ئەو تورکمانەی ژیانی خۆی پێشکەش بە کورد کرد
.jpg)
سەڵاح خدر
10 كاتژمێر لەمەوپێش
سەڵاح خدر
هەندێک مرۆڤ هەن لەپێناو کوشتندا دەژین، هەندێک مرۆڤیش هەن لەپێناو ژیاندا دەمرن. ئەمە گوتنێکی سری سورەیا ئۆندەرە کەلە فیلمی ١٤ تەمووزی زیندانیانی سیاسی ئامەد دا گوتویەتی.
گەرچی لەسەرەتای دروستبووی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەوە و پێش ئەوەش لەناو گروپی ئاپۆچیەکاندا چەندین تورکی مرۆڤدۆست و چەپ و ئازادیخواز لەدامەزراندنیدا هەتا شەهیدبوونیان هەبوون نمونەی شەهیدان حەقی قەرەر و کەمال پیر تا ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان و هەزاران گەریلا و کارگێڕی لە ڕێکخستنە جیاوازەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردا.
سری سورەیا ئۆندەر نوسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەداری تورکمانان گەرچی بە مرۆڤێکی بەئیرادەی بەهێزی سیاسی و باوەڕی توند و بوێر و پیتەوی خۆی لەپێناو ئازادی گەلی کوردا ناسراو بوو لەهەمان کاتیشدا بە قسە و پەیڤە خۆشە دانسقەکانی زۆر جار دوژمنانی سەرسەختی کوردی دەخستە پێکەنین.
ئۆندەری چەپ و دیموکراتیخواز ماوەی ٤٧ ساڵە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو بزوتنەوە و ڕێکخستنە ئازادیخوازەکانی گەلی کوردا تێکۆشان بۆ گەڕانەوەی مافە داگیرکراوەکانی کوردان دەکات.
ئۆندەر ساڵی 1962 لە شاری ئادیامانی باکوری کوردستان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لە باوک و دایکێکی تورکمانی سەرتاش و ئەرزوحاڵچی لەدایک دەبێت، باوکی لەدامەزرێنەرانی لقی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە.
ئۆندەر تەنها تەمەنی هەشت ساڵان دەبێت کاتێک باوکی بەنەخۆشی جگەر کۆچی دوایی دەکات، بۆیە لەگەڵ هەر چوار خوشک و براکانیدا بەناچاری لەماڵی باپیرەیان دەژین.
لەتەمەنێکی بچووکدا دەبێتە شاگری وێنەگرێک و بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات.
لەساڵی ١٩٧٨ دا کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی دەبێت بۆ ئیدانەکردنی ئەو زوڵمەی لە گەلی کورد دەکرێت بەشداری خۆپیشاندانەکان دژ بە کۆمەڵکوژی ئەو ساڵەی کوردانی عەلەوی مەڕەش دەکات و بەو هۆیەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.
ئۆندەر پاش ئازادبوونی دەچێتە کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرە.
بەڵام لە کودەتای ساڵی ١٩٨٢ی جەنەراڵ کەنان ئەڤرەندا دەستگیر دەکرێت و ماوەی حەوت ساڵ لەزیندان دەمێنێتەوە.
لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا ساڵی 2011 لەناو بەرەی ڕەنج و دیموکراتی و ئازادی کە پارتی ئاشتی و دیموکراتی (دەبەپە) پشتگیری دەکرد دەبێتە کاندید لە لقی دووی ئیستەمبوڵ و بۆ یەکەمجار دەبێتە پەرلەمانتار.
لەساڵی 2014 دەبێتە کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەمبوڵ بەڵام ساختەکارییەکانی دەوڵەت ڕێگری لەسەرکەوتنی دەکات.
لەهەڵبژاردنەکانی پەلەمانی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠١٥ جارێکی تر لەسەر لیستی هەدەپە دەبێتە کاندیدی شاری ئەنقەرە و سەرکەوتوو دەبێت. ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتەوە بە کاندیدی دەم پارتی لەسەر شاری ئستەمبوڵ و ئەمجارەش سەردەکەوێت.
