ئافەرین ژەنەڕاڵ

هیوا سەید سەلیم
16 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی کارەکانی بۆ یەکڕیزی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانج گەیاند، بڕیارە ڕۆژی 26 نیسان لەسەر بانگھێشتی ژەنەڕاڵ کە بۆ 42 لایەنی سیاسی و چەندیین کەسایەتی سیاسی ناردراوە، لە ژێر درووشمی (یەکڕیی و یەکھەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان) کۆتایی بە پەرتەوازەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بھێندرێت، ئەگەر گرفت بۆ کۆنفراسەکە درووست نەکرێت ئیدی کورد لە ڕۆژئاوا دەبێتە خاوەنی یەک ھەڵوێستی سیاسی و یەک ناوەندی بڕیار و بەیەک شاندی یەکگرتوو بەشداری دانوستانەکانی دەکات لەگەڵ سوریای نوێ.
شایانی باسە. لە دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011، کورد لە رۆژئاوای کوردستان ھەرگیز یەکگرتوو نەبووە، بگرە ماڵی کورد پەرتەوازە بوو لە نێوانی (پەیەدە و ھاوپەیمانەکانی لە ئیدارەی خۆسەری و ئەنەکەسە)، کە تا ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد ناکۆکییەکان لە نێوانی لایەنەکانی پارتی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە) و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) بوون.
ئەم دوو لایەنە لە ئاستی مامەڵەیان لەگەڵ لایەنە سوریەکان و ھاوپەیمانییە ھەرێمایەتیەکانیش دوو بەرە بوون، بەری پەیەدە خۆی وەک بەرەی سێیەم لە سوریا ناساندبوو، ھەرچی ئەنەکەسە بوو لە نێو ئیئتیلافی ئۆپزسیۆنی سوریا جێی گرتبوو کە لە لایەن تورکیا پشتیوانی لێدەکرا.
کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و دواتر ھەڵوەشاندنەوەی ئیئتلافی ئۆپزسیۆنی سوریا و ھەوڵەکانی مەزلوم عەبدی و پشتیوانی لایەنە کوردستانییەکان لەو ھەوڵانەی ژەنەڕال، زەمینەسازی کرد بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان. سەرەنجام وا ڕۆژی 26 نیسان ئەگەر ھیچ گرفت و کۆسپێک درووست نەکرێت بەرھەمی ماندووبوون و تێکۆشانی ژەنەڕاڵی کوردان دەبینین.
شایانی باسە، ئەجێندای کۆنفراسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان چوار خاڵ لە خۆی دەگرێت، ئەوانیش بریتیین لە:
- ڕاگەیاندنی رێکەوتنی یەکجارەکی نێوان پەیەدە – ئەنەکەسە.
- یەکخستنی ووتاری ستراتیژی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
- پێکھێنانی شاندێکی یەکگرتووی کوردی بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی سوریای نوێ.
- رێکەوتن لەسەر ئایندەی رۆژئاوای کوردستان واتا داخوازی کورد لە سوریای نوێ.
لێردا دەبێت ھەموو لایەک ھەوڵەکانی مەزڵوم کۆبانێ (ژەنەڕاڵی کوردان) بەرز بنرخێنن کە لە گشت ئاستەکانی جیھانی و ھەرێمایەتی و کوردستانی توانی ببێتە ھەوێنی یەكڕیزی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، نموونەی ژەنەڕاڵ لە پارچەکانی دیکەی کوردستان زۆر بێت، با باشوور چاو لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات، لە یەک ھێزی سەربازی و یەک ناوەندی بڕيار، بۆیە دەڵێین " ئافەرین ژەنەڕاڵ".
