"ڕ" ێی سەرەتا و برغووە زیادەکانی ڕادیۆ
(3).jpeg)
مەحموود نەجمەدین
2 ڕۆژ لەمەوپێش
مەحموود نەجمەدین
برغووە زیادەکانی ڕادیۆ چیرۆکێکی عەنتیکەی هەیە. ئەم بابەتە لەنێو کوردی باشووردا باوە، کاتێک ڕادیۆ یان هەر ئامێرێکی دیکەی ماڵەکەی لە کار دەکەوێت، خێرا دەڕنەفیزێک دەهێنێ و دەکەوێتە وێزەی، خۆی لێ دەبێ بەوەستا، بەبێ ئەوەی هیچی لێ بزانێ ناوسکی ڕادێوکە دەهێنێتە دەرەوە، ئەوجا تاوێک بەدیارییەوە دادەنیشێ، هیچی لێ نازانێ! دەکەوێتە سەرخوراندن، دواییش بە خۆی دەڵێ" بەخوا ئەمە ئیشی من نییە، با بیبەستمەوە." کاتێک ڕادیۆکە وەک خۆی لێ دەکاتەوە و دەیبەستێتەوە، چەند برغوویەک زیادن، نەخێر زیاد نین، ئەو نازانێ ڕادیۆکە وەک خۆی لێ بکاتەوە، بۆیە بێ باکانە، بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێ "ئەم چەند برغووە زیادەن..." یانی ئەوەندە خۆی پێ زیرەکە ڕەخنە لە کارگەیەک دەگرێ ڕۆژانە هەزاران ئامێر دروست دەکات. ئەمەم بۆ ئەوە گێڕایەوە تا بڵێم کورد هەر بۆ ڕادیۆ وانییە، بەڵکوو بۆ زمانە شیرین و دەوڵەمەندەکەشی هەر بەوجۆرەیە. شا ئەم زمانە شیرینەیان چۆن تاڵ کردوو!.
لەم ساڵانەی دواییدا کە میدیا بوو بە گاڵتەی منداڵان و بەری بەڕەڵڵا کرا، خەڵکانێکی نەشارەزا ترکوخوا هاتنە مەیدانەکەوە و وەک قۆشەنی مەغۆل زمان و میدیای کوردییان داغان کرد، جا ئەوەی داخە ئەمانە بوونە سەدەمی ئەوەی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی باش و شارەزا پەراوێز بخرێ. خاوەنی دامەزراوە میدیایییەکان هەر زوو سەرسام بوون بەم بەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووسانە و دەرگایان بۆ کردنەوە. دەزانن بۆ؟ چون بەشی زۆری بەڕێوبەری ئەو میدیا و کەناڵانە بۆ خۆیان نادان و نەزانن و دەسەڵاتەدارە گەندەڵەکانی کوردستان ئەو لەقب و پێگەیەی پێ بەخشیون. دەنا نەخوێندەوار چۆن دەبێ بە بەڕێوبەری کەناڵێک، یان سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک! کەسێک نەزانێ بنووسێ چلۆن دەتوانێ دامەزراوەیەکی میدیایی بەڕێوەبەرێ. بەهەرحاڵ ئەوە داخێکە لەسەر دڵی خوێندەوارەکان، کە لە کادی ڕۆژنامەنووسیدا خوێندەوار پەراوێز بخرێ و نەخوێندەوار خۆی لێ ببێت بە مامۆستا! مامۆستای ڕاستەقینەش چاوەڕێی مووچەی پار و پێرار بێ. جا ئەم قۆشەنە کۆمەڵێک وشەیان داهێنا، لەوەتەی کورد هەیە و بە کوردی قسان دەکرێ ئەو وشانە بەکار نەهێنراوە، بۆ نموونە: " لەئێستادا "، " شۆک بووم " ، " تەندروستباش بیت " ،" سوپڕایز " ئەمانە و گەلێکی دیکە. هەر ئەمانەش نا، ئەو بەناو ڕۆژنامەنووسانە فێری بەزمی بڕغووەکە بوون، هەر لە خۆوە حەوتی ژێر ڕێی سەرەتای وشە لادەبەن!. دەڵێن پێویست ناکات هەبێ، بیانووەکەشیان ئەوەیە هەموو " ڕ"یەکی سەرەتا قەڵەوە و هەموو کەس ئەوە دەزانێ، لەبەر ئەوە پێویست ناکات. ئێ باشە کاکی خۆم ئەو حەوتە چ ڕێیەکی لێ گرتووی؟ بۆ بەلاتەوە قورسە دایبنێی؟ جا هەر ئەمە نییە، لە خۆیانەوە دوو واو دەکەن بە یەک و" ێ" دەقرتێنن و... بە کورت و کورتاسی خۆیان لێ بووە بەوەستای زمان و نەزانانە دایدەتاشن، دواییش باڵای نووسینیان وەک دیواری وەستای نەزان خواروخێچ و لەوێرە. کاکی خۆم زمان گاڵتە نییە، لە خۆتەوە و بە ئارەزووی خۆت دەستکاری وشە بکەیت. خۆ من باش دەزانم ئەم قۆشەنەی وەک خۆرەسات پەلاماری میدیای کوردی داوە، ناخوێننەوە، بەڵام خۆ دەتوانن گوێ لە گۆرانی بگرن، خۆ ئەگەر گوێ لە حەسەن زیرەک و تایەر تۆفیق و عەلی مەردان و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بگرن فێری کوردی دەبن. بەڵام ئەوەش ناکەن. ئاخر ئەوان مۆدێرنن، لەگەڵ ڕەوتی گیتی دا دەڕۆن، گوێ لە ڕاپ و ماپ دەگرن.
