ڕێکەوتنی دەی ئازار چی لێ سەوز بوو؟

نەوزاد سالح

5 كاتژمێر لەمەوپێش



نەوزاد سالح
ڕێکەوتنی دەی ئازاری ٢٠٢٥ لەنێوان هەسەدەو هەتەشەدا خۆرئاوای کوردستانی لەنەبوونی شوناسەوە گواستەوە بۆ دیمەشقی پایتەخت،  کەئەمەش بەرهەمی ئەوبەرخودانە مەزنەبوو کە چەندین ساڵە شەرڤانان بەخوێنی ڕۆڵەکانیان بەدەستیان هێناوەو توانیان پارێزگاری لەم ستاتۆیە بکەن و بەنەخشەڕێیەکی ژیرانە هەنگاو هەنگاو کاربۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن لە خۆرئاوای کوردستان، لەهەمان کاتیشدا ڕیشەو ڕەهەندی وتو وێژی چەندمانگێک پێش ڕێکەوتنەکەی هەیە و دەرئەنجامی چەند کۆبوونەوەو لێک تێگەیشتنێک بوو لەنێوان جەنراڵ مەزڵوم و شەرعدا بەنێوەنگیریی ئەمریکاییەکان،  هاوکات هەتەشەش دڵنیابوون لەوەی کە هەسەدە هێزێکی مەشقپێکراوو کارامەن و شەڕکردنی ئەو هێزە ئاسان نیەو ڕێکخراوترین هێزی سەربازی وبەدیسیپلینترین هێزن لەسوریاداو جگەلەوەی کەژمارەی شەرڤانان زیاترە لەهێزەکانی هەتەشە،  ئاشکراشە  فاکتەرێکی تری  خێراکردنی ئەم ڕێکەوتنە لەم کاتەدا ئەو تابلۆ ناشیرینەبوو کە هێزەکانی هەتەشە لەمانگەکانی ڕابوردوودا لە  شارەکانی لازقیە و تەڕتوس و چەندشوێنێکی تر نەخشاندیان بەخوێنی هاوڵاتیانی سڤیلی عەلەویەکان لە ماوەی  ڕابوردوودا بەپاساوی پشتیوانی ڕژێمی پێشوو ، چەکدارانی هەتەشە ئاماژەی ترسناک و تراژیدیان بەدوای خۆیاندا هێنا و خەڵک توندو تیژی حوکمی بەشارئەسەدی وەبیر دەهاتەوە کەئەم ڕەفتارانەیان لەوان بینی، هەربۆیە  گوشارێکی دەرەکی هەستپێکرا بۆ  سەر سەرۆکی کاتی سوریا کە ڕێکەوتنەکە لەگەڵ جەنراڵ مەزڵوم عەبدی واژۆ بکات،  بەمەش  هەنگاوەکانی پێکەوە ژیان و ڕوی شەرعیش تاڕادەیەک سپی دەکاتەوەو سەرنجی جیهان لەسەر کۆمەڵکوژی عەلەویەکان  تاڕادەیەک کەم کردەوە. .
ئەگەرچی زۆر باسی ناوەرۆک و خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە کراوە بەڵام حیکمەت لەجێ بەجێکردنیدایە نەک باسکردنی !!!
ئەگەر سەیری مافەکانی گەلی کورد لەباشوری کوردستان بکەیت لە دەستوری عێراقدا کەم نین، بەڵام کەدێتە سەر جێبەجێکردن تائێستاش دەسەڵاتدارانی عێراق خۆیانی لێ دەدزنەوەو بەشێکیان بەهەمان عەقڵیەتی ڕژێمی پێشوو بیردەکەنەوەو  دان نانێن بەمافەکانی گەلی کوردا وەک پێویست، بۆنموونە مادەی(١٤٠)کە مادەیەکی دەستوریەو کۆتا ڕۆژی جێبەجێکردنی ٢٠٠٧/١٢/٣١ بوو بەڵام تائێستا جێ بەجێ نەکراوە، هەروەها شایستەداراییەکانی هێزی پێشمەرگە و موچە و بودجەی هەرێم و مافی جوتیاران و.....هتد، هەربۆیە ئەم ڕێکەوتنەی شەرع و عەبدی ئەگەرچی کاتی کۆتایی بۆ دانراوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵام هەست دەکەین نەیاری هەیەو دەوڵەتانی هەرێمایەتی بەتایبەت تورکیا کاریگەریی ئێجگار نەرێنی لەسەر شەرع داناوە.
پێویستە سوریای نوێ سوریای سەرجەم پێکهاتەو ئاین و ئاینزاکان بێت بەکوردو عەرەب و دروزو عەلەوی و ئەرمەنیەوە تاسەقامگیری ئاشتی ئاوەدانی بەرقەراربێت.
لە گرنگترین ئەوخاڵانەی ڕێکەوتنەکە:-
١-  شکستی بەو  پێشمەرجانە هێنا کە تورکیا لەبارەی ئیدارەی خۆسەرەوە داینابوو.
٢- تورکیای ناچارکرد  زمانێکی میانڕەوانە بەکاربهێنێت نەک زمانی هەڕەشە ئامێزو قبوڵکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دامەزراوە ئیداریەکان لە دیمەشقدا .
٣- هێزی ڕێکەوتنەکان لەوەدابوو کە ئەمریکیەکان ڕۆڵی گواستنەوەی جەنراڵ مەزڵومیان دەبینی بۆ دیمەشق و ئەمەش لەمانا سیاسیەکەیدا پشتیوانی دەرخست  بۆ هەسەدە .
٤- هەرچه ندە زمانی کوردی نەخراوەتە نێو دەستوری کاتی سوریاوە، بەڵام ئیدارەی نوێ دژایەتی ناکەن.
٥- کاردەکرێت بۆ پاراستن و جێگیرکردنی ناسنامەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو ڕیزەکانی سوپای نیشتیمانی سوریادا. 
٦- وتووێژ لەسەر ناوچە زۆرینە عەرەبیەکان لەتاوتوێدایە وەک دێرەزۆر و ڕەقە کە دیمەشق پێیان باشە بخرێنەوە سەر سنوری دەسەڵاتی ئەوان. 
٧- ڕێکەوتن کراوە کەڕێگری بکرێت لە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو وە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و دیموکرات بەردەوام دەبن.
٨- تورکیا ئاگاداری ڕێکەوتنی هەسەدەو دیمەشق نیەو ڕێکەوتن کراوە کە هەسەدە پشتیوانی دیمەشق بکات لەڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو کەهەوڵی تێکدانی دۆخەکەبدەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار