سەردەمی هونەری بەتاڵ کەوتنی جوانی لەبەردەم توێژێکی بەکاربەرەوە

د. کامەران محەمەد
3 مانگ لەمەوپێش
د. کامەران محەمەد
هونەر وەک ئامرازێکی نیشتمانی:
هونەر تەنها ئامرازێکی کات بەسەربردن نییە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ (پەروەردەکردن) و (بەرخۆدان) و (یادەوەریی) و (تێڕوانین). لە کاتە ناسکەکاندا مرۆڤەکان نەک تەنها بۆ دەربازبوون، بەڵکو بۆ پێناسەکردنەوەی بەها و شیمانە و ڕاستییەکانیش بۆ هونەر دەگەڕێنەوە. بەدڵنییاییەوە چ لە ڕێگەی سینەما یان ئەدەب یان شانۆ یان هونەرە بینراوەکانەوە، ئەو پەیامانەی هونەر هەڵیدەگرن، دەتوانن کۆمەڵگهیەک بەرەو هۆشیاریی بەرز بکەنەوە یان نوقمی بێباکی و داڕمانی بکەن.
لە ناوکۆی کۆمەڵگهی کوردیدا- کۆمەڵگهیەک کە بە دابەشکاریی داگیرکاریی و خراپی فەرمانڕەوایی ناوخۆیی و بێ دەوڵەتی بریندار بووە- بڕیارە لێرەدا هونەر کردەیەکی شۆڕشگێڕانە بێت، بەڵام هونەری هاوچەرخی کوردی، بەتایبەتی زنجیرە تەلەفزیۆنیە بەناو کۆمیدییەکان – ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمانە-، چوونەتە ناو دابەزینێکی مەترسیدارەوە، کە ڕەنگدانەوەی ئەو چەقبەستوویی و گەندەڵیدییە سیاسییە زۆرەیە کە دەبوو ئاڵنگاری بکەن.
دۆخی کورد: پاشەکشەکردن لە پەیام:
بەشێک لە زنجیرە تەلەفزیۆنییە کوردییە بەناو کۆمیدییەکان لە ڕابردوودا چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرا، کە ببنە سەکۆی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و چارەسەری دەردە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. بەڵام ئەمڕۆ بوونەتە هێمای چەقبەستوویی و دواکەوتن. واتە (چیرۆکی دووبارەبووەوە) و (زمانی لاواز) و (جوانناسی پشتگوێخراو). لەوەش خراپتر، ئەو کەسانەی ئەم بەرهەمانە بەرهەمدێنن، یەک دەمووچاون- واتە توێژێک لە "نوخبەی بازاڕ" کە بە دیدگایەکی بەسەرچوو و خۆبەگەورەزان فەزای ئەم شێوە هونەرەیان قۆرخ کردووە.
ئەنجامەکەی تەنها شکستێکی هونەری نییە، بەڵکو شێواندنی هۆشیارییە. ئەم کردەوانە لەبری خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەشدارن لە ئاساییکردنەوەی دۆخە خراپەکان. بێئومێدی قووڵتر دەکەنەوە و بیری ڕەخنەیی خامۆش و دەنگە نوێیەکانیش سەرکوت دەکەن.
لێرەدا هونەری خراپ تەنها شکست نییە، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە. کە زەوق و سەلیقەی گشتی دەشێوێنێت و بیرکردنەوە لاواز دەکات و هانی چەقبەستوویی دەدات.
بەراوردە مێژووییەکان: هونەری بونیادنان و ڕوخان
بۆ تێگەیشتن لە جددیەتی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن، پێویستە لە نموونە جیهانییەکان ڕابمێنین، ئەوەی ڕاستییەکانمان بەڕوونی بۆ دەخەنەڕوو، واتە ئەوەی کە چۆن هونەر دەتوانێت ئامرازێک بێت، بۆ بونیادنان یان ڕوخان.
