ڕەمەزانی ئەمساڵ لەتورکیا گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی خەڵک دراوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆ خوانی بەربانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ کە شارەوانیی گەورەشاری دیلۆک (عەنتاب) خەرجییەکەی گرتبووە ئەستۆ، گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی ڕۆژوەوانان دراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە لە ئاشکراکردنی ناوی ئەو کۆمپانیا و بڕاندانەی خۆراکی ساختە بەسەر خەڵکدا ساغ دەکەنەوە.
لە لیستی نوێکراوەی وەزارەتەکەدا ناوی بڕاندی مەڕوە بەدی دەکرێت و دەرکەوتووە ئەو بڕاندە گۆشتی گوێدرێژ و گۆشتی ئەسپی وەک گۆشتی حەڵاڵ فرۆشتووە.
بۆ خوانی بەربانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ شارەوانیی گەورەشاری دیلۆک و شارەوانیی ژمارەیەک پارێزگا و قەزای دیکەیش، گۆشتیان لەو بڕاندە کڕیووە و دەرخواردی ڕۆژوەوانان دراوە.
ئەم بڕاندە کە جگە لەو تەندەرەی شارەوانی، هەروەها تەندەری ئامادەکردنی خوانی ژەمەکان بۆ چەند ناوەندێکی خوێندنیشی بۆ دەرچووە، لە کاتی پشکنین بۆ گۆشت لە چێشتخانەکەیدا لە ناوچەی شەهیدکەمال لە دیلۆک، دەرکەوتووە گۆشتەکە هیی گوێدرێژ و ئەسپە.
ساڵانە بەشێک لە شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان خوانی بەربانگ بۆ خەڵک ڕێک دەخەن و ژەمەخۆراک بەسەر هەزاران کەسدا دابەش دەکەن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوە چوو، فاتمە شاهین، کاندیدی ئاک پارتی توانی بە بەدەستهێنانی لە سەدا 38.82ی دەنگەکان بە سەرۆکی شارەوانیی دیلۆک هەڵببژێردرێت.
لە بەرامبەردا کاندیدەکەی جەهەپە لە سەدا 28.11، کاندیدی سەرلەنوێ ڕەفاه لە سەدا 17.23 و کاندیدی دەم پارتی لە سەدا 5.47ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.
