ئۆجەلان لە نێوان خەباتی دیموکراتی و خەباتی چەکداریدا

دڵشاد مەجید
یەک مانگ لەمەوپێش
دڵشاد مەجید
▪️ئۆجەلان خاوەنی پرۆژەی دامەزراندنی هەدەپ بوو!!
▪️ئۆجەلان دەیەوێ کورد لەئەنقەرە دەسەڵاتدار بێ، نەک تەنیا لەناوچە کوردیەکان.
تا ئێستا بەشێک لە ئێمەی کورد چ لەسەر ئاستی تاک یا لەسەر ئاستی رێکخراو و حزبی سیاسی نا تێگەیشتنێکمان هەیە بۆ رەهەندەکانی دیدگا و هێڵی بیر و ئەندشەی عبدواللە ئۆجەلان و ناتوانین لەدەرەوەی سۆز و هەست، بە لۆژیکیانە هەزمی بکەین.
ئۆجەلان کاتێ بۆ خوێندنی پارێزەری و زانستە سیاسیەکان لەساڵی ١٩٧١ ڕوو لەهەردوو زانکۆی (ئەستەمبۆڵ و ئەنقەرە) دەکات، ئۆجەلان وەک چەپێکی مارکسی ڕادیکال لەناو تورکەکان واتە لەناو هەناوی (کۆمەڵگای تورک )ی خەبات و چالاکی سیاسی دەست پێ دەکات، نەک لەناو هەناوی (کۆمەڵگای کوردی) زۆربەی هاوبیرو هاوەڵەکانی بەنەژاد تورک بوونە.
هێڵی فیکری ئۆجەلان گۆرانکاری زۆری بەخۆووە بینووە، هەر لە چەپێکی مارکسی - لینینی بۆ چەپێکی نەتەوەیی تا گەیشتن بە چەپێکی ریفۆرمیستی دیموکراتخوازی نیشتمانی( مەبەست نیشتمانی تورکیایە).
ئەم گۆڕانگاریانەش لەهێڵی فکری ئۆجەلان، خاڵێکی پۆزەتیفە، کە ڕەچاوی گۆڕانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابووری تورکیا و ناوچەکەو جیهانی کردووە، ئەم بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنە( مراجەعەتانە) لەفکرو بەرنامەی سیاسی ، نیشانەی گەشەسەندن و دینامکی بیرو هزری ئۆجەلانە لەبەرامبەر دۆگما بوون چەقبەستووی فکرو جوڵە.
🔷ئۆجەلان دوای دەستگیرکردنی!
گەیشتە ئەو باوەڕە ، کەچارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، مەحاڵە بە بێ بوونی دیموکراتی لە ئەنقەرە.
هەرچەند کێشەکەت رەوا بێ، بەڵام لەنێو ململانێ و مامەڵەی زلهێزەکان و بەرژەوەندیەکانی هێزە دەوڵی و ئیقلیمیەکان، سەودایی و مامەڵەی پێ دەکرێ دەکرێتە قوربانی .
لێرەوە لەپاڵ قوربانی دان و ماڵوێرانیەکانت، ڕەوایەتی کێشەشت
لەدەست دەدەی و بەتیرۆریست و تێکدەریش لەقەڵەم دەدرێی . لەولاوەش پێگەی فاشیزم و نەتەوەپەرستەکانیش لە دەسەڵات بەهێزتر دەکەی و دۆستایەتی هێزە دیموکراخواز و چەپەکانیش لەدەستخۆت دەدەی و دەبیتە هەڕەشەش لەسەر خەباتی ئەوان.
بۆیە ئۆجەلان دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی ئەگەر خەباتی نەتەوەی کورد لەگەل سەرجەم خەباتی کەمایەتیەکان و هێزە دیموکراتیەکانی ناو تورکیا گرێ بدەیتەوە، ئەوکات دەتوانی هەنگاو بە هەنگاو لە چارەسەر نزیک ببیتەوە.
🔷 هەر لەو ڕوانگەوە ئۆجەلان ، لەساڵی (٢٠١٢ ) داوا لە دەستەی پارێزەرانی خۆی( سەلاحەدین دەمرتاش و فیگن یوکسەکداغ و پەروین یولدان) دەکات، کە هێزێکی سیاسی دوور لە ناسنامەی نەتەوایەتی دامەزرێنن.
