ئێران شەڕو دانوستانی ناڕاستەوخۆی پێ باشە!
(2).jpeg)
غازی حەسەن
4 ڕۆژ لەمەوپێش
غازی حەسەن
سەرۆکی ئەمەریکا (دۆنالد ترەمپ) نامەیەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ناردووە و دەرفەتی دوو مانگی بۆ (دوا بڕیاریان لەبارەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی) پێداون. ئێرانییەکان پێیان وایە ئەم سیاسەت و گەمە دیپلۆماسییەی پتر لە بیست ساڵە لە دەڤەرەکە و لەگەڵ وڵاتانی جیهانی دەیکەن، هەتا کۆتایی دەتوانن سەرکەوتنی تێدا مسۆگەر بکەن.
سەرۆکی ئەمەریکاش (ترەمپ) لە بڕیارەکانیدا پراگماتیکییە و بە ئاشکرا و ڕوونی بڕیار دەدات و سیاسەتی وڵاتەکەی دەردەبڕێت. ئەمەریکا وەکو زلهێزێكی دونیا داوا ناکات، بەڵکو بڕیار دەدات، بڕیارەکانیشی هەندێک جار سەرجەم وڵاتانی دونیا تووشی قەیران و وەستان و پێداچوونەوە دەکات و ئێرانیش هەتا نووکە پێی وایە جەنگە ناڕاستەوخۆکەی لەدەرەوەی ئێران درێژە پێ بدات، کە جەنگی (شیعەگەراییە).
ئێران لە وەڵامی نامەکەی ئەمەریکا دەڵێت "ئێمە ئامادەین بۆ جەنگ، بەڵام هەولی بۆ نادەین" و نایشارنەوە کە ئەوان "دەیانەوێت دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکەن". واتە چۆن جەنگی ناڕاستەوخۆیان لەڕێگەی هێزە پاشکۆکانیان لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن درێژە پێداوە، بەهەمان شێوەش دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، کە پێ ناچێت ترەمپیزم ئەم چەشنە مانۆر و سیاسەتەی پێ قبوڵکراو بێت. لەکاتێکدا ئێران لە جەنگی (غەزە و لە لوبنان و سوریا) بەتەواوی تێکشکا و یەکەمین دەوڵەتە لەم جەنگەدا هێز و پێگە و بەرژەوەندی سەربازیی و ئابووری و دییپلۆماسی و هەتا لەپەیوەندییە مەزهەبییەکەشی زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت.
لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا نین، بەڵام گفتوگۆ لەژێر فشار قبووڵ ناکەن". ئەگەر زمانی ئەم گوتارە شی بکەینەوە، ئەوەمان بۆ ساخ دەبێتەوە، ئەوان فشاریان لەسەرە و ترسی گەورەشیان لەم فشارە دەروونی و سیاسی و دیپلۆماسی و هەمەجۆرە هەیە، ترسەکەیان بە جۆرێکە پێدەچێت (فشارەکە) بووبێتە کردەوە.
گرنگ دۆخێکی نوێ لە دوای شەڕی غەزە لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبووە، ئێران و ڕوسیا دووهێزی کاریگەر و بەشداری ڕووداوەکان تووشی زیان هاتوون، دەسەڵات و پێگە و هێزیان لەناوچەکە بەرەو پاشەکشە و لەدەستدانی زەویی و پێگەی سەربازیی ستراتیژییە.
لەوە ناچێت ئێران بتوانێت بەهەمان شێوەی تەکتیکی جەنگی ناڕاستەوخۆی لەڕێگەی بریکارەکانی، دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکات، بەتایبەتی هەنووکە وەکو هێزیکی زیان لێکەوت نمایش دەکات و نەیتوانی هیچ چەشنە بەرگرییەک و پاڵپشتییەکی بەکردەوەی هێزە تێکشکاوە کلدارەکانی خۆی بکات. لە پێگەی سەپاندن و دانانی مەرج نییە، بەپێچەوانەوە ئەوەی هەموو کەسێک و لایەنێک ئەوەی لای ڕوونە هەر هەنگاوێک بازنەی ئابلووقەدان و فشارەکان دژی ئێران تەسکتر دەکاتەوە. ئەم دۆخە چەند لە سەردەم و ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی کەندوای عەرەبی دەچێت.
ئێران لەبەردەم دوو بژاردەیە: جەنگ یان نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی. واتە بژاردەی سێیەمی بۆ مانۆر و سوود وەرگرتن لەکات و گفتوگۆ لەبەردەستدا نییە، ئەم دوو بژاردەیەش لەکردەوەدا هیچی لەقازانجی هێزێکی پاشەکشەپێکراو نییە، کە پاشکۆ و هێزە پێوەگرێدراوەکانی لە دەڤەرێکی فراوانی ڕۆژهەڵات تێکشکێنراون.
ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەشێکی زۆری وڵاتە عەرەبییەکان لە تێکشکانی ئێران سوود مەند دەبن، ئاشتی و ئارامی و چارەسەری بەشێکی زۆری کێشەکانیش دەست پێ دەکات و داڕشتنەوەی نەخشە و سیاسەت و ستراتیژی نوێ ناوچەکەش دەست پێ دەکات، کە بریتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ. بۆیە هیچ پێ ناچێت تەکتیکی (جەنگی ناڕاستەوخۆ، بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بگونجێت) و ئێرانییەکان نابێت گالتە بەخۆیان بکەن، ئەوان (تێکشکاون و هەروەها لەسەردەمی کۆمارییەکان و ترەمپ)ن.
