من لەگەڵ پێکەوەژیانی ئایینە ئیبراهیمییەکانم

طارق فاتح
یەک مانگ لەمەوپێش
طارق فاتح
ئەنجامدان و بە ڕێوەچوونی ڕۆژی "نزای نیشتیمانی" لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵ لە هەولێری پایتەخت، مشتومڕ و گفتوگۆی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا و چەندین خوێندنەوەی جیا جیای بۆ کرا، کە بە گشتی دەکرێت لەناو دوو ئاڕاستەی دژبەیەکدا پۆلێنیان بکەین. ئاڕاستەیەکیان هاوڕایە لەگەڵ ئاینی ئیبراهیمیدا و مەڕاسیمەکەش وەک بۆنەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ یەکتری قبوڵکردن و پێکەوەژیان و بەدیهاتنی ئاشتیی جیهانی، هەرچی ئاڕاستەی دووەمیشە ئەم مەڕاسیمە وەک سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی ئاینێکی نوێ بە ناوی ئاینی "ئیبراهیمی"یەوە دەبینن، کە بە هەوڵێکی دوژمنکارانەی ئیسرائل و ستراتیژێکی دوورمەودای زایۆنیزمی دەزانن بۆ لێدان و بێ ڕۆڵکردنی ئاینی ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری دونیادا. لە ئاستی سیاسیدا پارتی پشتگیری لە پڕۆژەکە دەکات و یەکێتیش خۆی لێ بە دوور دەگرێت، هەرچی حزبە ئیسلامییەکانیشە، سەرجەمیان لە دژی دەوەستنەوە و بە هیچ کلۆجێک لەگەڵ ئەنجامدان و جێگیرکردنی مەڕاسیمی "ڕۆژی نزای جیهانی" و دروستکردنی ئاینێکی نوێدا نین بەناوی ئاینی"ئیبراهیمی"یەوە، کە لە ئێستادا وڵاتێکی وەک ئیماڕات بە فەڕمی ڕێکەوتننامەی ئایینە ئیبراهیمییەکانی قبوڵکردووە و پەیڕەوی لەم ڕێکەوتنە نوێیەی ئایینە ئیبراهیمییەکان دەکات.
ئامانجی ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی شیکارییانەیە بۆ دروستبوونی نەریتی ئیبراهیمی لە سێ قۆناغی جیاوازی "یەهودی و مەسیحی و ئیسلام"دا، کە هەرسێکیان سێ فۆڕمی جیاوازی دەرکەوتنی یەک نەریتی خوداپەرستین لە مێژوودا و ئەویش نەریتی"یەکتاپەرستی"یە. پاشان دێینە سەر خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی ئەم گەڕانەوە نوێیە کە لە ئێستادا هەندێک بە ڕێکەوتننامەی ئیبراهیمی و هەندێکیش بە ئاینی ئیبراهیمیی نوێ ناوی دەبەن.
بۆ ئەوەی لە ئاینی ئیبراهمی تێبگەین، پێویستە بۆ ئەو سیاقە مێژووییە بگەڕێینەوە کە کەسایەتی ئیبراهمی تێدا دەردەکەوێت و نەریتێکی نوێی خوداپەرستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە. ئاشکرایە میزۆپۆتامیا بە لانکەی شارستانییەت دادەنرێت و دێرینترین شوێنەواری یەکەمین شارستانییەتەکانی وەک سۆمەری و ئیلامی و هۆری و ...هتد بووە، بەو پێیەی ئیبراهیمیش لە حاران یان"ئور" لە دایک دەبێت، زادگاکەی دەکەوێتە ناو هەمان ئەو جوگرافیایەوە کە بە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار ناسراوە. بە پێی لێکۆڵینەوە ئارکۆلۆژییەکان شوێنەواری ئەو پەرستگایانەی لە میزۆپۆتامیادا دۆزراونەتەوە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ هەزار ساڵ بەر لە ساڵی زاینی دەگەڕێتەوە، ئەمەش دەریدەخات بەر لە دەرکەوتنی ئیبراهیم چەشنێک لە فرە خودایی لەو سەر زەمینەدا بوونی هەبووە، کە هەر یەکێکیان خوداوەندی هۆز و قەبیلەیەکی جیاواز بوون و لە پەرستگاکاندا جۆرێک لە فیدراسیۆنی خوداکانیان پێکهێناوە و سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەریەکەیان لە لایەن بڕوادارانی خۆیانەوە پەرستراون و قوربانیان پێشکەش کراوە.
یەکەم چرکەساتی دەرکەوتنی ئیبراهیم، لە دوای چیرۆکی شکاندنی بتەکانەوە، چرکەساتی کۆتاییهێنانە بە فرەیی خوداکان و ڕاگەیاندنی تاکخوداییە لە مێژووی میزۆپۆتامیادا. ئەم کردەیەی ئیبراهیم بەتەنیا کۆتایی بە نەریتی بتپەرستی و ئاینی فەرمی شارستانییەتی بابلی ناهێنێت، کە نەمرودەکان پاشایەتی دەکەن، بەڵکو کۆتایی بەو فۆڕمە ژیانەش دەهێنێت کە مرۆڤەکان بتوانن بەبێ میدیۆم و ناوەندگیرێک گفتوگۆ لەگەڵ خودادا بکەن، هەربۆیە لە دوای دەرکەوتنی نەریتی ئیبراهیمییەوە، هەرسێ ئاینی "یەهودی و مەسیحی و ئیسلام" کە سێ ناوی جیاوازن بۆ سێ فۆڕمی یەکتاپەرستی، هەریەکەیان کتێب و پەیامبەری هەڵبژێردراوی خۆیان هەیە. بەپێی ڕیزبەندیی مێژوویی نەریتی ئیبراهیمی، ئیسلام دوا فۆڕمی ئایینە ئیبراهیمییەکانە و شوێنکەوتووانیشی پێیانوایە، هەردوو فۆڕمە یەهودی و مەسیحییەکە بە هاتنی ئیسلام ڕەتکراونەتەوە و کۆتاییان هاتووە. بەم پێیە و لە ڕوانگەی شوێنکەواتووانی ئیسلامەوە ئاینە ئیبراهیمییەکان لە ئێستادا نەسخبوونەتەوە و دینی حەق بە تەنیا دینی ئیسلامە. لە کاتێکدا بە پێی تێگەیشتنی مێژوویی و تیۆلۆژیی و ئاینناسی بۆمان دەردەکەوێت هەرسێ ئایینی یەهودی و مەسیحی و ئیسلام سێ شێوازی دەرکەوتنی نەریت و ئاینی ئیبراهیمین کە بریتییە لە وەحدانیەت و یەکتاپەرستی.
کەواتە ئەو گەڕانەوەیەی لە ئێستادا بۆ ئاینی ئیبراهیمی لە ڕۆژەڤدایە و مشتومڕی لەبارەوە دەکرێت، بەسەرێک کۆتایی هێنانە بە سەنتەرگەرایی هەر یەک لە فۆڕمە ئایینییەکانی یەهودی و مەسیحی و ئیسلام، بە سەرێکی دیکەش گەڕانەوەیە بۆ نەریتی فرەیی خوداپەرستی پێش دەرکەوتنی ئیبراهیم وەک فیگەرێکی بتشکێن و داهێنەری تاکخودایی و وەحدانییەت.
بە مانایەکی دیکە، بە درێژایی مێژووی خۆرهەڵات، میزۆپۆتامیا لانکەی پێکەوەژیانی هۆز و قەبیلە و نەتەوە جیاوازەکان بووە و فرەیی خەسڵەتی سەرەکی و ڕاستەقینەی ناسینەوەی وڵاتی نێوان دووڕووبار بووە، هەر بۆیە ئەم گەڕانەوەیەی ئێستا بۆ ئاینی ئیبراهیمی، تێکشکاندنی ڕوانگەی تاکگەرایی ئیبراهیمە لە ڕێگەی نەریتی ئیبراهیم خۆیەوە، ڕەتکردنەوەی زاڵبوونی یەک دینی پاک و بێخەوش و بێکەموکوڕییە بۆ فرەیی دینەکان و ڕوانگە جۆراوجۆرەکان و خوداپەرستییە جیاوازەکان، گەڕانەوەیە بۆ پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی مرۆڤەکان، ئازادکردنی خوداپەرستییە لە کڵێشەی شەریعەتە ئاسنین و نەگۆڕەکان، کە بۆ ماوەی چەندین سەدە هۆکاری توندووتیژی و خوێنڕشتن و وێرانکاریی بوون لە ڕۆژهەڵات و ناوچەکە بە گشتی، هەر لە شەڕی خاچپەرستەکانەوە تا دەگاتە کێشەی چەندین دەیەی ئیسرائل و فەلەستین و کردەوە تیرۆرستیەکانی داعش و مەسەلەی تیرۆر و پێکدادانە مەزهەبییەکانی وەک سوننە و شیعە، سەرجەمیان دەرئەنجامی یەکتری سڕینەوە و خۆبەحەقزانین بوون، بە گشتی ئەم ڕێکەوتنە نوێیەی ئایینە ئیبراهیمییەکان هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و پێناسەکردنەوەی دین لەسەر بنەمای قبوڵکردنی جیاوازییەکان و یەکتری قبوڵکردن و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، کە چەندین سەدەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی بێبەرییە، گەیشتنە بەو حەقیقەتەی کە مەولانای ڕۆمی باسی دەکات و دەڵێت: هێندەی ژمارەی ئینسانەکان، ڕێگای ناسین و گەیشتن بە خودا بوونی هەیە. کەواتە بەڵێ بۆ ڕێکەوتنی ئایینە ئیبراهیمییەکان و من لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە نوێیەدام.
