ئایا ئەمریکا لە رۆژاڤا دەکشێتەوە؟

ئارام ڕەفعەت

10 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

لەم چەند رۆژەدا هەواڵی دژەکۆک لەمەڕ کشانەوەی هێزەکانی  ئەمریکا دەبیسرێن. بۆ جاری دووەمە لەم ساڵەدا رۆژنامە ئیسڕائیلییەکان بانگەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا دەکەن.

جاری یەکەم، دوای دەسبەکاربوونی ترەمپ و جاری دووەمیش، لەم چەند رۆژەدا.

یەکەمیان خودی ترەمپ بێ ئاگایی خۆی پیشاندا لەو هەواڵەی  رۆژنامە ئیسڕائیلیەکان لەسەر زاری ئەو بڵاویان کردەوە و  هی ئەم چەند رۆژەش پەنتاگۆن رەتی کردەوە.

هەردوو جارەکە هەواڵەکان بوونە بابەتی گەرمی میدیا عاڕەبییەکان و شرۆڤەکارانی عاڕەب کەوتنە باسی سیناریۆگەلی دوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان.

ئەم هەواڵە ئیسرائیلیاتانە بەتایبەتی دەبنە بایەخی ئەو میدیا عاڕەبییانەی کە خەون بە کشانەوەی  ئەمریکییەکان و داگیرکردنەوەی رۆژاڤا و کۆتایی ئەزموونی خۆسەر دەبینن.

 بۆ نموونە کەناڵی  ئەلشەرق دوێنێ رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٧٠ تانک و ئۆتۆمبێلی پڕ لە سەرباز و تەقەمەنی  بنکەی کۆنیکۆی بەرەو هەرێمی کوردستان کشاندەوە.

میدیای سوری نزیک لە جۆلانی و  باندەکانی سەر بە تورکەکان دەڵێن هێزە خێڵەکییەکانی دێرەزۆر خۆیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکانی دێرەزۆر ئامادە دەکەن.

بەڵام، لای پەنتاگۆن باسێکی ترە. ئەوان دەڵێن هێزەکانمان  لە رۆژاڤا ناکێشینەوە، بەڵام بەگوێرەی دۆخەکە کەم و زیاد و شوێنی بنکەکانیش ئاڵوگۆڕ پێدەکەین.

بەو ئاراستەیەدا، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵێکی دڵخۆشکەری پێیە.

روانگە دەڵێت، ئەمریکا بنکەی سەربازی کۆنیکۆ دەگوازێتەوە بۆ بەنداوی تشرین و لەوێ بنکەیەیەکی گەورە دەکاتەوە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، هێزەکانی ئەمریکا  ئیستیتلاعێکی دەوروبەری بەنداوەکەیان کرد.

 

 هەر بەهەمان ئاراستەدا، دوو هەفتە لەمەوبەریش ئەمریکا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی لە بنکەی ئاسمانی ئەلزەمیری نزیک بە دیمەشق  دەست پێکرد.

ئەگەر  ئەمریکا  هێزەکانی بنکەی کۆنیکۆ بباتە بەنداوی تشرین، ئەمە وەرچەرخانێک دەبێت بەقازانجی رۆژاڤا.

بوونی بنکەکە لە بەنداو نەک هەر کۆتایی  بەشەڕی چوار مانگەی تورکەکان و چەتەکانی دژ بە ڕۆژاڤا دێنێت، بەڵکو بۆ درێژماوە هەڕەشەی تورکەکان پوچەڵ دەکاتەوە و گرنگترین کارتی فشارەکانی تورکەکان، کە هەڕەشەی سەربازییە دەسوتێنێت.

رۆژاڤا لە ژێر فشار و هێرشی سەربازی تورکەکان لە چوار مانگی رابردوودا هەم بواری مانۆڕی سەربازییان بەرتەسک بۆتەوە و هەم سەقفی داخوازییەکانیشیان دابەزاندووە.

ئەم وەرچەرخانە، ئەگەر روو بدات، رۆژاڤا دەتوانێت لەئێستاوە بەقەد پێگەی بەهێزی خۆی لەگەڵ جۆلانیدا سات و سەودا بکات.

جگە لەوە، گۆڕینی بنکەی کۆنیکۆ بە بنکەی بەنداوی تشرین مانایەکی سیمبۆلی و مەعنەوی گەورەی هەیە.

 

چیتر ئەمریکا  وەک ئەوە دەرناکەوێت کە لەپاڵ شەڕی داعشدا بەدوای کۆنترۆڵ کردنی سەرچاوە نەوتیەکانی رۆژاڤا دا نییە و دەبێتە گۆڕانێک لە ستراتیژی مانەوەی لە رۆژاڤادا، ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییە درێژ مەوداکانێتی، کە  رۆژاڤا تێیدا وەک هاوپەیمانی  درێژمەودا رۆڵ دەبینێت.

جگە لەوە، بوونی ئەمریکا لەبەنداوی تشرین، بەمانای گۆڕینی ئامانجی بەرەوڕووبوونەوەکانی دێت، لە داعشەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی کە لە رۆژاڤای بەنداوەکە و روباری فوڕات دێت. ئەمەش گەورەترین وەرچەرخان دەبێت .

ئەمریکا بەکام ئاراستەدا دەڕوات،   کشانەوەی هێزەکانی بۆ دەرەوەی رۆژاڤا یان جێگیرکردنی لە بەنداوی تشرین هێشتا تەواو روون نییە.

بەڵام لەهەردوو حاڵەتەکە، ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی مەعنەوی  رۆژاڤا و پارێزەری زەمین و ئاسمانەکەی دەمێنێتەوە، هەروەک چۆن لە نزیک بە دەساڵی رابردوودا کردووە.

بەڵام، بەدڵنیاییەوە  چوونی هێزەکانی بۆ بەنداوی تشرین، کە ئەمە ئەگەرە بە هێزەکەیە، پێگەی رۆژاڤا  بەهێزتر دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار