کۆنفرانسێکی سادە و ئاماژەی قوڵی ستراتیژی

د. ئەمیر حسین

16 كاتژمێر لەمەوپێش



  د. ئەمیر حسین

    دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ئەمڕۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی وەیەک هەڵوێستی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەڕێوەچو، هەمو لایەک لەسەر ئەوە کۆکن ئەم کۆنفرانسە دوای ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بەتایبەت ڕوخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی نەخشەڕێی چارەسەری دیموکراتی لە گوتارو دروشمەوە بگوازێتەوە مەیدانی پراکتیکی، بەتایبەت ئاشکرایە گۆڕانکاریەکان زۆر خێرا ڕودەدەن وە ئاماژەی گۆڕانکاری زیاتر لە ئاسمانی ناوچەکە لە دەرکەوتندایە، بە ئەندازەیەک نەخشەی دەسەڵاتە سیاسیەکان پێدەچێت جارێکی تر دابڕێژرێتەوە، ئەگەرچی تورکیا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە ڕوخانی ئەسەددا بینی، بەڵام پێدەچێت هێزە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەت ئەمریکا لەسەر خواست وە دیزاینی ئیسڕائیل ڕۆڵی تەواوکەری دیمەنەکە ببینێت، بەتایبەت گەر بزانین ئیسڕائیل لەدوای جەنگی غەزەو لوبنان دەیەوێت بە شێوەیەکی جیاوازنەخشەی جوگرافیای دەسەڵاتە سیاسیەکانی ناوچەکە دابڕێژێتەوە، بەرەی مقاوەمەو هێزە هاوپشتەکانی نەک پاشەکشێ پێبکات بەڵکو بەیەکجاری تێکبشکێنێ، خۆی وە ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژ گەر نەڵێم بە یەکجاری لە گێچەڵەکانی ئەم بەرەیە ڕزگاربکات ،بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە هەموولایەک پێویستیان بەوەیە کورد وە هێزەسیاسیەکانی ڕۆڵی شایستە ببینن ،چونکە هێزی تاقیکراوەن وە بە خوێن توانیویانە متمانەی هێزە ناوچەیی وە جیهانیەکان بەتایبەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە تیرۆر بەدەستبهێنن.  

    ئەگەرچی هەموولایەک دەمێکە دان بەوەدادەنێن کورد جەنگاوەری ئازاو خوێن بەخشی زۆری هەیە، بەڵام تا ئێستا زۆر کەمن ئەو هێزانەی باوەڕیان بە وەهەیە کە کورد لەم ناوچەیە پڕۆژەی نیشتمانی وە خواستی نەتەوەی هەیە، لەپێناویدا تێدەکۆشێ وە قوربانی بە سەخاوەتەوە بۆ دەبەخشێ، بەدرێژایی مێژوو سڵی نەکردۆتەوە لەهەر جۆرە قوربانیەک لەپێناو شەڕی مانەوەو پاراستنی خەسڵەتە نەتەوەییە ڕەسەنەکانی، لەو پێناوەشدا شەڕی چارەنوسی کورد بۆ پاراستنی گەلێک بوە لە بەردەم هەڕەشەی وجودی، مێژوش دەریخست ئەم ناوچەیە ئارام نابێت بە تەنها  لە ڕێگەی چارەسەری کێشەی فەلەستینیەکان، وەکوهێزە ناسیونالست وە ئیخوانیە تورک و عەرەبیەکان نزیک بە سەدەیەکە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەم ڕۆژهەڵاتە کاتێک ئارامی ڕاستەقینە بەخۆیەوە دەبینێ، گەورەترین نەتەوەی ماف زەوتکراوی ئەم سەردەمە مافە نەتەوەیی وە نیشتمانیەکانی لە چوارچێوەی چارەسەری دیموکراسی بەدەستبهێنێ، ئیتر سەردەمی پەراوێز خستن بەسەرچو، وەک چۆن سەردەمی گوتاری شەرمنانەو، هەڵخەڵەتێنەری سۆزدارانە بەسەرچو، ئەمڕۆ قۆناغی چارەسەری عاقڵانەیە، چارەسەری دیوکراسی لە ئیمڕالیەوە نەخشەسازی بۆکراوە، لە هەموکات زیاتر کۆ دەنگی نیشتمانی لەسەرە، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ئاماژە و کاریگەریە چارەنوس سازەکانی لەسەر چارەسەری ئاشتیانە دەردەکەون.

    لێرەوە بایەخی ئەم کۆبونەوە دەردەکەوێت، هێزە سیاسیە کوردەکان بۆ ئەوەی بتوانن بە ئەرکی شایستەی خۆیان لەم قۆناغە هەڵسن، پێش هەرشتێک پێویستە هەڵوێستەکانیان یەکبخەن ، چونکە فرە هەڵوێستی یان پەرت و بڵاوی لایەنەکان جیا لەوەی نەیارەکان سودی لێدەبینن لەهەمان کاتدا کورد ڕۆڵی شایستە لەدەست دەدات بەتایبەت لەلای ئەوهێزە چالاکانەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە دیزاین دەکەنەوە، ئەمەش جارێکی تر دەرفەتێکی مێژووی لەباردەبات، ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ دەرفەتی ئاوها نەیەتەوە پێش، بۆیە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەموو کات زیاتر بەرپرسیاریەتی مێژوویان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی خۆیان لە نەعلەتی مێژوو ڕزگاربکەن.

      هێزە کوردیەکان وەرەقەی بەهێزیان فڕێداوەتە سەرمێزی گۆڕانکاریەکان، وەرەقەی چارەسەری ئاشتی دیموکراسیانە، گرنگە هەموولایەنەکان بە هەموو توانایانەوە پابەندی پێوە ڕابگەیەنن، ئە مە چەکێکی کاریگەرو بیانو بڕە بۆ هەمو لایەک، بەردەوام کورد بە تێکدەر وە گوناهباری ڕاستەوخۆی توندوتیژی وە شکستی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی ناوزەد دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ ئاشکرایە گەلی کورد شەڕی چارەسەری ئاشتی و دیموکراسی دەکات پێش هەر کەس و لایەنێکی تر. ئەمەش بۆ کورد وە هێزە سیاسیەکانی بوە بە ستراتیژی هاوبەش و لەگەڵ هێزە هەرێمی وە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پڕۆژەی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە کۆیان دەکاتەوە، گەلی کورد هەمیشە قوربانی یەکتر بڕی بەرژەوەندیەکانی بوە لەگەڵ هێزە هەرێمی وە نێودەوڵەتیەکان، بەشێکی ئەم شکستانەش بۆ کورتبینی سەرکردایەتی سیاسی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان دەگەڕێتەوە، یان بە دیوەکەی تردا بۆ هاوتەریبی بەرژەوەندی هێزە نێودەوڵەتی وە ناوچەییەکان بوە لەگەڵ نەیارانی کورد وخواستە نیشتمانی وە نەتەوەییەکانی، بەڵام ئەمجارە مێژوو دەرفەتێکی خستۆتە بەردەممان گەر بتوانین دوور لە گوتاری درۆزنانە وهاشوهوشی قەومچیەتی هەڵخەڵەتێنەر ڕەنێوی بهێنین، بەرژەوەندی هێزە کاریگەرەکان لە ڕووی ستراتیژیەوە هاوتەریبی خواستەکانی ئێمەیەو زۆر بە توندی تا ئێستا لەگەڵ هێزە نەیارە تەقلیدیەکانی کورد بەریەک دەکەوێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار