دەوڵەت باخچەلی و دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
ئامانجی ئەم نوسینە شیکردنەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەوڵەت باخچەلییە لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی تورکیا لە ڕێگەی دەوڵەتی قووڵەوە و لێکۆڵینەوە دەکات لە گۆڕانکارییەکانی بیری ناسیۆنالیستی کۆنەپارێزانە و هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە دواى ساڵی ٢٠١٦ و کاریگەرییەکانیان لەسەر تورکیا و ناوچەکە و بەتایبەت عێراق.
پێشەکی
چەمکی دەوڵەتی قووڵ (دێرین دەڤلێت) لە تورکیادا کە پێک دێت لە تۆڕێکی نافەرمی لە کارەکتەرە ئەمنی، سیاسی و بیرۆکراتەکان، کۆنتڕۆڵى پڕۆسەى بڕیاردان دەکەن لە دەرەوەی کەناڵە دیموکراسییە فەرمییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، دەڤلێت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی-مەهەپە، یەکێکە لەو کەسایەتییە کاریگەرانە کە ڕۆڵى هەیە لە ئاراستەکردنی سیاسەتى دەوڵەتى قووڵ بە ئامانجی خزمەتکردن بە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا.
پاشخان
ڕەگ و ڕیشەی بیری ناسیۆنالیزمی تورکى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانى سەدەى ڕابردوو، کە پاڵنەرەکەى ئەنجامدانى گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بوو. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی لاوانی ئۆلکو ئۆجاکلاری، هێدی هێدی بیرۆکەی تورکیای هاوچەشن - یەکپارچە دەستی بە دروست بوون کرد کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی سوننەی تورکیا دامەزرا.
دەڤلێت باخچەلی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨، وەک یەکێک لە کەسە دیارەکانى ئەم ژینگە ناسیۆنالیستییە دەرکەوت، خوێندنی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە و پەیوەندی بە پارتی کارى ناسیۆنالیستی و پاشان پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)ەوە کرد، دوای کۆچی دوایی ئەلپەرسن تورکێش دامەزرێنەری پارتەکە لە ساڵی ١٩٩٧، سەرکردایەتی پارتەکەى گرتە ئەستۆ.
دەوڵەتی قووڵ و میکانیزمی کاریگەری سیاسی
هەرچەندە دەوڵەتی قووڵ پێش باخچەلی بوونى هەبووە، بەڵام ناوبراو توانى بە سەرکەوتوویی گۆڕانکارییەکانی دوای کودەتاکانی ساڵی ٢٠١٦ بقوازێتەوە بۆ پشتیوانی کردن لە سیستمی سەرۆکایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ڕێگەی هاوپەیمانی گەل (مەهەپە-ئاکەپە)ەوە، بەمەش ڕۆڵی بیرۆکراسی ناسیۆنالیستی کۆنەپارێزی لەناو دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان بەهێزتر کرا.
بەم شێوەیە، باخچەلی دەوڵەتی قووڵی دووبارە پێناسەکردەوە لە ڕێکخراوێکى بێسەرەوبەرەوە بەرەو دەزگایەکى نەتەوەیی ڕێکخراو کە خزمەت بە چەسپاندنی دەسەڵات و پاراستنی پڕۆژەی یەک دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات.
هاوپەیمانی لەگەڵ پارتى داد و گەشەپێدان (2016-2025)
دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016، باخچەلی لە پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی بینییەوە و یەکێک بوو لە دیارترین لایەنگرانی گواستنەوەى سیستمى حوکمڕانى لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی لە ڕێگەی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ ەوە.
پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی -مەهەپە هاوکار بوو بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا (52.6%) و پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاى کرد لە سوریا و عێراق دژی بوونی کورد و هەروەها پشتیوانی گرتنە بەرى سیاسەتی توندی کرد بەرامبەر بە پەنابەرانی سوریا.
کاریگەرییەکانی ستراتیژی باخچەلى لەسەر عێراق
- ڕەهەندە ئەمنییەکان: باخچەلی پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا (چنگ-پڵنگ، چنگ-بروسکە)ى لە باکووری عێراق کرد و دروستبوونى هەر قەوارەیەکی کوردی بە هەڕەشەی وجودی دەزانی لە سەر تورکیا.
- هەڵوێست لەسەر هەرێمی کوردستان: بەتوندی دژایەتی ڕیفراندۆمی 2017ی هەرێمى کوردستانی کرد و پشتیوانی لە گرتنە بەرى ڕێوشوێنی توند کرد دژ بەهەرێمى کوردستان.
- ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران: داوای بەهێزکردنی ڕۆڵی تورکیا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژمونى ئێران لە عێراق بەتایبەتی بە پشتیوانیکردن لە هێزە سوننە و تورکمانییەکان.
قەیرانی تەندروستی باخچەلی و داهاتووی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی
تێکچوونی باری تەندروستی باخچەلی لە ساڵی ٢٠٢٥، پرسیاری گەورەی سەبارەت بە داهاتووی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و هاوپەیمانی گەل ورووژاندووە، لە ئەگەری نەمانی ناوبراو ئەگەر هەیە:
- ململانێ ناوخۆییەکان لەسەر سەرکردایەتی پارتەکە سەر هەڵبدەن.
- هاوپەیمانییە سیاسییەکان دووبار دابڕێژرێنەوە.
- چانسەکانی ئۆپۆزسیۆن بەهێزتر ببێت.
ئەنجام
دەوڵەت باخچەلی بەرجەستەبوونى هاوپەیمانی پراگماتیزمی نەتەوەییە لەگەڵ داواکارییەکانی دەسەڵات، نمونەى مۆدێلێکە بۆ خۆگونجاندنى جوڵانەوە ئایدیۆلۆژییەکان لە چوارچێوەی سیستمە ستەمکارییەکانادا. بە نەمانى ناوبراو هاوکێشە سیاسییەکان تێکدەچن و کاریگەری لەسەر سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەنقەرە دەبێت بەتایبەتی بەرامبەر عێراق و سوریا.
دواجار دەوڵەتی قووڵ، وەک چۆن باخچەلی بەکاری هێنا، وەک فاکتەری سەرەکى دەمێنێتەوە بۆ تێگەیشتن لە داهاتووی ناوخۆیی و دەرەوەی تورکیا.