جا حاڵ وا بڕوا سەروگوێلاکی هەرچی وشەی کوردی هەیە دەیشکێنن، ئەگەر خەڵکی شارەزای زمانەکەش قسە بکەن، بەدووری نازانم چەکوشێک بکێشن بەسەریدا و پێی بڵێن "چەپ بە، قسە مەکە، تۆ باوت نەماوە، بچۆ لە تەنیشتی شکور مستەفا و مەسعود مەحەمەدەوە تەخت ڕاکشێ." ئەوەیە میدیای مۆدێرنی کوردی؟ بۆ لایک و کۆمێنت زیندوو دەخنە گۆڕی تاریکەوە!. هێشتا کاکەجبۆ ڕۆحی نەکێشاوە، ئەوان هەواڵی مردنی بڵاو دەکەنەوە. ئەو بەناو میدیاکارانە سواڵکەری لایک و کۆمێنتن. ئای چەندیان لا خۆشە پیاوێکیان لێ هەڵکەوێت " بڵێ سێ ژنم هەیە و بە تەمام بیکەم بە چوار." بێژەرخانیش دەمی دادەچەقێنێ و بەسەرسووڕمانەوە دەڵێ "ماشەڵڵا." ماشەڵڵا لەچی؟ لە دەرزی تفەنگی پیاوێک چوار ژنی هەیە و چاوی بڕیوەتە بەژن و باڵای بێژەرەکە و... خانمی بێژەر ماشەڵڵا لەچی دەکەیت؟!. بەڵێ ئەو بەناو ڕۆژنامەنووسانە بە دوای لایک و کۆمێنتەوەن. خۆ ئەگەر پیاوێکی زەوقلییان دەست نەکەوێت بیکەن بە مەزەی ڕۆژ، مایکەکەیان دەکەن بە قوڕقوڕاگەی ژنێکدا تاوەکوو دەردەدڵ بکات و باسی کێشە خێزانی خۆی بکات. یانژی شاراوشار بە دووی تیکتۆکچییەکدا بگەڕێن تاوەکوو دیداری لەتەکدا ساز بکەن. چەند بە زاریان خۆشە بڵێن " لەئێستادا ئەو ژنەی پیاوەکەی گڕی تێبەرداوە تەندرووستباشە." توخوا بە نەنکە نەخوێنەوارەکانتان بڵێن قەت گوتوویەتی لەئێستادا؟!. ئیدی ئۆمێدم بە ئادەمیزادی خەمساردی ئەم قوڕاوە نەماوە، بۆیە ڕوو دەکەمە قاپی بینایی چاوان و پێێ دەڵێم: بە گەورەیی خۆت ئەم تۆڕی ئەنتەرنێتە بپسێنە، بەڵکوو ئەم قۆشەنە زمان شێواوە ئاوڕێک لە کتێب بدەنەوە و سەرلەنوێ فێری کوردی ببن.
فەرهەنگ:
ترکوخوا: بەڕێکەوت، بەسووتفە
قۆشەن: سوپا، لەشکر
سەدەم: هۆ، هۆکار
کاد: مەیدان
خۆرەسات: بۆ زۆر بەکاردێ، بۆنموونە سوپا وەک خۆرەساتە
جبۆ: کورت کراوەی ناوی ئیزرایل
بینایی چاوان: خودا، یەزدان
