رێككەوتنی پێشوەختە لەسەر وردەكاریی كۆنگرەی بەكڕیزی هەڵوێستی كورد و بڕیارەكانی كراوە

سەرتیپ جەوهەر

15 كاتژمێر لەمەوپێش



300🔹 کەس بەشداری دەكەن و وەفدێكی 9 ئەندامی رادەگەیەنرێت

🔹پرۆژەی كورد لامەركەزیەتی سیاسی و مافی سیاسی و فەرهەنگیە لە دەستور

🔹جەنەڕاڵ مەزلوم و كاك مەسعود رۆڵی سەرەكییان بینی لە ڕێكخستنی كۆنگرەكە

🔹فەرەنسا ئامادەیە بنكەیەكی سەربازیی و 100 بۆ 200 سەرباز لە رۆژئاوا جێگیر بكات

✍️ سەرتیپ جەوهەر

بڕیارە رۆژی شەممە 26ی مانگ كۆنگرەی یەكڕیزی هەڵوێستی كورد بەبەشداری نزیكەی 300 كەس لەرۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەم كۆنگرەیە بایەخێكی ئێجگار گرنگی هەیە، چونكە هەڵوێست و تێگەیشتنی كورد لەبارەی ماف و بەركەوتەی كورد لەرۆژئاوای كوردستان روون دەكاتەوە، هەروەك وەفدێكی هاوبەش لەهێزو لایەنە جیاوازەكان لەكۆنگرەكە رادەگەیەنرێت تا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكات لەبارەی مافی گەلی كورد.

بێگومان ئامادەكاریی پێشوەختە بۆ كۆنگرەكە كراوە. رەشنوسی پرۆژەی مافی گەلی كورد لەسوریا ئامادەكراوەو رێككەوتنیش لەبارەی شێوەو دەستەی بەڕێوەبردنی كۆنگرەكەو پێكهاتەو ژمارەی ئەندامانی وەفدەكەی كورد بۆ دیمەشق لەنێوان پەیەدەو ئەنەكەسە كراوە. واتە كۆنگرەی یەكڕیزی هەڵوێستی كورد دوای گفتوگۆیەكی درێژو سەرئەنجام رێككەوتن لەسەر وردەكاری كاروبارەكان لەنێوان هەلادولادا دەكرێت. لەو گفتوگۆیانەدا بەپێی سەرچاوەكان هەریەكە لە مەزلوم عەبدێ‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و كاك مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی سەرەكییان هەبووە. بەوپێیەی ئەنەكەسە لەژێر هەژموون و كاریگەری پارتیدایە. ئەگەرێكی بەهێزیش هەیە بۆ كۆنگرەكەی شەممە بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لەكۆنگرەكەدا بكات.

ئەوەی تائێستا دزەیكردووە وەك زانیاریی، هەموو لایەنەكان (پەیەدە و ئەنەكەسە) رێككەوتوون لەسەر داواكردنی لامەركەزیەتی سیاسی و مسۆگەركردنی مافە سیاسی و فەرهەنگیی بۆ گەلی كورد لەسوریا كوردستان. ئەو وەفدەی كە لەكۆنگرەكەشدا رادەگەیەنرێت كە رەنگە 9 كەس بن نوێنەرو وەفدی كورد دەبێت بۆ دیمەشق تا گفتوگۆ لەسەر مافەكانی گەلی كورد بكات. هیوادارین ئەم كۆنگرەیە سەرەتایەكی باش بێت بۆ سەقامگیریی سیاسی لەرۆژئاوای كوردستان.

جگە لەو وەفدەی بەناوی كورد دەچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆی مافی گەلی كورد لەسوریا. هاوكات بڕیارە بەدەر لەم كۆنگرەیە دوو وەفدی دیكە دروستبكرێت لەلایەن كاربەدەستانی (هەسەدەو رێڤەبەریی خۆسەر) بۆ گفتوگۆ لەسەر دوو پرسی دیكەی جیاواز، یەكەمیان پرسی چارەنوسی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەداهاتووی سوریا، هاوكات وەفدێكی دیكەی ئیداریی جگە لەكورد رەنگە عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەی تێدابێت بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێڤەبەری خۆسەر واتە ئەو هەرێمەی ئێستا لەژێر هەژموون و كۆنترۆڵی كورد دایە كە دەكاتە رۆژهەڵاتی فورات.

ئەم كۆنگرەیە لەكاتێكدایە كە دوێنێ‌ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەهەولێر لەگەڵ مەزلوم عەبدێ‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبویەوە. بەپێی زانیاریی دزەپێكراو پێدەچێت فەرەنسیەكان ئامادەبن بنكەیەكی سەربازیی دروستبكەن و 100 بۆ 200 سەرباز لەرۆژئاوای كوردستان جێگیر بكەن. ئەمەش رۆڵێكی ئیجگار گرنگی دەبێت لەزیاتر پاراستنی ئەو هەرێمە لەمەترسیەكانی توركیاو دیمەشق بۆ سەر ئەو هەرێمە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار