وەصفی كەم یان قەصفی كەم؟
(3).jpeg)
ئەمیر عومەر
4 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەمیر عومەر
پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووداوێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی عێراقدا. ئەم پرۆسەیە کۆتایی بە دەسەڵاتێکی خوێنڕێژ و دیکتاتۆریی ھێنا کە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە خەڵکی عێراقی لەژێر چەپۆکی ستەم و چەوساندنەوەدا ھێشتبووەوە. بەم ھەنگاوە، دەرگای ئازادی بۆ گەلی عێراق کرایەوە و ئەو گەلە بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی خۆیدا ھەناسەیەکی ئازادی ھەڵمژی. لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا، چەندین دەستکەوتی گرنگ بەدیھاتن: کۆتایی ھاتن بە سیستەمی دیکتاتۆری بەعس و سەدام حسێن کە بە ھەزاران کوردی شەھید و زیندانی و ماڵوێران و ئەنفال و کیمیاباران کردبوو، بە سەدان ھەزار عێراقی لە گۆڕی بەکۆمەڵدا شاردبووەوە، و بە ملیۆنان کەسی ئاوارە کردبوو. بۆ یەکەمجار، عێراقییەکان توانیان لە ھەڵبژاردنێکی ئازاددا بەشداری بکەن و نوێنەرانی خۆیان ھەڵبژێرن. دەستوورێکی نوێ نووسرایەوە کە مافی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی دەستەبەر کرد. دەیان میدیای ئازاد و سەربەخۆ دامەزران، مینبەرێک بۆ دەنگی جیاواز و بیروڕای جۆراوجۆر پێکھات. عێراق توانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروست بکاتەوە و گەمارۆ ئابوورییەکانی لەسەر ھەڵبگیرێن. بۆ یەکەمجار، ناسنامەی فرەیی و فرەنەتەوەیی عێراق بە ڕەسمی ناسێنرا و مافی پێکھاتە جیاوازەکان لە دەستووردا چەسپێنرا. پەنجەرەی ھیوا کرایەوە و ھەموو عێراقییەکان خۆزگەیان بە ئایندەیەکی گەشاوە و ژیانێکی باشتر لە ژێر سایەی دیموکراسی و ئازادیدا دەخواست. خەونی بنیاتنانی عێراقێکی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و ئاشتی لە دڵی ھەموو عێراقییەکدا گەشایەوە.
بەڵام . . بەڵام ئەمڕۆ، دوای بیست و دوو ساڵ لە پرۆسەی ڕزگارکردن، وێنەکە زۆر جیاوازە لەوەی چاوەڕوان دەکرا. ھەنگاوەکانی عێراق لە ڕێگای دیموکراسی و گەشەکردن بە کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگ دەوردراون. قەیرانی متمانە وەک دەردێکی کوشندە، پەیوەندی نێوان پێکھاتە سیاسییەکانی ژەھراوی کردووە. ئەو بێ متمانەییە، کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا بوونی ھەیە، سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆی عێراقە. بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، لەبری ھاوکاری بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی بەھێز، سەرقاڵی ململانێی دەسەڵات و دابەشکردنی سامان و پۆستەکانن. ڕێککەوتننامە سیاسییەکان دەکرێن و دەشکێنرێن، بەڵێنەکان دەدرێن و پشتگوێ دەخرێن ھەر ئەمەشە وایکردووە کە ھاووڵاتیان متمانەیان بە سیستەمی سیاسی و ئیداری عێراق لەق و لاواز بێت.
قەیرانی متمانە لە عێراق تەنھا ئەنجامی ململانێی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەرھەمی دەستێوەردانی دەرەکی، میراتی دیکتاتۆریەت و شەڕە لەگەڵ کەلتوورێکی سیاسی کە گرنگی بە بەرژەوەندی گشتی نادات. چارەسەری ئەم قەیرانەش ئاسان نییە، بەڵام دەکرێت لە ڕێگای دامەزراندنی سیستەمێکی شەفاف، بەرپرسیار و دادپەروەر، بە دروستکردنی دیالۆگێکی ڕاستەقینە لە نێوان ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگادا ھەنگاو بەرەو دروستکردنەوەی ئەو متمانەیە بنرێت. بیست و دوو ساڵ دوای ڕزگارکردن، عێراق لە دوو ڕێیانێکی سەختی مێژووییدایە، یان ڕێگای دروستکردنەوەی متمانە و بنیاتنانی وڵاتێکی بەھێز و سەقامگیر ھەڵدەبژێرێت، یان درێژە بە بازنەی بێ متمانەیی و دواکەوتن دەدات. ھیوا و داواکاری ھەموو ھاووڵاتیانی عێراقیش ئەوەیە کە سەرکردەکانیان ڕێگای یەکەم ھەڵبژێرن و بەرژەوەندی نیشتمانی لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە دابنێن.
ئەو پرۆسەی ڕزگارکردنەی کە ھیوای بۆ گەلی عێراق ھێنایە کایەوە، پێویستی بە بەردەوامبوون ھەیە، بەڵام ئەمجارە بە ھەنگاوی پتەو و دروست. تەنھا بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەو ھیوایەی لە ساڵی ٢٠٠٣ گەشایەوە، بکرێتە ڕاستییەکی بەرجەستە کە ھەموو عێراقییەک لە سایەیدا بە ئاشتی و کەرامەتەوە بژی.
