کۆمەڵگا بۆ خۆی کەڵەگا دەتاشێ

مەحموود نەجمەدین

2 مانگ لەمەوپێش



مەحموود نەجمەدین

ئەم ناونیشانە ڕستەیەکە لە ڕۆمانی "گەڕاڵ بەگ"ی نووسەر عابید حسەینی. لەم پێچە باریکەدا دەرفەتم نییە باس لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بکەم، کە بە کوردییەکی چەند جوان چیرۆکی گەڕاڵێکی عەتر فرۆشە دەگێڕێتەوە، گەڕاڵێک بەنێو ئێرانێکی وێران دا دەگەڕێ و حیکایەتی کورد و بەدبەختییەکانی کۆدەکاتەوە، باسی بۆبلات و دەردەسەری کورد دەکات. قسەکردن لەسەر ڕۆمانی گەڕاڵ بەگ زۆری دەوێ، با بمێنێ بۆ دەرفەتێکی دیکە، بەکاوەخۆ قامکی لەسەر دادەنێم.

ئەز دەمەوێت لەو دێڕەی ناونیشانی بابەتەکەوە بچمە نێو باسی داتاشینی کەڵەگای سیاسی و خۆسەپێن لە باشووری کوردستان. بەڵێ کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان هەمیشە سەرقاڵی کەڵەگا داتاشینن. بە دەنگەکانیان مڵۆزم بۆ خۆیان دادەتاشن و سادە و سادەلەوحانە بوودەڵەیان لێ دەبێ بە پاڵەوان و بە دەنگەکانیان سندووقی هەڵبژاردنیان بۆ پڕ دەکەن لە دەنگ و دواییش، کاتێک بۆیان دەردەکەوێت سندووقی هەڵبژاردن تەڵەی فێڵ و فریو و دەلەسەی سیاسییەکان بوو، پەنجەی پەشیمانی دەگەزن، ئەمما تازە کار لەکار ترازا و بوودەڵە بوو بە کەڵەگا و تەڕیزەی لە کورسی دەسەڵات نابێتەوە. ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشت، هەر ئەوەندەی برووزی بەست، دەستبەرداری نابێ، تا ئەو ڕۆژەی بەردی ئەجەل شووشەی تەمەنی وردوخاش دەکات و پەلەواژ دەبێتەوە.

جا ئێمەی کوردی باشووری خێرلەخۆ نەدیو، هەمیشە زەلیل و زەلوول، بەشێکین لەم ڕۆژهەڵاتە وێران و داغانە، سەرباری ستەمی داگیرکەری دڵ پڕ لەقین، نووکی ڕمی دەسەڵاتی خۆماڵیش تا قوڕقوڕاگەمان ڕۆچووە. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ـەوە، وەک مۆندییال چوارساڵ جارێک بە هەڵپەڕکێ و بووق لێدان پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکەین، بە پەنجەی شایەتمان کەڵەگا بۆ خۆمان دادەتاشین. هەرکەسێکیش سەر دەکات بە مەنجەڵی چەوراوەکەدا لە خۆشاوی قەسر و قەمەرە و کەباب دا مەستانە دەژی و خەڵکی لەبیر نییە، دەرد و ئازار و ئاریشەی میللەتی کوردی بەش مەینەتی هەر لەسەر سندووقەکانی هەڵبژاردن بەجێهێشتووە.

