عەلی قەرەداغی مەلایەک لەسەر خەتی مەلای خەتێ

ئارام ڕەفعەت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

لە کریستیانەتیدا چیرۆکی یەهودای ئەسقەریۆت هەیە. ئەو یەکێک بووە لە ١٢ شاگرد و شوێنکەتە و نێردراو و متمانە پێکراوەکانی عیسای مەسیح.

لە چیرۆکەکەدا، یەهودا لەبەرامبەر ٣٠ دراوی زیودا خیانەتی لە مەسیح کرد و بە رۆمانەکانی ناساند و بووە هۆی لەخاچدانی. لە بەرامبەردا کریستیانەکان نازناوی خائینی هەتا هەتاییان پێ بەخشی.

لەناو کوردا، خیانەتی مەلای خەتێ لە میری کۆرە، سیمبولی خائینی هەتا هەتاییە.

بەگوێرەی چیرۆکە کوردییەکە، مەلای خەتێ موفتی و باوەڕپێکراو و موچەخۆری میر بوو. بەڵام بە فەتوایەک لە بەرژەوەندی تورکەکان خیانەتی لە میر کرد و بووە هۆی روخانی میرنشینەکەی.

فەتواکەی عەلی قەرەداغیش لە داگیرکردنی عەفریندا لەسەر هەمان خەتی مەلای خەتێیە و بەو هۆیەشەوە یەهودائاسا دەبێتە خائینی هەتا هەتایی.

 

عەلی قەرەداغی چی کرد؟

رۆژی ٢٠ی مانگی یەکی ٢٠١٨ تورکەکان هێرشێکی داگیرکاری فراوانییان کردە سەر کانتۆنی عەفرین. هێرشەکە هێندە نارەوا و بێ پاساو  و لەهەمان کاتیشدا دڕندانە بوو، سەرجەم وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان، لە ئاستی جۆاوجۆردا نیگەرانی و نارەزایەتییان بەرامبەر ئەو هێرشەی تورکەکان دەربڕی. وەک هەمیشە فەرەنسا پێشەنگی ئەم نارەزایەتییانە بوو و داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد .

یەکێتی ئەوروپا، لەناویشیاندا ئەڵمانیا، هەروەها ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، روسیا و کۆمکاری عەرەبی هەریەکە و بە ئاست و زمانی جیاواز نیگەرانییان دەربڕی.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ئەمنستی ئینتەرناسیونال و هیومان رایتس وەچ، بەردەوام بە بەیاننامەی توند و داتای جۆراوجۆرەوە ئەو هێرشە دڕندانەیەی تورکەکانیان مەحکوم دەکرد.

تورکیا هەرگیز هێندە خۆی بە دابڕاو و قێزەون لەسەر ئاستی دونیادا نەدیتبوو.

ئا لەو کاتەدا، تورکەکان خەنجەێکی ژەهراویان دایە دەست عەلی قەرەداغی تا لە پشتی کورد و بەرخۆدانە ئەفسانەییەکەی عەفرینی بدات.

عەلی قەرەداغی، ئەوسا یەکێک بوو لەو ٣١ ئەندامەی کە کۆمەڵەی ئەمیندارێتی یەکێتی زانایانی ئیسلامی پێکدێنا و ئەو ئەمینداری گشتی یەکێتیەکە و یوسف قەرزاویش سەرۆکی بوو.

لەو ٣١ ئەندامە، زۆرینەیان عەرەب و هەندێک ئەفریقی و مالیزی و ئەندۆنیزی و دوو تورک هەبوون. تورکێکیان ناوی  عەبدولوەهاب ئیکینجی و ئەوی تریشیان واسف عاشور بوون و هەردوکیاب پۆستی باڵایان هەبوو.

بەڵام جگە لە عەلی قەرەداغی، سەرجەم ئەو٣١ ئەندامەی تر بێدەنگییان لە ئاست داگیرکارییەکە هەڵبژارد. لەناو هەمواندا، عەلی قەرەداغی کەوای سوری بەرلەشکری تورکە داگیرکەرەکانی پۆشی.

 

عەلی قەرداغی چۆن خەنجەری لە پشتی میللەتەکەی خۆیدا؟

ئەو لە ٢٤ی مانگی یەکدا، واتە لە چوارەم رۆژی هێرشە سەربازییەکەی تورکەکان بۆ سەر عەفرین، بەیاننامەیەکی بۆ پشتیوانی و شەرعییەتدان بە داگیرکارییەکە دەرکرد و کۆپییەکی بۆ میدیا تورکەکان نارد.

کەم وڵاتی دونیا هەبوو باوەڕ و شەرعییەت بدەنە پاساوی بێ بنەمای تورکەکان کە گوایە ئەم هێرشەی بۆ سەر عەفرین لە چوارچێوەی مادەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و بۆ بەرگریکردنە لە سنور و ئاساییشی وڵاتەکەی.

بەڵام عەلی قەرەداغی نا، ئەو لە بەیاننامەکەیدا شەرعییەتی دایە شەڕە داگیرکارییەی تورکەکان. ئەو وتی تەئیدی مافی تورکەکان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی سنور و گەلەکەیان بەهەموو شێوازێکی مەشروع دەکەم.

لە کاتی بەیاننامەکەدا، تورکەکان چوار رۆژ بوو بەو شێوازە مەشروعە تەڕ و وشکی ژن و منداڵی ئەم پارچە ئازیزەی کوردستانیان دەسوتاند و ئاگربارانیان دەکرد.

بۆ شەرعییەتدان بەو داگیرکارییە، عەلی قەرەداغی سێ تۆمەتی مەترسیداری دایە پاڵ شەڕڤانانی کورد..

لە تۆمەتی یەکەم دا، خۆسەریی رۆژاڤای بە پرۆژەیەکی ئەمریکی زایۆنی ناساند و خۆیشی وەک دوژمنێکی سەرسەختی ئەو پرۆژە زایۆنییە. بەعسییەکانی عێڕاق و سوریا بۆ دەیان ساڵ تۆمەتی پرۆژەی زایۆنیبوونی خواستە رەواکانی کوردیان وەک پاساوێک بۆ سەرکوتکردنی کورد و ئینکاریی مافەکانی بەکارهێنا.

عەلی قەرەداغیش بۆ پشتیوانی داگیرکاری تورکەکان ئەم سوننەتەی عەفلەقیەکانی زیندوو کردەوە و بەرگێکی ئایینی کردە بەر.

دووەم تۆمەتی عەلی قەرەداغی بە ئیلحاد وەسفکردنی تەڤگەری کوردە لە رۆژاڤا. ئەم فەتوای ئیلحادەی قەرەداغی پێشتر هەر یەک لە داعش و جەبهەی نوسرە بۆ شەڕ دژی کورد بەکاریان هێناوە.

هێرشی جەبهەی نوسرە بۆ سەر سەرێکانی لە تەمووزی ٢٠١٣ و شەڕی داعشیش بۆ داگیرکردنی کۆبانێ لە ئەیلولی ٢٠١٤ لەژێر پاساوی شەڕکردن لە دژی "ئیلحاد"دا بوون.

دوای چوار ساڵ، قەرەداغیش بەهەمان چەکە چروکەکەی داعش بۆ دژایەتیکردنی کورد چووە سەنگەرە خوێناوییەکەی تورکەکانەوە.

تۆمەتی سێیەمی عەلی قەرەداغی تیرۆریستبوونی کوردە. ئەم فیکەیەشی هی خۆی نەبوو و هی سوڵتان ئەردۆغان بوو. تورکەکان تەنها میللەتن کە تۆمەتی تیرۆریستبوون دەدەنە پاڵ شەڕڤانانی کورد.

سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕ لە دژی تیرۆر، هەر لە ئەمریکا و کەنەداوە تا سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا، شەرڤان نەک هەر بە تیرۆریست نازانن، بەڵکو وەک هاوپەیمانێکی کاریگەری دژەتیرۆر مامەڵە لەگەڵ شەڕڤانان دەکەن.

عەلی قەرەداغی بە ئیستیغلالکردنی پێگەی خۆی لە قەتەرەوە بە جیهانی وت، هەڵەتان کرد، شەری تورکەکان دژی شەڕڤانانی کورد شەری دژە تیرۆرە.

عەلی قەرەداغی دەیتوانی بێدەنگ بێت، وەک چۆن هەر ٣٠ ئەندامەکەی تر بێدەنگ بوون. بەڵام،  ئەو نەیتوانی لەخەت لابدات، لە خەتی مەلای خەتێ و بەرگی کەوا سوری بەرلەشکری تورکەکانی پۆشی.

کریستیانەکان یەک یەهودایان هەیە کە خائینی هەتاهەتایی بێت، کورد چەندانی هەیە، یەکێکیان عەلی قەرەداغیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار