بەپاڵ کتێبی سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبی و پرسی کورد بوونەوە

ئەبوبەکر کاروانی
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەبوبەکر کاروانی
ئەم کتێبە لەنووسینی( دکتۆر مەجید ساڵح)ە، کەلە بنەرەتدا پاشخان چەپ بووە، بەڵام لە پرۆسەیەکی خۆ بیناکردنەوەی فیکریدا، دابرانێ لە و پاشخانەی، لانی کەم بە ناوەرۆکە کۆنەکەی، بەقازانجی نەتەوەخوازیی کوردیی درووست کردووە، یەکێکە لەو قەڵەمانەی لە ئێستادا خزمەت بەناسنامەو نەتەوەسازی کوردی و دووبارە بیناکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردستانی دەکات.
ئەم کتێبەشی، کەلەریزی کتێبە باشترینەکانە کەبەزمانی کووردی لەسەر سووڵتان سەلاحەدین نووسراون، دەچێتە ئەو چوارچێوەوە. واتە ئەوەی دکتۆر مەجیدی هانداوە بۆ نووسینی کتێبەکە، خەمە ناسیۆنالیستیە کوردییەکەیە، دەرککردنی قووڵە بەو راستیەی سەلاحەدین لەم روەوە وەك رەمزێکی مەزنی ئیسلامی و مرۆڤایەتی و گەورەترین رەمزو قارەمانی مێژوویی کورد، دەتووانێت رۆڵێکی گەورەو کاریگەر بۆ ئێستای ناسیۆنالیزمی کوردی ببینێت. سەلاحەدین لەم رووانگەو چووار چێوەشدا تەنها رەمزی دیندارە کوردەکان نییە، بەڵکو رەمزی هەموو نەتەوە خوازێکی کوردو نیشتیمانپەروەرێکی کوردستانییە، کەلە خەمی ناسنامەو نیشتیمان و نەتەوە سازیدایە لە کوردستاندا.
واتە بۆ ئەوەی لە کوردستاندا شانازی بەسەلاحەدینەوە بکەی تەنها ئەوەندە بەسە کورد یاخوود کوردستانی بیت، بەرامبەر مێژوو ئێستاو ئایندەی نەتەوەکەت خەم سارد نەبیت و لە رۆڵی رەمزی نەتەوەیی لە رواندنی هەست بەشانازی و هاندان بۆ دووبارە ئامادەبوونی مێژوویی لەسەر شانۆی رۆژهەڵاتدا تێبگەی.
بەحوکمی ئەوەی نەتەوایەتی رەمزەکانی پێش خۆی بەنەتەوەیی دەکات و دەیانخاتە خزمەت پرۆژەی دووبارە بیناکردنەوەی نەتەوەوە.
بەواتایەکی تر، رێزگرتن لە رەمزەکان بەواتا نەتەوەییەکەی، سنوورە ئایدۆلۆژییەکان تێدەپەرێنێت و ناسنامەی نەتەوەیی دەخاتە پێش ناسنامەکانی ترەوە.
لێرەشەوە هەڵەیەکی کوشندەیە شەری عەلمانییەت و چەپ لەگەڵ رەمزە نەتەوەییە ئیسلامییەکان بکرێت و مەسەلە نەتەوەییەکە بکرێتە قووربانی، هەوەك هەڵەیەکی گەورەو کارێکی نانەتەوەییە ئیسلامییەك لە سۆنگەی ئایدۆلۆژییەوە، عەلمانیبوونی هەندێ لە رەمزەکان بکاتە پاساوی دەرکردنیان لە بیرکردنەوەی خۆی و هێرشکردنە سەریان.
لێرەشەوە، لۆژیکی ناسیۆنالیزم، مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی و بەشێ لە واقیعەکەی ئێستاش، وێناکردنی هەندێ نووسەرو رۆشنبیر بۆ مشت و مرەکانی ئەم دوواییە لەسەر پێگەو رەمزبوونی سەلاحەدین، لەبەر گی ململانێی تەوژمی ئیسلامی و نەتەوەیی رەتدەکاتەوە.
