ئێمە و نیاندەرتال
(1).jpeg)
هونەر تۆفیق
یەک هەفتە لەمەوپێش
هونەر تۆفیق
لەپاش بڵاوبوونەوەی وێناکردنەوەکەی ژنە نیاندرتالەکەی شانەدەر ، چەندین بابەت سەبارەت بە ڕەسانایەتی و هەندێکیش لاوانەوەیان بۆ دایە گەورە نیاندرتالیەکەی کورد کرد . کەچی دژ بە سوڵتانەکەی خۆیانن.
سەلاحەدین کوڕی سەردەمێکە مەزهەبەکانی ئیسلام ( جەعفەری و مالیکی و حەنەفی و حەنبەلی و شافعی ) لەململانێیەکی توند و کوشندەدان.
بەشی زۆری ئەو ناکۆکیانەش بۆ پێشبڕكی بوو لەسەر ئەوەی کامیان دەبنە مەزهەبی فەرمی دەوڵەت . چونکە هەرکامیان کەدەکرانە مەزهەبی فەرمی ، ئیمتیازی زۆریان لە دەستەڵاتەوە پێدەگەیشت و مەکتەب و فەقیهەکانیان نازونیعمەتیان بەسەردا دەڕژا.
ئێرانیەکان خۆیان لەگەڵ جەعفەریدا یەکلاکردبوویەوە کە چەند سەدەیەک دواتر ، سەفەویەکان کردیانە مەزهەبی فەرمی دەوڵەتی سەفەوی . تورکە سەلجوقیەکانیش ببوونە حەنەفی و دواتریش کە دەوڵەتی عوسمانی دامەزرا حەنەفیەتیان بە مەزهەبی دەوڵەتەکەیان دانا . عەرەبەکانیش ، شیعەکانی دیارە جەعفەری و سونەکانی بوونە حەنەفی (بێگومان لە ناوچەکەدا، دەنا لە باکوری ئەفریقیاوە مەزهەبەکەیان مالیکی یە)
لەنێوان فارس و تورک و عەرەبدا، کە لەو سەردەمەدا نەتەوە تەنیا ئیسلام بوو، گەلان بەم چەمکە تازەیەی ناسیونالیزم، ناسنامەیان نەبوو، بەجۆرێک لە ڕێگای مەزهەبەکانەوە خۆیان لەیەکتر جیادەکردەوە.
تا کاتی حوکمداری سوڵتان سەلاحەدین، کورد لەنێوان مەزهەبەکاندا خۆی یەکلانەکردبویەوە. سەلاحەدین لەنێوان مەزهەبی جەعفەری و حەنەفیدا، شافیعی کردە مەزهەبی فەرمی دەوڵەتە ئەیوبیەکەی. بەوەش خۆی لە ئێران و تورکە سەلجوقیەکان جیاکردەوە. بەدوایدا هەموو کوردەکان بوونە شافیعی و زۆرترین کوتلەی مەزهەبی شافیعیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوردەکانن. وەک ناسنامەیەک هەم خۆیان لە تورک و عەرەب و فارسەکان پێ جیاکردەوە، هەم خۆشیان پێ پاراست.
ئەوەش لەدۆخێکی پڕ لە ململانێ ی وەهادابوو، کە حەنەفیەکان دەیانگوت حەرامە ژن بدرێت بە شافعیەکان و شافیعیەکانیش دەیانگوت ئەگەر دڵۆپێک شەراب بەر خواردنێک بکەوێت، ئەو خواردنە حەرام دەبێت، تەنیا یان سەگ یان حەنفیەکان بۆیان هەیە بیخۆن.
دواتریش لەنێوان بەرداشی سەفەوی جەعفەری و عوسمانی حەنەفیدا، کوردە شافعیەکان تەنیا شتێک بە کوردی هێشتنەوە و نەبوونە تورک و نەبوونە فارس، شافیعی بوونەکەیان بوو، کە سەڵاحەدین ڕۆڵە گەورەکەی لە چەسپاندنیدا گێڕابوو ..