چیمان کرد؟ کۆمەڵێک مڵۆزمی گەدەفیلی تێرنەخۆرەمان هەر بە باوەش بردە سەر کورسی دەسەڵات و ئەوانیش لێمان بوون بە ئێسکی نێو برین، ساڵانێکە لە خۆشاوی دەسەڵات دەخۆن و میللەتیش هەژار و گەدەخاڵی چاو لە ڕێی مووچەیە. ساڵەهایە بە بیانووی قەیرانەوە خەڵکی برسی دەکەن. کەچی خۆیان لە شارەوە بۆ گوندیان داگیر کردووە، قەسر و قەل و قەمەرە، ئەسپ و ئاسک و ئاپارتمان، چییان نییە؟ جیفەی دنیا، لە پارەی وشک تا زەوی جووتیار و گومرگ... دەریا لووشن. شای قاجار و سوڵتانی ڕۆمی هێندەی ئەمانەی کۆ نەکردەوە، خەزێنەکانی ئەورووپایان پڕ کردووە، هەروا پێیان لێ ڕاکێشاوە و دەڵێن کەمە، زیاتر و زۆرتریان دەوێ. وەختارێکیش میللەت دەڵێ برسیمە. دەڵێن کێشەی کورد لە مووچە گەورەترە. کەچی میدیاکانی خۆیان سەری زمان و بنی زمانیان تەیف سامییە، بە گورانی پێشوازی لێ دەکەن. شیعری وای بۆ دەهۆننەوە، سیامەند بۆ خەجی نەگوتووە.

بڕوانن لەم مەیدانی فێڵ و تەڵەکەیە! بی بی جانیان لێ کردووین بە شاسواری کوردایەتی. هەندێک بە ناوی کوردایەتییەوە و هەندێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆەوە، هەندێکیش چەشنی حەربا ڕەنگ دەگۆڕن، بە شەو میوانی دیوەخانی دەسەڵاتن و بە ڕۆژ ئۆپۆزسیۆنی عەیارە بیست و چوارن. هەندێک بە ناوی فەلەکی بەرکۆوە چۆن و چەند بە ئاسانی ئەم میللەتە لە خشتە دەبەن، هەرچی هات و خۆی لە میللەت کرد بە فریشتە، ئەم گەلە ستەم دیدەیەش، ئەو برایم زەبووکانەی لێ بووە بە فریادڕەس. دەی دەنگدەری هەژار سۆزی، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد پەنجەی شایەتمانت توند بگوشە، هەروا ئاسان مەیکە بە مرەکەبەکەدا. لەبیرت بێ، چۆن برسییان کردی. دەڵێن نییە، دەڵێن هەرئەوەیە، لە قەیرانداین، کەچی خۆیان چۆن دەژین! هەر خۆیان نا، پاکاری پاکارەکانیان وەک پاشا ڕادەبوێرن، دەمە دەمی بانگەشە نزیکە، کاندید وەک دەجال دەڕژێنە بازاڕەوە، دەستی پیر و چاوی جاحێڵ ماچ دەکەن، سواڵی دەنگ دەکەن، بەڵام هەر ئەوەندەی دەمیان گەیشتە شۆربای پەرلەمان مڵچە مڵچ هەڵیدەلووشن و میللەتیش... میللەت؟! هیچ شەرم ناکەن دەڵێن میللەت لەوە زیاتر چی دەوێت! بەڵێ ڕاست دەکەن میللەتێک بە دەست و پەنجەی خۆی کەڵەگا دابتاشێ، ئیدی شەڕی چی دەفرۆشێ!

 

فەرهەنگی وشە دژوارەکان

بۆبلات: چۆرتم، کارەسات، کۆستی گەورە

سادەلەوح: خۆشباوەڕ، نادان، نەزان

تەڕیزە: سمت و ڕان

برووز بەستن: بەهێزبوون.

پەلەواژبوون: مردن

ئێسکی نێو برین: کەسێک کە هەمیشە مایەی دەردەسەری بێت

جیفەی دنیا: ماڵ و سامان و دەسکەوتی ئەم دنیایە.

بی بی جان: بووکەڵەی شانۆ

فەلەکی بەرکۆ: مەبەست لە خودایە

برایم زەبووک: پاڵەوانە ساختەچییەکەی ڕۆمانی قۆڵبڕی عەزیز نەسین

سۆزی: بەیانی، سبەینێ

پاکار: خزمەتکار، نۆکەر

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار