مرۆڤ یان ژینگە، کامیان لە پێشتر دابنێین؟

شێرکۆ کرمانج

2 ڕۆژ لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، مرۆڤەکانی ئەم جیهانە دەستیان کرد بە گرنگییدان و ناسینی گرنگیی ژینگە و ئاسایشی ژینگەیی. هەر لەو ئانوساتیشەوە، توێژەر و ئەکادیمیسییەکان خەریکی تیۆریزەکردنی ژینگەی سروشتیمانن، بەتایبەتی لە پەیوەند بە چالاکییەکانی مرۆڤ و کاریگەرییەکانی لەسەر گۆڕان و تێکدانی ژینگە و کەشوهەوا. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی تیۆری سەوزەکان (Green Theory).

تیۆری سەوزەکان بەگشتی گرنگی بە سیستەمی ژینگەیی دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژینگە لە مرۆڤ گرنگترە چونکە تەنها لە ژینگەیەکی تەندروست و پاکدا مرۆڤ دەتوانێت تەندروست بێت و تەمەنی خۆی و ژینگەکەی درێژتر بێت. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ئێمە، مرۆڤەکان، زیان بە سیستەمی ئیکۆلۆجیمان بگەیەنین، ئەوا لە بنەڕەتدا، زیان بە خۆمان، بە مرۆڤ، دەگەیەنین. بۆیە دەتوانرێت بڵێین تیۆری سەوز ئیکۆسەنتریکە، واتە بەچەقکردنی ژینگەیە، نەک مرۆڤسەنتەریک، بەچەقکردنی مرۆڤ. هۆکاری ئەم تێگەیشتنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی سیستەمی ئیکۆلۆجیی ئێمە لە پێشینەی مرۆڤایەتیدایە. لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەین بنەما سەرەکییەکانی تیوری سەوزەکان بخەیەنە ڕوو، هەندێکیش قسە لەسەر چارەسەرەکان بکەین لەمەڕ ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەرڕووی مرۆڤایەتیی بوونەتەوە لە پەیوەند بە ژینگەوە.

بەگشتیی دەتوانین بڵێین، تیۆری سەوزەکان چوار بنەمای بنەڕەتی هەیە:

یەکەم، مرۆڤ لەم دنیایەدا تەنیا نییە؛ لەپاڵ مرۆڤ ئیکۆسیستەمەکان شانبەشانی مرۆڤەکان بوونیان هەیە و دەبێت بپارێزرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروست و درێژخایەن  بۆ هەردوولا مسۆگەر بکرێت.

دووەم، دەبێت پێشکەوتنە ماددییەکانی (پیشەسازیی، کشتوکاڵیی، تەکنۆلۆجیی، هتد) مرۆڤ بە بەردەوامیی لەگەڵ بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی سیستەمی ئیکۆلۆجیدا بگونجێت.

سێیەم، کێشە ژینگەییەکان لە جیهانی ئێمەدا تەنیا بە ڕێگەی تەکنیکی، یان تەکنەلۆجی، چارەسەر ناکرێن؛ بۆیە پێویستیان بە گۆڕانکاری لە بەها و نۆرمەکانی مرۆڤدا هەیە کە ڕەچاو و خزمەت بە سیستەمی ژینگەییمان بکات. بۆ نموونە، کەم بخۆین، کەم سەرف کەین، کەم فڕێ دەین، کەم بکڕین، کەم بڕێژین، کەم، هتد. 

چوارەم، سیستەمی ئیکۆلۆژی و سروشتمان، واتە ئەو شوێنەی کە مرۆڤی لێی دەژیت، دەبێت لە پێش بەرژەوەندییەکانی مرۆڤەوە بێت.

تیوری سەوزەکان، کە ژینگەی بە چەق کردووە و لەو ڕوانگەیەوە جیهان و ژینگە و مرۆڤ دەبینێت، ئەو باوەڕەیە کە ئیکۆسیستەمێكی تەندروست لە پێش مرۆڤەکان دادەنێت، چونکە پێی وایە ژینگە پێشمەرجە بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ. بەبێ سیستەمێکی ئیکۆلۆجی تەندروست، مرۆڤەکان حەزبکەن یان نا ئەوە بە ناچاری کاریگەرییە خراپەکان هەست پێ دەکەن و دەبینن، ئەوە ئەگەر نەڵێین مرۆڤەکان بۆ هەمیشە لەناو دەچن.

بۆیە، بۆ ئەوەی تەندروست بین و زیاتر بژین، پێویستە بە زووترین کات دەست بکەین بە پاراستنی سیستەمی ئیکۆلۆجیمان. ئەمەش لەم قۆناغەی کە مرۆڤایەتی پێیدا ڕاگوزەر دەکات، هەتا زووە دەبێت بکرێت، تا درەنگ نەکەوتووە، دەبێت هەوڵ دەین کاریگەرییە خراپەکان وەرسوڕێنینەوە، هەڵگێڕینەوە. هاوکات، ئیکۆسەنتریزم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت سیاسەتە ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پاراستنی ژینگە لەیەکتر جیابکرێنەوە، چونکە سیستەمی ئیکۆلۆجی هەموو هەسارەی زەوی دەگرێتەوە و دان بە سنوورە نێودەوڵەتییەکان نانێت کە لەلایەن دەوڵەتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کێشراون. بۆ نموونە، هەوا و ئاو دەتوانن بەسەر سنوورەکاندا بڕۆن، بۆیە پیسکردنیان لە هەر بەشێکی ئەم جیهانەدا بە ناچاری کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی دیکەش دەبێت. لەبەرئەوە، دەوڵەتەکان دەبێ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانیان وەلا بنێن و لە نزیکەوە هاوکاری و هەمئاهەنگی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکانی جیهان، کە پێویستیان بە چارەسەری جیهانیی هەیە، نەک ناوخۆیی.

تیوری سەوزەکان، ئیکۆسێنتریزم، ڕێک پێچەوانەی بەچەقکردنی مرۆڤ، واتە مرۆڤسەنتەریکە، کە باوەڕێکە مرۆڤ بە گرنگترین بوون لە جیهاندا دادەنێت و پێویستیی و ئارەزووەکانی مرۆڤە چاوچنۆکەکان بە پێش هەموو شتێک دەخات و جەخت لەسەر باڵادەستی مرۆڤ دەکاتەوە بەسەر هەموو لایەن و بوونەکانی دیکە لە جیهاندا، واتە لە سروشتدا.

لە کاتی باسکردنی تیۆری سەوز و گۆڕانی کەشوهەوادا، تیۆرەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا پرسی ژینگەیی چارەنووسسازی ئەم قۆناغەیە مرۆڤایەتییە، کە بەهۆی پشتبەستنی زۆرمان بە سووتەمەنی بەردینی (فۆسڵفیول، واتە نەوت و بەنزین و دەرئاوێشتەکانی دیکە) دروست بووە.

لە کۆتاییدا، بە بڕوای تیۆریستەکانی سەوز، سەرەتا دەبێت بەها و نۆرمەکانمان بگۆڕین و بیانخەینە خزمەت سیستەمی ئیکۆلۆجی، ئەمەش بە قوربانیدان بە بەرژەوەندییە کورتخایەنەکانمان لە پێناو بەردەوامیی و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکان و ژینگەدا.

گرووپێکی دیکە لە تیوریستە سەوزەکان باس لەوە دەکەن کە دەتوانرێت کێشەکانی ژینگە بە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆجیا و پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە چارەسەر بکرێن کە لە هەمان کاتدا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ بکەن و سیستەمی ئیکۆلۆجیمان بپارێزن.

بەکورتی، سەوزەکان پێیان وایە، ئەگەر بمانەوێت وەک مرۆڤ بژین، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو ژینگەیە بپارێزین کە تێیدا دەژین چونکە وێرانبوونی ژینگە لەناوچوونی مرۆڤەکان بەدوای خۆیدا دێنێت. مرۆڤی عاقڵیش وشەیەکی بەسە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار