پیشەسازیی مێژوو (ئێمە کۆیلە، یان سەروەری مێژووین)
.jpg)
د. موحسین ئەدیب
16 كاتژمێر لەمەوپێش
بە بیانوی دیدارەکەی کاک ئەحمەدی شێخەوە
د. موحسین ئەدیب
بەڕێوبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی سلێمانی
لاکردنەوە لە کاک ئەحمەد، لاکردنەوە نییە لە تەنها کەسێک، هەروەک چۆن گرنگیدانیش نییە تەنها بە شارێکی وەک سلێمانی، لەوەش زیاتر گەڕانەوە بۆ کاکی کاکان بەتەنها گەڕانەوە و وەستان نییە لەسەر میراتی بابان و کوردبون(گەر چی ئەم زاتەوئەم شارەو کوردبون شایستەی هەموو لالێکردنەوەیەکن). بەڵکو زیاتر لە مانە، لاکردنەوەو گرنگیدانە بە دید و روانگەو جیهانبینییەک، کە لەئێستادا لەهەموو کات زیاتر کورد و عێراق و ناوچەکەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت کۆی جیهانیش پێویستی پێیەتی.
ئەو جیهانبینییەی کە سەرەتاکەی بەدادی کۆمەڵایەتی چەکەرە دەکات و بەپێکەوەژیانی راستەقینە بەردەوامی بەخۆی دەبەخشێت، بەقەبوڵکردنی فرەیی و جۆراوجۆری خۆی دەڕازێنێتەوە. دیدێک کاکی کاکان بڕوای پێیەتی و تەنزیری بۆ دەکات و شەونخونیش بۆ بەرجەستەکردنی دەکێشێت.
کە باسی لاکردنەوەو گەڕانەوە دەکەین راستەوخۆ مێژوو دێتە زیهنمانەوە، بەڵام کێشەکە لە دیدماندایە بۆ مێژوو. لەراستیدا مێژوو ئەوەندەی ئەوەیە کە رویداوە، زیاتر ئەوەیە کە رودەدات. واتە مێژوو ئەوەندەی لە دوێنێدایە، زیاتر لەوە لە ئێستادایە، مێژوو شتێک نییە لەدەرەوەی ئێمەدا، بەڵکو تەواو لەئێستاداو لەناو ئێمەدایە، ئێمەی ئێستا و ئێمەی ئێرە. بەمانایەکی تر چەندێک روداوگەلێکە کەلە دوێنێدا رویانداوەو کاریگەریان لەسەر ئێمە هەیەو ئێستامان بۆ فۆڕمەلە دەکەن، زیاتر لەوە، ئەوە ئێمەین سەرلەنوێ مێژوو بەرهەمدەهێنینەوە، لەرێگای سەرلەنوێ خوێندنەوەی روداوەکانی دوێنێ و دوبارە داڕشتنەوەی و مانا پێبەخشینەوەی، ئێستا و دواجار داهاتوشی پێدروست دەکەین.
