ئەم گشت جنێو و سوکایەتیە بە {پاپا} ی کۆچکردوو بۆ؟

گۆران هەڵەبجەیی
2 ڕۆژ لەمەوپێش
گۆران هەڵەبجەیی
پاش ڕووداوی {١١ی سەبتەمبەر} ڕوونتر دەرکەوت کە جڵەوی جیهانی ئیسلامی بەدەست چ ڕەوت و گروپێکی مەترسیدارەوەیە. لەودەمەوە تا ئێستا ڕەوشەکە خراپترومەترسیدارتر بووە، ئەوەش بە پەیدابوونی چەندین گرووپی تەرۆریستی و تووندڕەو لە جیهانی ئیسلامیدا کە لەسەر هەمان نەهجی قاعیدە یاخود خراپتر دەرۆن،کە داعش بەرجەستەی سەرەکیانە.
ڕەوتی ئاینی ئیسلام بە دۆخێکدا گوزەردەکات کە هەرگرووپ و تاقم و دەستەیەک بە ئارەزووی خۆیان و لەبەرژەوەندی خۆیان شرۆڤە بۆ تێکست و دەقە قورئانیەکان و فەرموودەکان دەکەن ،کە زۆربەی هەرەزۆریان کاریگەرن بە هزری [ابن تیمیە] . لەئێستادا سوپایەک لەگەنجی بێسەوادو ئەقڵ داخراو کە وەک فکر دەکرێ حسابی داعشیان بۆ بکرێت،پاڵیان داوە بەم مۆدێلە مەترسیدارەی ئیسلامەوە ،بەوەی هەرکەس وەک خۆیان بیرنەکاتەوە تەکفیری دەکەن با ئەگەر هەموو ئەرکەکانی ئیسلام بەزیادەوە جێبەجێ بکات.
ئەم سوپا گەنجە کە زانیاریەکی ئەوتۆیان دەربارەی ئاینەکەیان نیە پەروەردەی ئەو مەلاوبانگخوازانەن کە بەردەوام لە میمبەری مزگەوت و سۆشیال میدیاوە ژەهری سڕینەوە و ناشیرینکردنی کەسانی سیکولارو ئاینەکانی دیکە دەڕژن و بەردەوام دوعای فەنابوونیان لێ دەکەن.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی کۆچی دوایی [پاپای ڤاتیکان] بڵاو بوویەوە کریستیانەکانی جیهان بەهەموو مەزهەب و بەشەکانیەوە غەم وماتەمیان دەربڕی،هاوکات ژمارەیەکی زۆری کەسانی ناوداری جیهانی لە دەرەوەی ئاین لەڕێگەی لێدوان و کۆمەنتەکانیانەوە غەم وپەژارەی خۆیان نیشاندا.
عەرەبی مسوڵمان تەنها کەسانێک بوون نەک هەر هاوغەمیان نیشانەدا بەڵکو بەمردنی ئەو زاتە خۆشحاڵیان دەبڕی ،هەر بەوەشەوە نەوەستان بەڵکو جنێوبارانیان کردو خوازیاربوون جێگەی ناوەڕاستی ئاگری دۆزەخ بێیت.
ئەم هەڵوێستە قێزەوەنەی ئەم مسوڵمانانە کە کۆنترۆڵی سۆشیال میدیایان کردوە تەنها لەبەر یەک هۆیە ئەویش [نامسوڵمانیەتی] پاپایە . ئەوەی دیارە پێوەرو هەڵسەنگاندن لەکن ئەم مێشک داخراوانە بۆ مرۆڤەکان تەنها مسوڵمان بوونە ئیدی گەر فەیلەسوفیش بێت و لەبوارێکدا خزمەتی مرۆڤایەتیشی کردبێت هیچ بەهایەکی نیە.
من کەسێکی بێباوەڕم و پەیڕەوی هیچ ئاینێک ناکەم ،تێڕوانین و هەڵسەنگاندنم بۆ مرۆڤەکان لەسەر بنەمای کارو هەڵوێستەکانیانە،گەر ئیماندارێک سەربە هەر ئاینێک بێت کارێکی جوان ئەنجام بدات، خۆشحاڵ دەبم و دەستخۆشی لێدەکەم .هەر لەم ڕوانگەوەشەوە پێناسەم بۆ(پاپای کۆچکردوو)هەمان شتە کە لایەنە ئینسانیەکەیەتی.
هێندەی ئاگاداربم پاپای کۆچکردوو بە هەڵوێستی جوانی ئینسانیانەی ناسرابوو ،دەربارەی زۆر ڕووداو ،کارەسات،جەنگ دەنگی دیاروبیستراوبوو.
بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەوانەی لەم شەپۆلە قێزەوەنەدا بەشداربوون مسوڵمانی عەرەبن ،جێگەی خۆیەتی هەلوێستێکی پڕ مرۆڤانەی پایان وەبیربهێنمەوە.
دەمێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەزەو وێرانی کرد،ئەم پاپایە بەتووندی ئیدانەی کردو بە کارێکی(وەحشی گەری) ناوی برد ،هەر بەوە کۆتایی نەهات بەڵکو لە بارەگای خۆی لەڤاتیکان بە ئاڵای فەلەستینەوە پێشوازی لە کیژیکی فەلەستینی کرد.
ئەم هەڵوێستەی ڤاتیکان کاریگەرترو ڕاشکاوانەتربوو لەو ئیدانە پڕ شەرمەزاریانەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و حیزب و لایەنە ئیسلامیەکان.هەر ئەم هەڵوێستە بوو کە ناتانیاهۆی زۆر تووڕەو بێزارکرد تا ئەو ڕادەی وەک دەوڵەت و حکومەت ئامادەنەبوون پرسەنامە پێشکەشی ڤاتیکان بکەن.
لەو جۆرە ئیماندارانە دەپرسم بۆ ڕێز لە کەسێک ناگرن کە نوێنەرایەتی [ملیارو دووسەد ملیۆن] کرریستیانی کاثۆلیک دەکات،وێرای ئەمە بۆلایەنە ئینسانی و ئاشتیخوازانەی لەبەرچاوناگرن ،بۆ ئەو لایەنەی بەهەند وەرناگرن کەزیانی بۆهیچ ئاین و مەزهەبێک نەبووە و وەک ئێوە کەسی تەکفیر نەکردوە ،بەڵکو داوای پێکەوە ژیانی ئاینەکانی کردوە؟
باشە ئێوە خۆتان دەڵێنن گەر کەسێک مرد شەیتان دەستی لێ هەڵدەگرێت ،ئەی بۆ ئێوەی لەشەیتان خراپتر دەستی لێهەڵناگرن؟
ئایائەوەتان لەبییرچوو کە ئاینی کرستان یەکێکە لە ئاینە ئاسمانیەکان و لەقورئاندا دووهێندەی پەیامبەر زیاتر ناوی عیسا هاتوە ؟؟؟؟؟
تکایە کەمێک ئەقڵ بهێننە بەرخۆتان، بڕێک ئینسانیانە بیربکەنەوە، چونکە ئەم تووندڕەویە خۆتان و ئاینەکەتان بەرەو کارسات دەبات کە ئێستا سەرەتاکەی دیارە. ئەم جنێو بارانکردنەی پاپا تەنها عەرەبی نەگرتووەتەوە بەڵکو کوردیش تێیدا بەشدارە.