بۆ نموونە لە (سەردەمی ڕایخی سێیەم، واتە فەرمانڕەوایەتی حیزبی نازی)دا، هونەر تەنها ئامرازێکی پڕوپاگەندەی ڕووت بوو. هونەری مۆدێرن قەدەغە کرا و بە (لادان) دادەنرا، لە شوێنیدا ئەو هونەرە کلاسیکە برەوی پێدرا، کە چەمکەکانی (ڕەگەزی ئاریایی) شکۆمەند دەکرد. بۆیە گەل فریو درا و هۆشیاری ون بوو و کۆمەڵکوژی بە ناوی (جوانی ساختە) وە ئەنجامدرا. واتە کاتێک هونەر لە حەقیقەت جیا دەکرێتەوە، کوشندە دەبێت.
لە ساڵانی 1920ەکاندا، (بوژانەوەی هارلم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) تەقینەوەیەکی ڕۆشنبیریی لەنێو ئەمریکییە ئەفریقییەکاندا ئەنجامدا. سەرلەنوێ هونەر لە ڕێگەی شیعر و مۆسیقا و شانۆوە ناسنامەی ڕەشپێستەکانی پێناسە کردەوە و ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بووەوە و بناغەی شانازی کردنێکی ڕاستەقینەی بەکۆمەڵی دامەزراند. واتە لێرەدا هونەر خەبات و ئامرازێک بوو، بۆ مانەوە و ئازادبوون.
دواتر دوای ڕووخانی سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور، هونەر وەک ئامرازێک بۆ ساڕێژکردنی برینە نیستمانییەکان بەکارهێنرا. لە ڕێگەی شانۆ و سینەما و ئەدەبەوە، ئازارەکان نەمان و ئاشتەوایی و دادپەروەریی هاتنە ئاراوە. بەرهەمەکانی وەک (تسۆتسی Tsotsi) یان شانۆنامەکانی (ئەتۆل فوگارد Athol Fugard) بوونە پانتاییەک بۆ گوتنی ڕاستییەکان. واتە هونەری باش دەتوانێت بۆ کۆمەڵگهیەکی وێران تەلارسازێکی ئاکاریی بێت.
شکستەکانی هونەری کوردی:
ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم نموونە ئیلهامبەخشانەوە، لە زنجیرە کوردییە تەلەفزیۆنییە بەناو کۆمیدییەکان ڕابمێنین. ئەوا دڵ تەنگ و نائومێد دەبین، دیارە هۆکارەکان زۆرن، بەڵام دەتوانرێت لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورت بکرێنەوە:
1. قۆرخکاری دامەزراوەیی:
چەند ڕووخسارێکی نەگۆڕ و دووبارەبووەوە، فەزای ئەو شێوە هونەرەیان قۆرخ کردووە و ڕێگری لە داهێنان دەکەن و دەنگە داهێنەر و بوێرەکان دووردەخەنەوە. زۆرجار ئەم کەسانە دیدی نوێیان نییە و هونەر بۆ نمایشکردنی خۆیان نەک خزمەتکردنی کۆمەڵگهکەیان بەکاردەهێنن، دەسەڵات و لایەنە دەسەڵاتدارەکانیش بەهەموو شێوەیەک پشتگیرییان لێدەکەن.
2. لاوازی زمانەوانی:
زمانی کوردی - هێمای شوناس و کەلتوور - لەم زنجیرانەدا خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. گفتوگۆکان لاوازن، زمان لێوانلێوە لە ئاخاوتنی بەتاڵ وشەی بێگانە و هەست و قووڵایییەکی شیعریی و زانینی تێدا نییە. ئەمەش نەک هەر زیان بە هونەر دەگەیەنێت، بەڵکو خودی زمانیش لاواز دەکات.
3. نەبوونی پەیام:
ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنییانە بە دەگمەن باس لە بابەتگەلێکی وەک (گەندەڵیی، توندوتیژیی، هەژاریی، کۆچکردن، یان لەدەستدانی شوناس) دەکەن. لەبەرامبەردا چیرۆکی حەزلێکردنی هەرزەکارانەی دوور لە وایقیع دووبارە دەکەنەوە، نوکتەی ڕووکەش و بێ واتا، یان لاسایی مۆدێلە قێزەونەکانی کەلتوورەکانی دەورەبەر و دەرەوە، بەبێ تێگەیشتنێکی ناوخۆیی خۆماڵییانە دەکەنەوە. لەبەرئەوە ئەم بۆشاییە نەک هەر مرۆڤەکان لە نەزانییدا دەهێڵێتەوە، بەڵکو (برینەکانیش قووڵتر دەکاتەوە).
