فەیسبووک کابرا شۆڤێنییەکەی دا بەگرت!

3 مانگ لەمەوپێش



 

ئاوات جەمال ساڵح

کەسێک کە 21 عەقاراتی خانوو و زەوی بەناوەوە بێت لە کەرکوک و چەندان کەیسی گەندەڵی لەسەر بێت، سەیرە بوترێ بە ئەکاونتێکی ساختەی فەیسبووک چاڵیان بۆ هەڵکەند و رەوانەیان بنکەی پۆلیسیان کردووە.

راکان جبوری، پارێزگارە سەرەخۆر و شۆڤێنییەکە کە تەواو دژی کورد و پێکهاتە دژبەرەکانی بوون لە کەرکوک، دوای ماوەیەک لە هێنانە خوارەوەی لەسەر کورسی کەسی یەکەمی شارەکە لە بنکەی پۆلیسی ساڵحیەی بەغدا دەستگیرکرا، دەستگیرکردنی راکان پەیوەندی بە هەشت سکاڵاوە هەبوو، کە دادوەر دوو سکاڵایانی خستووەتە بەرباس، ئەوان لەناوخۆی خۆیان شەڕیانە لەگەڵ وەسفی عاسی و محەمەد تەمیم، دواجاریش ئەوان چاڵەکەیان بۆ هەڵکەند.

راکان گەرچی دەیان سکاڵای لەسەرە و تۆمەتبارە بە بەناوکردنی 21 عەقارات لە شارەکە و گلدانەوەی بڕی یەک ترلیۆن دینار لە پارەی پڕۆژە، بەڵام دەرکەوتووە برازایەکی راکان جبوری، پەیجی داناوە و هێرشی کردووەتە سەر وەسفی عاسی و محەمەد تەمیم، ئەوانیش لە ڕێگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە دۆزیویانەتەوە کە برازای راکانە و بە فیتی ناوبراو کارەکەی کردووە، تا دەستگیرکرا.

ئەوەتا لە پەڕەی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو کە هی وەسفی عاسییە، باسی پەیجە علوجەکەی راکان جبوری دەکات و بەفیتنە ناوی دەبات، ئەمەش دەریدەخات شەڕی ناوخۆی عەرەبی سونەیە، کەچی یەکێتی و نەوەی نوێ  بۆ موزایەدە خەریکە شەڕەکە دەپێچنە کورد.

ئەوە لە کاتێکدایە کورد لە شارەکە 108 پۆستی ئیداریی و 27 پۆستی ئەمنی لە دەستداوە، تاکی کورد لە کەرکوک، دوزخورماتوو، مەخموور و دەیان ناوچەی دیکە لەبری شەڕی حزب و بەرژوەندی، بەرپرسە کوردەکان چاویان لەوەیە پارە دزراوەکان و ئەو داوانامانەی هەیانە بۆ دورخستنەوەی کێشە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان کاریان لەسەر بکرێت.

بەڵام رێک بە پێچەوانەوە حزب و بەرپرسە کوردەکان، لەبری ئەوەی بزانن لەنێو خاک و ئیدارەیەکی عەرەبیدا چی دەکەن لە هەلی راپێچکردنی راکان جبوری بۆ بنکەی پۆلیس، کە لەسەردەمی ئەودا کورد لە کەرکوک چەوسێندرایەوە، کەچی خەریکی ئاهەنگ گێڕانن!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار