کابینەی نوێی و کارنامەی کۆن
6 ساڵ لەمەوپێش
گرنگترین ئەو گۆڕانەی هەڵبژاردنی عێڕاق لەگەڵ خۆی هێنای زیاتر بەهێزکردنی پێگەی شیعە بوو لە وێناکردنی قۆناغی نوێی حوکمڕانی لە عێڕاق، شیعە لەو هەڵبژاردنە توانیان هاوکێشە باوەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو عێڕاق بگۆڕن لە دابەش بوونی هێز و دەسەڵات بە سەر سێ لایەن بۆ کۆکرندەوەی لە دەستی لایەنێکدا.
شیعە توانیان شتێکی بەناوی هێزی سونە نەهێڵن و تەنها لەوە بچووکیان بکەنەوە کە بە سەر دوو بەرەی شیعە دابەشیان بکەن، لە نێوان عەبادی و عامری، هەروەها هەوڵیاندا ئەوە بەرامبەر کوردیش بکەن،سەرەتا سەرکەوتو نەبوون تا پرسی دانانی سەرۆک کۆمار تواناین زەفەر بە کوردیش ببەن و بە پەرت کردنی هێزە کوردستانیەکان و لێک ترازاندنی پارتی و یەکێتی بەخۆیان و بە دڵی خۆیان سەرۆک کۆماریان دیاری کرد.
عێڕاق زیارەکانە بەسەر دوو بەرەی یەک رەنگ و یەک ئامانج دابەش کرا، دوو بەرەی شیعە و یەک ئامانج،ئەوەش لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بە تەواوی دیار بوو کە عێڕاق سەرۆک وەزیرانی تێدا دەگۆڕدرێت و حیزبێک بەوەی دیکە دەدۆڕێت و دەگۆڕێت بەڵام ئەوەی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە ناوەندی هێزی بڕیاردانە کە نە حیزبەکانن و نە کەسەکانن بەڵکو ناوندی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای شیعەیە کە خۆی لە نەجەف و مەرجەعی باڵای شیعەکانە،لەوێشەوە بڕیار لە دانانی کەسەکان و حیزب و لایەنی سەرکەوتو دەدرێ،ئەوەش یەک شتمان وەبیردێنێتەوە کە هیچ هێز و کەسێک ناتوانێ لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران بجولێ و بڕیار بدا.
جیاوازی کابینەی نوێی حکومەتی بەغدا و سەرۆک وەزیرە نوێیەکەی لەگەڵ کابینەکانی دیکە تەنها ئەوەیە کە بارودۆخی هاتنەسەرکاری ئەوان لەگەڵ ئەوانەی دیکە جیاوازە بەڵام کارنامەیان یەکە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی شیعەیە لە ڕێگای کارکردن بە دوو ئاراستە یەکەمیان بەهێزتر کردنی ناوەندی بڕیاری شیعە،دووەمیان بێهێزتر کردنی نەیارانی شیعە کە کورد و سونەن،ئەو ئامانجە لە باوەڕ و دونیابینی شیعە نەگۆڕە و نە عەبدولمەهدی دەتوانێ لێی لابدا نە ئەو کورد و سونانەش کە لەلایەن شیعە داندراون دەتوانن شتێک بەرەواژی ئەوە بکەن.
کابینەکەی عەبدولمەهدی ناتواندرێ گرەوی لە سەر بکرێ کە باشتر و کراوەتر دەبێ بە سەر کورد ئەگەر بەخۆی پیاوەکی باش و دۆستێکی دێرینی کوردیش بێ، بەڵکو ئەوەی دەکرێ گرەوی لە سەر بکرێ لێکنزیک بوونەوەی هێزە کوردستانیەکانە لە یەکتری بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و سەرتاش بە دەربازکردنی گرێ کوێرەی سەرۆک کۆمار دەست پێ بکەن بە ئاراستەی دانیشتن و داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتی و ڕێکەوتنێکی تازە کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێ کە بناغەکەی گەڕانەوەی باوەڕی بێت بە یەکدی و دوور کەوتنەوە بێ لە عینادی سیاسی و تۆڵەکردنەوە لە یەکدی بێت.