کەرکووک و ئەنفال

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

4 ڕۆژ لەمەوپێش



له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

دەمێکە کەرەستەکانی کتێبێکم ئامادە کردووە بە ناونیشانی کەرکوک لە ئەنفالدا، کەرکوک لە پرۆسەی ئەنفالدا زۆرترین زیانی بەرکەوت، ناوەندی پرۆسەی سڕینەوەکەش هەر لە کەرکوک دانراو یەکێک لە خوێنڕێژترین سەرانی بەعس کە عەلی حەسەن مەجید بوو، سەرپەرشتی دەکرد، بەعس هەر لەسەرەتای حەفتاکانەوە زۆر بەچڕی کاری لەسەر عەرەباندنی کەرکوک و راگواستنی کوردی ئەوێی دەکرد، لە ئەنفالدا سڕینەوەی کورد لە کەرکوک و تاراندنیان گەیشتە چڵە پۆپە، بۆیە ئەنفالی کەرکوک قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، لەوەی تائێستا لە بارەیەوە کراوە، نازانم داخوا ژیان و تەمەن بوار دەدەن قسەی تریان لە بارەوە بکەین، یان ئەوەش دەسپێرین بەنەوەی دادێ.

ئەنفالی کەرکوک پرۆسەیەکی بەرنامەڕێژ و زۆر مەترسیدار بوو، ئێستا کە سەیری بەڵگەنامە و نوسراوەکانی ئەو رۆژگارە دەکەیت، کە تەماشای زەرەر و زیانەکان دەکەیت، دەزانی پرۆسەکە لە سنووری کەرکوک چ ئامانجێکی دۆزەخییانە لەپشتیەوە بووە،  لە نێو بەڵگەنامەکانی ئەنفالی کەرکوکدا نوسراوێکی کورتی بارق عەبدوڵا حاجی حنتە زۆر سەرنجی راکێشام، نامەکەم بە ئۆرژیناڵی لابوو کاتی خۆی لەگەڵ دەیان نوسراوی تردا ناردم بۆ دادگایکردنەکەی فراس ڤان ئەنرات، بەداخەوە تیاچوون، نەگەڕانەوە، نوسراوەکە لە بارقەوە ئاراستەی پارێزگاری کەرکوک کراوە، گوایە یەک خانووی بچوک لە چیمەن لەناو چەمەکەدا ماوە، شۆفەڵ و ئامێری پێویست بەرن بیڕوخێنن، لەبەر ئەوەی موخەڕیب سوودی لێنەبینن، دەبینی بەعس لە کۆلیتێک، کوختێک، لە سنووری کەرکوک زارەترەک بووە، لێرەوە تێدەگەین، ئەنفالی کەرکوک چەند بە وردی جێبەجێ کراوە، بەعس دوای ئەنفالیش تا ساڵی 1991یش هەر بەو رقەوە مامەڵەی لەگەڵ کوردی کەرکوک دەکرد، ئەوە جگە لەوەی لەو ساڵەشەوە، تا کەوتنی بتەکانی سەدام  عەرەباندن و بەعساندن و تاراندن بەردەوام بوو.

لە ئەنفالی کەرکوکدا تەواوی گوندە کوردەوارییەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک بەوانەشەوە کە چەند شەقاوێک لە کەرکوکەوە دووربوون تارومار کران و خەڵکەکەیان بەشی زۆری بەر پەلاماری دڕندانەی ئەنفال کەوتن، نموونەی یاروەلی و سۆنەگۆلی و چیمەنەکان و شوێنگەلی دیکە، لە کاتێکدا زەوی و زاری خەڵکەکەش درا بەو عەرەبانەی  کە لەسایەی بەعسدا دەستیان دابووە داگیرکاری و بەکارهێنانی موڵکی کوردان بە ناهەق، من کاتی خۆی نموونەی پازدە گوندی سنووری کەرکوکم وەرگرت، ژمارەی زەرەر و زیانەکان مرۆڤیان توشی شۆکی گەورە دەکرد، ئێستا ئەگەر بەس نموونەی جەلەمۆرد بێنینەوە، کە زیاتر لە چوار سەت ئەنفالکراوی هەیەو دوای ئەو هەموو ساڵەش نەتوانراوە پەنجا ماڵی بۆ بگەڕێتەوە، تێدەگەین بەعس لە سنووری کەرکوک چ تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە، تاوانێک کە بەهەموو مانایەک جینۆسایدە.

سڕینەوەی کورد، هەر بە ئەنفال و کوشت و بڕ و تاراندن و لێسەندنی ناسنامەو گۆڕینی نەتەوە لە کەرکوک کۆتایی نەهاتووە، بگرە کار لەسەر ئەوە کراوە رقێکی ئەستوری لای عەرەب بەرانبەر کوردی  کەرکوک دروست کردووە، رقێک تائێستاش ژاراوەکەی کاریگەری ماوەو گیانی یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەو شارەدا هەلا هەلا کردووە، بابەتی ئەو تێکدانی پەیوەندیەش قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار