ڕۆژی جیهانی پەرتوک و سەردەمی پوچگەرایی
.jpeg)
سیروان حەمەڕەشید
5 كاتژمێر لەمەوپێش
سیروان حەمەڕەشید
دەستپێکی نوسینی ئەم وتارە بە ڕستەیەکی گرنگی نوسەری دیاری کورد (بەختیار عەلی) دەستپێدەکەم، کە لەسەر بایەخ و کاریگەر پەرتوک "دەلێت: یەک ڕاستی گەورە هەیە دەبێت هەمیشە لەبەرچاومان بێت، لەهەر شوێنکدا پەرتوکی داهێنەرانە و سنووبڕ لەمەترسیدا بێت لە وێدا مرۆڤ و پاشەڕۆژیش لەمەترسیدان"
هەر لە سەرەتای مێژووی مڕۆڤایەتییەوە تا ئەمڕۆکە پەرتوک بەیەکێک لە گرنگترین و پڕبایەخترین کەرەستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی دانراوە تائەم ساتەوەختەش کە دیاردەی پوچگەرایی و بەجیهانیبوون و پەرەسەندنی ئامرازەکانی کۆمونیکەیشن و فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیی و سۆسیالمیدیاکان و زیرەکی دەستکرد گەیشتوەتە ترۆپک، هێشتا پەرتوکی کاغەز گرنگی و کاریگەری خۆی لەدەست نەداوە، نوسەرو ڕوناکبیر (بەختیار عەلی) لەسەر پەرتوک لەم دۆخەی ئێستاداماندا " دەڵێت : پەرتوک لەم سەردەمەماندا لەبەردەم گەلێک دژە بای بەهێزدایە، بەڵام ئەو دیدەی کە پێی وایە پەرتوک تەنیا شێوازی بڵاوکردنەوەی زانین و پاراستن و گەشەپێدانێتی ڕاستییەکە لەم سەدەیەشدا وەک هەموو سەدەکانی دی جێگر و نەگۆڕ و بێ ئەڵتەرنایڤە" واتە پەرتوک هێێشتا بەکەرەستەیەکی گرنگی ڕووناکبیری و مەعریفی جڤاتە جیاجیاکان دادەنرێت، گەر شۆڕشە سیاسی و فیکری و کەلتوریییەکانی جیهان شەن و کەو بکەین هێما بۆ ئەو کەرەستانە بکەین کە بوونەتە فاکتەری سەرکەوتنەکان، بۆمان دەردەکەوێت ئەوە بابەت و ناوەرۆکی پەرتوکی فەیلەسوف و ئەدیب و زانا و ڕۆشنبیر و نوسەران بووە بوونەتە فاکتەر و هۆکاری پلە یەکی گەشەپێدانی کەلتوری و کەلەپور و بنیادنانی شارەستانیەت و سەرپێخستنی شۆڕشی سیاسی و ڕۆشنبیری جڤاتەکان.
دیارە ڕۆژی (23-4)ی هەمو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی پەرتوک دیاریکراوە، کەپێویستە نوسەر و ڕۆشنبیران و دۆستانی پەرتوک لەهەر کوێیەکی دونیا بن وەک ڕۆژێکی ئاسایی ڕاگوزەر لە ڕۆژی جیهانی پەرتوک نەڕوانن، بەڵکو وەک ڕۆژێکی ئێجگار گرنگ لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەژماری بکەن، ئەمەش بەپلەی یەکەم لەئەستۆی زانکۆ و پەیمانگا و ڕۆشبیران و توێژەرو ناوەندە مەعریفیەکاندایە بەوپەڕی جددییەتەوە گفتوگۆی هەمەلایەن لەسەر قەیران و ئاستەنگەکانی بەکەلتورکردنی دۆخی خوێندنەوە و ئاریشەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتوکەکان بکەن.
یەکێک لە هەنگاوە پێویست و گرنگەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئاستەنگەکانی بەردەم بە کولتورکردنی خوێندنەوە ئەوەیە، ئەم ڕۆژە بکرێتە دەرفەتێک لەبەردەم هەر سێ وەزرارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵادا، تا زیاتر لە غەمی ئەو دۆخەدا بن کە ڕووبەڕووی دونیای خوێندنەوە و پەرتوک بۆتەوە، دەکرێت لە ڕێگای تەشویق و هاندانەوە فێرخواز و خوێنەر و دۆستانی پەرتوک، حەزی خوێندنەوەیان لەلا دروست بکرێت و بەها بۆ پەرتوک بگەرێندرێتەوە. هەروەها گرنگه لایەنی پەیوەندار لەم ڕۆژدا لەو غەمساردی و بێباکییەی لە دونیای ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردیدا دروست بووە، ڕابچڵەکێ و نەحشە و میکانیزمێکی پراکتیکی بگرێتەبەر بۆ ڕزگاربوون، تا خوێندنەوە و دیاریکردنی گرفتە بنەڕەتییەکانی بەکەلتورکردنی خوێندنەوە و کەمی فەزای خوێندنەوە چارەسەر بکرێت.
گرنگە زۆر باش لەو ڕاستیە تێبگەین کە پەرتوک لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵ و کاریگەری ئێجگار زۆری لە ڕزگارکردنی مرۆڤ لەدۆخی بەربەریەت و جەهل و گەمژەییدا هەبووە و بەجۆرێک کە نەخشی بنەڕەتی لەسەرپێخستنی دامەزراندن شارەستانیەتی نوێ و مرۆڤگەراییدا بینوە، لەگەڵ ئەوەشەدا گرنگە تاک و جڤات ئەو ئاگایی و هۆشیارییەی لا دروست بکرێت کە خوێندنەوەی پەرتوک کاریگەری زۆر لەسەر فراوانبونی ئاستی مەعریفی و ڕۆشنبیڕی و بەهێزکردنی کەسایەتی مرۆڤ دروست دەکات و خەیاڵدانێکی جوان و بەهاداری پێدەبەخشێت، بەتایبەت ئەو پەرتوک و تێکستانەی پشتیان بەناوەڕۆکی قوڵی فەلسەفی و ئاوەزمەندی و ئەرگۆمێنتسازی بەستوە، چونکە ئەوە شتێکی ڕوونە خوێندنەوەی پەرتوتەکان تەنها بۆچێژ و بەسەربردنی کات نییە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکارییە. لەخۆرئاوا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لەسەردەستی پیاوانی دینی بە فتوا و بڕیاری کڵێسا بەهۆی کاریگەری تێکست و ناوەڕۆکی پیردۆز و نوسینەکانی (گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس)ەوە، لەساڵانی (1891)دا، کلێسا و دادگای پشکنین سزای توندی بۆ پەشیمانکردنەوەی ئەم زانایانە دەرکرد، پەرتوکی (سوڕانەوەی هەسارەکان بەدەوری ئاسمان)دا بۆ ماوەی (دە سەدە )بڵاوکردنەوەی قەدەغەکرا..!! .
هەر بۆیە بەشی زۆرینەی ئەو بابەت و داهێنان و نوێگەریانەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ڕوویانداوە، فەزڵەکەی دەگەرێتەوە بۆ نوسین و تێکستی نێو پەرتوتەکان ...
تێکستەکان بوون بە توێشووی جڤاتەکان و ڕۆڵی بنەڕەتییان لەو دابڕانەی سەدەکانی ناوەڕاستدا بینی، کە خۆرئاوای تێدا بوو، تا بەرەو سەردەمی نوێ و هاوچەرخ و پاش هاوچەرخ بڕوات. لە نموونەی ئەو پێشکەوتنانەش سەرهەڵدانی چەندان تیۆر و قوتابخانەی فەلسەفی و فیکری و ئابوورییه کە بوون بە فاکتەری گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی ڕێنسانس و ڕۆشنگەری و شۆڕشە مەزنەکانی وەک شۆڕشی فەڕەنسی، شۆڕشی ئەمریکی و پیشەسازی و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا و شۆڕشی تەکنەلۆژیا و دامەزراندی قوتابخانەیەکی کاریگەری وەک (فرانکفۆرت). لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم؛ پێویستە لە ڕۆژی جیهانی پەرتوکدا هەمولایەکمان لەغەم و هەوڵی ئەوەدا بین زۆرترین کۆڕ و چالاکی ڕۆشنبیری و کەلتوری لەسەر پەرتوک و خوێندنەوە سازبکرێت و بەگرنگی و بایەخەوە کار بۆ بە کولتورکردنی خوێندنەوە بکەین..
