دوای (١٢٧) ساڵ، ڕۆژنامەگەریی کوردی سەرقاڵی چییە؟

فارس نەورۆڵی
6 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە (٢٢ی ٤ ی ١٨٩٨) لە هەلومەرجێکی سەخت و دژاوری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیریدا، بە خەبات و تێکۆشانی میقداد بەدرخان دەرچوو و ڕوناکی خستە ناو ماڵی کورد و کتێبخانەی کوردییەوە، هەڵبەت لەو هەلومەرجە سەختەدا ئەگەر باوەڕبوون بەدۆزی نەتەوەکەیان نەبوایە نەیاندەتوانی ئەو هەنگاوە گرنگە هەڵگرن، بەهەموو پێوەرێک ڕۆژنامەی کوردی لە یەکەم ژمارەیەوە بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی فەرهەنگی و زمانەوانی شارستانیەتی کورد. لەوکاتەوە ڕۆژنامەگەریی کوردی تەریب و هاوسەنگ لەتەک بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیدا ڕێی کردوەو یەکتریان تەواو کردوە.
ئێستا دوای (١٢٧) ساڵ بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی لە دۆخێکی سەرگەردانیدایە و وەزیفە سەرەکیەکەی خۆی لەبیر کردووە! لەبری بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەو گرفتەکان، بۆ خۆی بوەتە بەشێک لەکێشە! باوەڕیشم وایە ئەو سەرگەردانیەی ڕۆژنامەنووسی کوردی بەشێکی کاریگەری نەرێنی ئەحزابە و بە شێکیشی لە بێ ئیرادەیی ڕۆژنامەنووسان خۆیانەوەیە. ئەمەش وای کردووە پیشەی ڕۆژنامەنوسی لە دیدی ڕای گشتیدا سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدا و ئامانجی ببێتە دەسکەوتی تایبەتی. بۆ ئەم مەبەستەش یاری ترسناک دەکەن کە گورزی لەناوبانگی ڕۆژنامەگەریی وەشاندووە، یاری لەنێوان کۆمپانیاکان و بزنس و ئەحزابدا ئەنجام دەدەن تا ئەو ڕادەیەی ڕۆژنامەنوسی بەڕێز هەیە دەڵێ پێمخۆش نیە پێم بڵێن ڕۆژنامەنوس! چونکە جوانیی جارانی نەماوە. جگە لەوەش دوای (١٢٧) ساڵ تەمەن و ئەزموون، ئێستا کە جەستەی کورد بەسەدان برینەوە لەم هەلومەرجە سیاسییە هەستیار و مەترسیدارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوبەڕوی ئاڵنگاری بوەتەوە، کەچی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەبری بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان و خستنەڕووی ڕاستییەکان و کارکردن بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هەواڵی گرنگ بکات، کە لە خزمەتی ئەم قۆناغەی دۆزی کورددا بێت، خۆشیان و خەڵکیشیان بە هەواڵی سادە و نوکتە و ئەو بابەتە ناپێویستانەوە سەرقاڵ کردووە، بۆ نمونە دوێنێ لە یادی (١٢٧) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا؛ هەواڵی سەرەکی بەشێکی زۆر لە میدیاکان دەربارەی مام عەزیز سلێمان و هاوژینەکەی بوو! ئیتر پێویست بە هیچی دیکە ناکات بیڵێم و هەڵسەنگاندن و بڕیاردان بۆ خوێنەران و ڕای گشتی بەجێدەهێڵم!
