ئەمەریکا یان ئێران کامیان براوەی دانوستانەکان دەبن؟

ھیوا سەید سەلیم
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ھیوا سەید سەلیم
دوای ئەوەی ئەمەریکا لەسەر دەسەڵاتی دۆنالد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێکەوتنی پیتاندنی چەکی ناوەکی ئێران کشایەوە، ئەو وڵاتە کۆمەڵێک سزای قورسی بەسەر ئێران سەپاند، بەڵام دوای زیاتر لە شەش ساڵ و خولێکی دیکەی دەسەڵاتی ترەمپ لە کۆشکی سپی، وا جارێکی دیکە دانیشتنەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر داوای خودی ترەمپ دەستی پێدەکەنەوە.
پێش ئەوەی قسەوباس لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا کامیان براوەی ئەو گەڕەی دانووستانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەبێت؟، دێین قسە لەسەر ئەوە دەکەین ئایا چ شتێک بووە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە ئەم دووانە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان؟
سەرەتا با باس لە ئێران بکەین، ئێرانێک کە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ھیچ متمانەیەکیان بە دۆنالد ترەمپ نییە، بۆیە ئەوان لەگەڵ کەسێک ناچنە ناو دانوستان کە پێشتر لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە، ئایا بۆچی ئێران کە بڕیاربوو نەچێتە ژێرباری ھەڕەشەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوان دانیشتەوە؟ ئەمانە ئەو ھۆکارانەن ھانی ئێرانی دا بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەمەریکا:-
- نیگەرانی و ترسی ئێران لە گەشەسەندنی توانای سەربازی ئەمەریکا بەشێوەیەک کە دەتوانێت چەکە ناوکیەکانی ئێران لە قوڵایی زۆر لەناو ببات، ئەم ترسەی ئێران لە کاتێک درووست بوو کە ئیسرائیل توانی لە قوڵایی بینایەکی شەش نەھۆمی حەسەن نەسرولڵا ڕابەری بزووتنەوەی حەماس بەچەکی ئەمەریکی بکوژێت.
- ئومێدی ھەڵچنینی ئێرانییەکان لەسەر ئەوەی دانوستانەکانی ئەم دوایە بگاتە شوێنێک کە ئەمەریکا بچێتە ژێرباری ھەڵگرتنی سزا ئابووریەکانی سەر وڵاتەکەی، کە ساڵانێکە فشاری زۆریان لەسەر ژێر خانی ئابوری ئێران درووستکردووە.
- لە دەستدانی متمانەی ئێرانییەکان بە ھاوپەیمانەکانی بەوەی لەکاتی درووستبوونی جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا پشتیوانی لێ بکەن، بە تایبەت روسیا و چین، کە یەکەمیان لەمێژ نییە چۆتە ناو رێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئێران لە بوارەکانی سیاسی و سەربازی و ئابوری.
ھەرچی لایەنی ئەمەریکایە دوای حەوت ساڵ لە کشانەوەی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران چەند ھۆکارێک بوونەتە پاڵنەری وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی لەگەڵ ئێران ئەویش بریتیین لە:-
- ئەمریکا گەیشتۆتە ئەو ڕایەی کە تەنیا بە بژاردەی سەربازی ناتوانێت چەکی ناوەکی ئێران بەیەکجاری لەناو ببات.
- ترسی ئەمەریکا لەوەی کە لە کاتی پەلاماری سەربازی وڵاتەکەی بۆ ئێران ھاوپەیمانە ھەرێمایەتیەکانی لە ناوچەکە بکرێنە ئامانج.
- خواستی ئەمەریکا لە بەشداری کۆمپانیاکانی لە سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ئێرانی دوای ھەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەری.
- پاراستنی "کۆریدۆری ئابوری" کە ئەمەریکا وەک جێگرەوەی ڕێگای ئاوریشمی چینی کاری بۆ دەکات.
کاتێک لە ھۆکارەکانی پشتی ئەو دانوستانەی نێوان ئەمەریکا و ئێران تێدەگەین، دەگەینە ئەو ڕایەی کە ھەردوو لایان لەو قۆناغەدا پێویستیان بە دانوستانە.
بەڵام ئەوەی ئەمەریکا لە ئێران جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەویان ھێزێک لە پشتی خۆی دەبینێت کە پێش دانوستانەکان لە ڕێگەی جولاندنی کەشتیە سەربازیەکانی (بو ئێس ئێس و کاڕل فینسۆن) بۆ ناوچەکە جۆرێک ترسی لای ئێرانیەکان درووستکردوە، بەوەی ئەو جارەیان ئەمەریکا لە ھەڕەشەکانی جددی بێت
تا ئێستا دوو گەڕێ دانیشتن لە نێوانی ئەمەریکا و ئێران ئەنجام دراون، بۆیە ھیشتان زووە بڕیار لەسەر لایەنی براوە بدرێت، بەڵام ھەردوولا باس لەوە دەکەن کە چوونەتە ناو پڕۆسەیەکی جددی.