بۆچی مێژوو پتر لەوەی لە دوێنێدا بێت، لەئێستادایە؟
لێرەدا دەتوانین لەدوو خاڵدا ئەوە زیاتر رونکەینەوە، بۆچی مێژوو پتر لەوەی لە دوێنێدا بێت، لەئێستادایە:
یەکەم: لەو روانگەیەوە کە زۆرینەی کۆمەڵگای مرۆیی بە خۆی بزانێت یان نەزانێت، گیرۆدەی یادەوەری خۆیەتی تا ئاستی کۆیلەبون، خالقی ئەو یادەوەرییەش، دوێنێ و روداوو بڕواو بیرکردنەوەکانی دوێنێیە. بەو مانایەی هۆکاری سەرەکی پشت جۆری پەیوەندییەکانمان، دۆستایەتی و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان و نەتەوەکان وژیارەکان.... هتد پەیوەندی بە ئێستاو بە خۆمانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئەوانەوە هەیە، ئەوانی کەلە دوێنێدابون و یادەوەرییەکی جەنجاڵیان بۆ چنیوین و لەرێگایەوە کۆنترۆڵیان کردوین. بۆیە گەر هۆشیاریمان بەم خاڵە نەبێت ولەجادوی یادەوەری نەگەین، ناتوانین لە ئەلفوبای مێژوو وکاریگەرییەکانی تێبگەین. سەرەتای تێگەیشتن لە گەوهەری یادەوری، سەرەتای تێگەیشتنمانە لە مێژوو. گرنگی ئەم تێگەیشتنەش لەوەدا دەگاتە ترۆپک، کە بەتەنها رزگارمان ناکات لە بەکۆیلەبوونی مێژوو بەڵکو دەمانکاتە سەروەری مێژوو، رێگا نادات ببین بە ژێر مێژووەوە، بەڵکو هاوکارمان دەبێت لەوەی مێژوو بکەین بەژێرەوە تائاستی ئەسپەردەکردنی...!، زیاتر لەوەش تەحەکوم بکەین بەیادەوەریی و ئەو مێژوەی ئەو یادەوەرییە جەنجاڵەی بۆ خولقاندوین.
دووەم: پیشەسازی دروستکردنی مێژوو لە ئێستادا.
رەنگە هیچ پیشەسازییەک، بە ئەندازەی پیشەسازی چنین و دروستکردنی مێژوو کاریگەری لەسەر مرۆڤ نەبوبێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، سەرمایەی هیچ پیشەسازییەکیش ناگاتە ئاستی ئەو سەرمایەیەی کەلەم پیشەسازییەدا بەخەرج درابێت و بەخەرج دەدرێت. رۆژ بەرۆژیش رێژەی ئەم سەرمایەیە قەبەترو بەرفراوانتر ئەبێت.
هەر لە خۆوە نەوتراوە مێژوو دەسەڵاتدارەکان یان براوەکان دەینوسنەوە، چونکە نوسینەوەی مێژوو هەم پێویستی بە دەسەڵاتە، هەمیش بە سەرمایە، هاوکات، دەسەڵاتی زیاتر و سەرمایەی زیاتریشت پێدەبەخشێ. چونکە نوسینەوەی مێژوو رێک پیشەسازی دروستکردن و بەرهەمهێنانی مێژووە. نوسینەوەی مێژووش، هیچ نییە جگە لە بینینی روداوەکانی دوێنێ، وەک مادەو کەرەستەی خاوو لەپێناو بەرهەمهێنانی کاڵای نوێدا، کاڵایەک کەبەدەردی ئێستا بخوات و برەوی هەبێت، کاڵایەک بە زەوق وبەبەری واقیعی ئێستاو مرۆڤەکانی بخوات.
لێرەوە نوسینەوەی مێژوو زیاتر لەوەی گێڕانەوەی روداوەکانی رابردوو بێت، سەرلەنوێ دروستکرنەوەو بەرهەمهێنانەوەیانە بە عەقڵی ئێستا و بەتواناکانی ئێستا. کاتێکێش باسی پیشەسازی نوسینەوەی مێژوو دەکەین، بەتەنها مەبەستمان کتێب نییە، بەڵکو مەبەستمان کۆی ئامڕازەکانی دیکەی گێڕانەوەیە، لە شانۆو و تابلۆو وێنەوە تا دەگاتە گوتاربێژی وشیعرو چیرۆک و رۆمان و سینەما....هتد.
ئێستا زیاتر لە کتێبەکان سینەما زەقترین و کاریگەرتین ئامڕازە بەدەست پیشگەرانی مێژووەوە، فیلمەکان، دراماکان زیاتر لەوەی مێژومان بۆ بگێڕنەوە ، مێژومان بۆ بەرهەمدەهێننەوە.
لێرەوە دەشێت وەک هەر پیشەیەکی ترو پیشەسازییەکی تر، پیشەگەری باش و خراپمان هەبێت، پیشگەر هەبێت، بەرهەمی زیانبەخش و کوشندەمان بۆ بەرهەم بهێنێت، بەرهەمێکمان بۆ دروستبکات هەر بە بۆگەنی و ماوە بەسەرچوو لەکارگەوە بۆ بهێنێتە دەرەوە . پیشەگەریش هەبێت بەرهەمی ناوازەو سودبەخش و پڕ وزەی ئەرێنیمان بۆ بەرهەمبهێنێت. بەرهەمێک کە ئێستامان بۆ بڕازێنێتەوە لەڕێگای قەشەنگ بینینی دوێنێوە. پێشەگەرێش هەیە ئێستامان بۆ وێران دەکات لەڕێگای دزێو بینینی دوێنێوە.
بێگومان ئەوەی راستی(پیشەسازی دروستکرنی مێژوو) دەسەلمێنێت زۆر شتە، لەوانە:
یەکەم: روانگەی توێژەرو مێژوو نوسەکان و فیلمسازەکان و ...هتد. بۆ روداوێک یان روداوگەلێکی دیاریکراو جیاوازەو هەر یەکەیان بەجۆرێک دەیگێڕنەوە، واتە جیاواز بەرهەمی دەهێننەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە و دەبێت لەسەری بوەستین ئەوەیە ئەم جیاوازییە، زیاتر لە هەر هۆکارێکی تر، پەیوەندی بەو دیدو جیهانبینی و دۆخە دەرونییەوە هەیە کە مێژوو نوسەکە یان فیلمسازەکە بۆ روداوەکان هەیەتی، نەک نەشارەزاییان و کەمی زانیارییان بە روداوەکان.
دووەم: تەرکیز و جەختلێکردنەوە لەسەروەستانی زیاتری پیشەگەری مێژوو(توێژەرو مێژوونوس و دەرهێنەرو...هتد) لەسەر روداوێک، پەیوەندی و دۆخێکی مێژوویی زیاتر لە روداوو دۆخە مێژوویەکانی تر. بەنمونە گەر توێژەرو مێژوونوس و سیناریست و دەرهێنەرێک بیەوێت مەرگدۆستی و لەناوبردنی ئەوانی دی و سڕینەوەی جیاوازییەکان و تاکڕەوی لەناخماندا بچێنێت، ئەوا دێت بەتەنها ئەو روداوانەمان بۆ دەگێڕیتەوە کە مەرگدۆستیمان لاتۆختر دەکەنەوە، ئەو تێکستانەمان بۆ راڤە دەکەن کە شەرعیەت بەسڕینەوەی ئەویدی دەدەن، زیاتر زوومی کامێراکان لەسەر ئەو کارەکتەرانە دەبێت پاڵەوانی مەرگدۆستی بوون و دونیایان لە رەنگینییەوە بۆ رەشوسپییەتی گواستوەتەوە.
بە پێچەوانەشەوە گەر پیشەگەرانی مێژوو ژیاندۆست و ئاشتیخوازبن، ئەوا فۆکەسیان زیاتر لەسەر ئەو کایانە دەبێت کە ژیاندۆستیمان تێدا دەچێنن.
لەم روانگەیەی سەرەوە، ئەوەمان لا روندەبێتەوە کە مێژوو وەک هەر کایەیەکی دی دوو سەرە، دەکرێت لەرێگایەوە ئێستاو ئایندەمان بۆ ئاوەدانکاتەوە، یان بەپێچەوانەوە بۆمان کاول و سەراوژێربکات. لێرەوەیە یەکێک لە پێوەرەکانی دواکەوتویی و پێشکەوتویی، ژیاندۆستی و مەرگدۆستی هەر میللەت و نەتەوەیەک، بریتییە لە شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ مێژوو و پیشەسازی میژوو و مێژووگەریەتیدا.
بۆیە کاتێک ئێمە(بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و رێکخراوی بەرزجا) دەگەڕێینەوە بۆ کەسایەتییەکی ئاینیی، رۆحانی و مرۆڤدۆست و خاوەن بڕوایەکی قووڵ بە پێکەوەژیانی جیاوازییەکان و قەبوڵکردنی یەکتری... وەک کاک ئەحمەدی شێخ و دیداری بۆ ڕێکدەخەین، ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنی دۆخی ئێستاو مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەیە، مەبەستمانە لەڕێگای کاکی کاکانەوە، لابەلای گوتاری پێکەوە ژیاندا بکەینەوە. بە دونیا و بە خۆشمان بڵێین هیچ دژایەتییەک لە نێوان دینداری و ژیاندۆستیدا نییە، زیاتر لەمەش دینداری راستەقینە بەوە دەپێورێت و لەدیندارە ساختەکان جوێدەکرێتەوە کە بڕوای تەواوی بە لێبوردەیی و فرەیی و پێکەوە ژیانی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و رەگەزی و سیاسییەکان هەبێت و لەپێناو پاراستنیاندا تێبکۆشێت، بێگومان لەبەر یەکدونیا هۆکار، لەسەروو هەمویانەوە یەک هۆکاری سەرەکی هەیە، کە بریتییە لەسەرچاوەی ئەو فرەیی و جیاوازییانە، لە خالق و پەروەرێنی ئەو رەنگینییە کە خوداو بەدیهێنەری جیهانیانە. بۆیە زۆر سانا دەشێت بڵێن بروادارو ئاینداری راستەقینە بەوە لە ئایندارە موزەیەف و ساختەکان جوێدەکرێتەوە کە لەپێناو پاراستنی جیاوازییەکاندا بژی، گەر بەتەنها لەبەر ئەوەش بێت کە دروستکەری ئەو جیاوازییانە خودایە، هەموو هەوڵێک گەرچی کەمیش بێت بۆ سڕینەوەی ئەو رەنگینییەی ناو کۆمەڵگای بەشەری، نەک لانی کەمی ئاینداری نییە، بەڵکو پێچەوانەی ئیرادەو ویستی خودایە، زۆر لەوەش زیاتر بینینی خۆتە وەک خودایەک، خوداتر لە خوداو گەورەتر لە خودای خالقی جیاوازییەکان و جوانییەکان.
پوختە:
بۆ ئەوەی جادوی ئەو گوتارە خاوکەینەوە، کەبەناوی دیندۆستییەوە، دەمانکاتە دوژمنی دین. بەناوی خوداناسیی و نزیککردنەوەمان لێی، پەروەرێنمان لێدەشارێتەوەو لەخودا دورماندەخاتەوە، گەڕاوینەتەوە بۆ کاک ئەحمەد تا بە خۆمان و بە دونیاش بڵێین، پێکەوە ژیان و بڕوابون بە قەبوڵکردنی جیاوازییەکان ریشەو قوڵایی هەیە لە مێژووی ئێمەدا شۆڕەسواری مەزنمان هەبوە، کاک ئەحمەدی شێخ، کاکی کاکان یەکێکە لەو شۆڕەسوارانە(چەندین نمونەو روداو هەن دەیسەلمێنن، کە کاک ئەحمەد بڕوای تەواوی بەپێکەوەژیانی ئاینەکان هەبوە، بەکردەوەش ئەوەی سەلماندوەو توێژینەکانی ناو ئەم کتێبە ئەمەیان سەلماندوە)، بەڵام کەمتەرخەمی لای ئێمەیە کەنەمتوانیوە پیشگەرێکی باشی بواری مێژوو بین و لە ڕێگای تیشکخستنە سەر ژیان و کاروکردەوەو نوسراوەکانیانەوە ئێستامان روناک و پرشنگدار بکەین.
ڕێگا نەدەین مەرگدۆستان بە مومارەسەو بڕوای ناچیزو نامۆ بەکوردەواریان، رۆحی کوردبون و کاک ئەحمەدەکانی شێخمان لێبشارنەوە، بەکەمبینین و سڕینەوەو لەناوبردنی ئەوانیترمان بەگەوهەری ئاین پێبفرۆشنەوە.