میدیای گوێڕایەڵ: پلاتفۆرمە بێ ویژدانەکان
ئەوانەی کە دەبوو پارێزەری هونەری باش بن- پلاتفۆرمە میدیاییەکان- ئەمڕۆ بوونەتە ئامرازی کات بەسەربردنی بێ ئامانج. ئەوان هەڵگری پەیامێکی نیشتمانیی و پەروەردەیی نین. کاری ڕووکەش و بێ پەیام بەرەوپێش دەبەن و کاری باش و بەهاداریش پەراوێز دەخەن.
بۆیە لە ئەنجامدا زەوقی گشتی تێک دەچێت و مرۆڤەکانیش بەبێ بیرکردنەوە بەکاری دەهێنن. واتە لەم زەمینەیەدا هونەر ئەرکی ژیارانەی خۆی لەدەست دەدات.
چی بکرێت؟
بۆ دەرچوون لەم چەقبەستوویی و پوچێتییە، دەبێت چەندین هەنگاوی بوێرانە بنرێت، وەک:
- هەڵوەشاندنەوەی قۆرخکاری دامەزراوە هونەریەکان: واتە کردنەوەی ڕێگە بۆ دەنگە نوێ و لاوەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە هەموو شوێنێکی حکومەتدا پەراوێزخراون.
پشتگیریکردنی زمانی کوردی: لە ڕێگەی ۆرکشۆپی نووسین و خولی زمانی ئەدەبی و فێرکردنی هونەری گێڕانەوە.
- هاندانی هونەری ئامانجدار: کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و مرۆییانە باس لە پرسە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵی کوردەواری بکات.
- ڕاهێنانی بینەر و ڕەخنەگران لەسەر سەلیقەی ڕەخنەگرانە، ئەمەش لە ڕێگەی میتۆدی پەروەردەیی و میدیاییەوە، کە هاندەری بیرکردنەوە و شیکردنەوەیە.
هونەرمەند ئەندازیارێکی نیشتمانییە:
لە نێو میللەتێکی بێ دەوڵەتدا، کە خاوەنی جوگرافیایەکی پەرت و مێژووێکی خوێناوییە، دەبێت هونەر لە ڕازاندنەوە و کات بەسەربردن زیاتر بێت، واتە دەبێت ئاوێنەی واقیع و خەوبینین بێت بە داهاتووەوە.
هونەری خراپ بێتاوان نییە. چونکە (ئەندێشەی بەکۆمەڵ بە شێوەیەکی شێواو دادەڕێژێتەوە) و (بەرگری کۆمەڵگە لاواز دەکات) و (میراتێکی خراپ جێدێڵێت). لەبەرامبەریشەوە هونەری باش شۆڕشێکی بێدەنگە، کە وێنەی هۆشیاریی دەکێشێتەوە و تۆوی ئومێد دەڕوێنێت.
با ڕاستگۆیانە لە خۆمان بپرسین: ئایا چ جۆرە میراتێکی هونەری بەجێدەهێڵین؟
ئەگەر وەڵامەکە ئەوە بێت: (بێدەنگی، دووبارەبوونەوە، خراپ)، ئەوا بەدڵنییاییەوە باشترە بە هیچ شێوەیەک هونەرێکمان نەبێت، لەوەی ئەم هونەرە پوچ و ساختەیەمان هەبێت!
25/4/2025
سهرچاوهکان
- Gavin Hood, Tsotsi (South Africa: Moviworld, 2005), film.
- George Hutchinson, Harlem Renaissance American literature and art, (https://www.britannica.com/event/Harlem-Renaissance-American-literature-and-art), (20/4/2025).
- Nausikaä El-Mecky, Art in Nazi Germany, (https://smarthistory.org/art-in-nazi-germany/), (25/4/2025).
