كۆنگرەی ڕۆژئاوای كوردستان لەسەر هەڵكردنی ئاڵا و چاودێریكردن دواخراوە
.jpg)
سەرتیپ جەوهەر
3 مانگ لەمەوپێش
🔹 پێویستە پارتی و پەكەكە دەستی خۆیان لە بڕیاری ڕۆژئاوای كوردستان سوك بكەن
🔹 كۆنگرەكە گرنگییەكی مێژوویی دەبێت، چونكە پرۆژە و تێگەیشتنی كورد رووندەكاتەوە
🔹 پێویستە مافی گەلی كورد و چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە لە سوریا روونبكرێتەوە
✍️ سەرتیپ جەوهەر
بڕیاربوو 18ی ئەم مانگە لە قامیشلۆ كۆنگرەی هێز و لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بكرێت بە بەشداری هەموو لایەن و پێكهاتە كوردیەكان بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان و ماف و بەركەوتەی كورد لە سوریای نوێ، بەڵام مخابن كۆنگرەكە لەبەر چەند هۆكارێكی رانەگەیەنراو بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
هیچ كام لە لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆكاری دواخستنەكەیان رانەگەیاند، بەڵام (بەپێی سەرچاوەكان) پێدەچێت وردەكاریی رێكخستنی كۆنگرەكە وەك هەڵكردنی ئاڵا، پرسی چاودێریكردن، هەروەها بەشداریكردنی چەند هێز و لایەنێكی دەرەوەی رۆژئاوای كوردستان رێگر بووبێت لەبەردەم بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە لە 18 مانگ.
بۆ كورد كۆنگرەیەكی كوردستانی لە رۆژئاوای كوردستان گرنگییەكی مێژوویی هەیە. یەكەم بۆ یەكخستنی هێز و توانای كورد وەك نەتەوەیەكی چارەنوس نادیار، دووەمیش بۆ روونكردنەوە و ئامادەكردنی پرۆژەیەكی هاوبەشی كوردستانیی بۆ دیمەشق سەبارەت بە ماف و بەركەوتە و چارەنوسی كورد و جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان كە ئێستا تەواوی رۆژهەڵاتی فورات لەخۆدەگرێت.
لەماوەی 14 ساڵی رابردوو لە سوریا كورد پرۆژەیەكی هاوبەشی نەبووە. رەنگە یەكێك لە هۆكارەكان بەردەوامیی شەڕ و نائارامیی و هاوكات ناڕۆشنی هەڵوێستی وڵاتانی گەورەی وەك ئەمریكا و ئەوروپا بووبێت. ئێستا دەرفەتێك دروستبووە تا كورد یەك دەنگ پرۆژەیەكی روون پێشكەشی دیمەشق و وڵاتان بكات سەبارەت بە چارەنوسی خۆی و پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق، بەڵام هیچ پرۆژەیەك بەبێ یەكدەنگیی و یەكهەڵوێستیی و بەشداری كۆی لایەنە سیاسیەكان وەك پێویست سەركەوتوو نابێت. لەمەش گرنگتر، هێز و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی رۆژئاوای كوردستان، ئەوانەی كاریگەرییان لە رۆژئاوای كوردستان هەیە (پەكەكە و پارتی) پێویست دەكات دەستی خۆیان كەمێك سوكبكەن و هاوكار و پشتیوان بن و نەبنە رێگر لەبەردەم سەربەخۆبوونی ئیرادە و ویستی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان.
ئەو كۆنگرەیەی بڕیارە بكرێت (ئەگەر بكرێت) گرنگییەكەی تەنها گەڵاڵەكردنی پرۆژەی مافی گەلی كورد و بەركەوتەی رۆژئاوای كوردستان نییە لە سوریا، بەڵكو رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە روونكردنەوەی مەرجەعیەتی ڕۆژئاوای كوردستان بە مەرجێك كێشە و گرفتی بۆ دروستنەكرێت.
سێ تەوەری گرنگ هەیە پێویستە ئەم كۆنگرەیە روونیبكاتەوە:
یەكەم: روونكردنەوەی مافی گەلی كوردستان لە سوریا بە گشتیی. واتە داننانی ڕەسمیی و دەستوریی بە گەلی كورددا وەك نەتەوەی دووەم تا دەگاتە مافی سیاسی و ئیداریی و فەرهەنگی و گەرەنتیكردنی بەشداریی سیاسی لە دیمەشقی نوێ.
دووەم: روونكردنەوەی چارەنوسی جوگرافیای ڕۆژئاوای كوردستان بەگشتیی كە تەواوی رۆژهەڵاتی فورات لەخۆدەگرێت. لەمەدا رەنگە هێز و لایەنی سیاسی هەبێت پێیوابێت تەنها گفتوگۆ لەبارەی مافی گەلی كوردستان و سنوری جوگرافیای رۆژئاوای كوردستانەوە بکرێت كە مەبەست لێیان شارە كوردستانییەكانە، بەڵام ئەمە جێگەی مشتومڕە و قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چونكە ئەم پرسە تێكەڵ بەخواستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە.
سێیەم: چارەنوسی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هەم پارێزەری رۆژئاوای كوردستانە و هەمیش خاڵی پەیوەندی نێوان رۆژئاوای كوردستان و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپایە.