ئەم تورکمانە بەهۆی پەرۆشی بۆ دۆزی کورد و خۆشەویستی بۆ نەتەوەی کورد لەساڵی ٢٠١٣ هەتا پێنجی نیسانی ٢٠١٥ دەبێتە ئەندامی سەرەکی شاندی دانوسانکاری ئیمراڵی بۆ دیدارەکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکەدا.
سری سورەیا ئۆندەر هاوشانی پەرلەمانتارانی پەروین بوڵدان و ئیدریس بالوکەن یەکێک بوو لەو کەسانەی لە ٢٨ی شوباتی 2015 دا ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی ئاشتی دۆڵمەباخچەی لە نێوان کورد و دەوڵەتی تورکی واژۆ کرد، بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تاکلایەنە ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆزەخی شەڕی داگیرساندەوە.
ئۆندەر لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ شاری ئامەد دا نامەی ڕێبەر ئۆجالانی بۆ ئاشتی و دیموکراتی خوێندەوە، هەربۆیە پاش تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی خوێندنەوەی ئەو نامەیە دەکرێتە بیانوو و لە سێی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨ دەستگیری دەکرێت تا چواری تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەزینداندا دەمێنێتەوە.
بەڵام هیچ یەکێک لەو گرتن و لەمپەرانە ناتوانێت لەمپەربێت لەبەردەم تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی ئۆندەر و لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا جارێکی دیکە دەبێتەوە نێوبەیندکار و دۆسیەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی پرسی کورد دەگرێتەوە دەستی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرەدا.
جیاواز لە مەیدانی سیاسی ئۆندەر نوسەر و ئەکتەرێکی بەتوانایە کە بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی تورکیا زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.
لەوانەش
پەڕتوکی بەینەلمیلەل ساڵی 2009
زنجیرە فیلمی ئەمرکە فەرماندەم 2005 بۆ 2008
زنجیرە فیلمی پیاوێکی بێدڵ 2008
هەروەها وەک دەرهێنەر یاخود نوسەر و ئەکتەر خاوەنداری و بەشداری لە 13 فیلمدا هەیە کە ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە.
خەڵاتی هەژدەهەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەنقەرە بۆ باشترین سیناریۆ
خەڵاتی چواردەهەمین ڤیستڤاڵی فیلمی گۆزەی ئاڵتون بۆ باشترین سیناریۆ
خەڵاتی حەوتەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کاراچی بۆ باشترین دەرهێنەر
ئۆندەر لە زۆربەی فیلمەکانیدا گوزارشت لە مەعانات و ئەو زوڵم و نەهامەتیانە دەکات کە لەلایەن ڕژێمەکانی تورکیاوە بەسەر گەلی کورد دا هاتوون هەر لە شار و چیاکان تا کونجی تاریکی زیندانەکان.
سری سورەیا ئۆندەر چەند ڕۆژێک دوای گەیاندنی پەیامی ئاشتی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئەردۆغان و بڕیاربوو دیداری دواتریان لەگەل وەزیری داد ئەنجامبدەن بەڵام لە شەوی ١٥ی نیسانی ئەمساڵدا توشی جەڵدەی دڵ دەبێت و تا ئەمساتە لە بێهۆشیدایە و لەژێر چاودێری چڕدا دەژی و ئەو دۆستە بەهادارەی کوردان ژیانی لەمەترسیدایە.
ئۆندەر لە پەڕتوکی بەینەلمیلەلەدا دەڵێت، گریان برای پێکەنینە، ئەو نەگری ناتوانێت پێبکەنێت.
ئێستاش نەخۆشکەوتنی خەباتگێڕی دانەبڕاوی ئۆندەری تورکمان لەپێناو ئاشتی و مرۆڤایەتیدا نەک چاوی فرمێسکاوی و دڵی هەموو کوردێکی وڵاتپارێزی غەمگین کردووە بەڵکو دوژمنە سەرسەختەکانی گەلی کوردیش پەرۆشی خۆیان بۆ ئەو نیشانداوە.