بەحوکمی ئەوەی ناسیۆنالیزم وەك سەرەتای سیاسی بەوجۆرە ناروانێتە مەسەلەکە، کاتێك ناسیۆنالیزمی کوردیش لە نیوەی سەدەی بیستەمدا بۆ زیاترلە پەنجا ساڵ کاری لەسەر ناساندنی سەلاحەدین بەماڵە نەتەوەییەکەی خۆی وەك رەمزو قارەمانێکی مێژوویی کردووە، هێشتا شتێك بەناوی تەوژمی ئیسلامی لەم وڵاتەدا بوونی نەبووە، لە ئێستاشدا بوونی کەسانی وەكو دکتۆر مەجیدو سۆرانی حەمەرەش لەپاڵ ئێمەمان و چەندەهای تر وەك بەرگریکارێك لە رەمزییەتی سەلاحەدین و بایەخی گەورەی ئەو بۆ ئێستای ناسیۆنالیزمی کوردی، دیسانەوە ئەو جۆرە وێناکردنە پووچەڵ دەکاتەوە.
چوونکە نەتەوەییە پاشخان ئیسلامی و سکیۆلارەکان دەخاتە سەنگەرێکی هاوبەشەوە.
بایەخی ئەم کتێبەش جگە لە زانیارییە مێژووییەکانی ناوی، دەگەرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە
دووبارە بیناکردنەوەی وێنای سەلاحەدین وەك رەمزێکی نەتەوەیی کوردی لە بیرکردنەوەی نەوەی نوێدا، دووای ئەو شێواندنەی لەسەر دەستی هەندێك کەس لە ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکە لەدوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە تووشی هاتووە.
کتێبەکە بە دیدێکی مێژوویی زانستی و هەناسەیەکی ناسنامەسازییانەی نەتەوەییەوە نووسراوە، هەوڵدەدات سەلاحەدین لەسیاقە مێژووییەکەی خۆیدا وەك سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی بناسێنێت، بیسەلمێنێت کە کوردی لە دەرگایەکی گەورەوە کردووە بەبەشێك لە مێژووی حوکمڕانی و شارستانی ناوچەکە، لە سۆنگەی ئەخلاقی جووامێرانەشەوەڤسەلاحەدین تێکەڵاو بە مێژوو خەیاڵدانی خۆرئاواییەکان بووە، کوردی بە جیهان ناساندووە، وەڵامی زۆرێ لەو تۆمەت و خراپ خوێندنەوانەش دەداتەوە کە بەدەوری کەسێتی ئەم مرۆڤە مەزنەدا درووست کراوە.
دەیخاتە روو ئەو وەك کوردێك بە پێوەرەکانی قۆناغە مێژووییەکە بە باڵای بەرزەوە چۆتە ناو مێژووی ناوچەکەو جیهانەوە، ئەرکی ناسیۆنالیزمی کوردییشە لە سەردەمی بەجیهانیبوونی نەتەوایەتیدا وەك مەزنترین رەمزی مێژوویی خۆیی بیخاتە خزمەت دووبارە هەڵسانەوەی خۆی. هەندێ وردە سەرنجیشم دەربارەی هەندێ بیروڕای نووسەر لەلاپەرەکۆتاییەکانی کتێبەکە لەوانەش لەمەر کاریگەری مەزهەبی شافیعی لەسەر بیرکردنەوەی سیاسی سووڵتان سەلاحەدین و چاونەبرینە پێگەی خەلیفە لەبەغدا هەیە، کەهەندێکیانم بە نووسەر گەیاندووە.
لەکۆتایشدا دەستخۆشی لەدوکتۆر مەجید دەکەم لەسەر ئەم ئیزافە جووانەی بۆسەر کتێبخانەی کوردیی، هیوای سەرکەوتن وبەردەوامی بۆ دەخووازم، پێشم وایە کتێبێکە لەبووارەکەی خۆیدا شایانی خوێندنەوەیە بەتایبەتیش بۆ نەوەنوێکانی ئەم وڵاتە.