ئەو هێزەش، هێزی سەرجەم نەتەوە و ئایینزاکان و ژنان و چین و تۆژەکانی کۆمەڵگای تورکیا بێ.
ئەوەبوو لە ٢٠١٢/١٠/١٥ پارتی ( هەدەپ) دامەزرا.
پێش هەدەپ کوردەکان نوێنەرایەتی سیاسیان لە پەرلەمان و ئیدارە خۆجێیەکان لەسەرئاستی کاندیدکردنی سەربەخۆ ، یا لەناو پارت و هێزە تورکیەکانی تر بوو.
بەڵام بەم هەنگاوەی ( هەدەپ) کە ئەندازیارەکەی ئۆجەلان بوو،
توانی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ بۆیەکەم جار، بێ ئەوەی هاوپەیمانی بکات لەگەڵ هیچ حیزبێک یا هێزێکی سیاسی (٨٠ )
کورسی لە پەرلەمانی تورکیا بەدەست دەهێنێت .( کە زیاتر لە ١٣٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا لەسەرئاستی تورکیا).
دەکرێ بڵێن ئەم هەنگاوەی ئۆجەلان هەنگاوێکی نوێ بوو لەخەباتی سیاسی، کە لە ناوەڕۆکدا دەتوانین دوو خوێندنەوەی بۆ بکەین.
▪️خۆی لەخۆیدا، جورێک بوو لەڕەتکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەک.
▪️لەلایەکی تر دەکرێ هەوڵێکیش بێت بۆ هێنانەدی مۆدیێلکی تری سیاسی ئەویش، گرێدانی باڵی چەکداری بە باڵی سیاسیەوە.
🔷ئالەم پێودانگەوە ئەمڕۆ ئۆجەلان ، زۆر بە متمانە بوون بەخۆ و بەبێ ترس ، داوا لە پەکەکە، دەکات کە چەک دابنێن. چونکە پەکەکە بۆتە بەهانەیەک و عوزرێک بەدەستی فاشیزم و نەتەوەپەرەستەکانی تورکیا، هەرچی دەنگی ئازادیخوازو دیموکراتخوازە، بەتۆمەتی پەیوەندی کردن بەتیرۆرەوە، کپ دەکرێن و دەخرێنە کونجی زیندانەوە.
ئۆجەلان چاک لە هاوکێشە گەیشتووە، هەر کاتێ پەکەکە چەک دابنێ، تۆمەتی تیرۆر و تیرۆریست نەک لەسەر کورد و سیاسی کورد و گەنج و ژنی کورد نامێنێ، بەڵکو لەسەر تورکەکانیش نامێنێ، ئەمڕۆ یەک لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ ( ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆی- سەرۆکی پارتی جەهەبە) پەیوەندیکردنە بە تیرۆریستانەوە.
🔷عەبدوڵا ئۆجەلان باش دەزانێ، دەوڵەتی تورکیا هیچ دانوسانێکی ڕاستەوخۆ لەگەل پەکەکە ناکات، چونکە هەر دانووسانێک لەگەل پەکەکە، دەبێتە مایەی داماڵینی و وەلانانی سیفەتی تیرۆریست لەسەر پەکەکە. کاتێکیش پەکەکە چەک دابنێ ، هەنگاوی هەرە گرنگ،دێتە کایەوە ئەویش گۆڕینی (دەستوری تورکیایە) . گرنگترنیان گۆڕێنی پێناسەی تیرۆیستە.
خودی قوربانی ئەو یاسایە عبداللە ئۆجەلانە، کە ئێستا ناتوانێ لەدەرەوەی ئیمراڵی سەرپەرشتی دانووسانەکان بکات.
ئازادکردنی ئۆجەلان پەیوەندی بەخودی گۆڕینی دەستووری تورکیایە.
🔷بۆیە دەبێ ئەمڕۆ لەو ڕاستیە بگەین کە هۆکاری بەرەو پێش چوونی دۆزی کورد لەتورکیا ، بۆ خەباتی دیموکراتی (هەدەپی )دوێنی و (دەم پارتی) ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.
چونکە توانویەتی هاوکێشە و پارسەنگی هێز لە تورکیا بگوڕێ. کاتێیش تۆمەتی تیرۆر و تیرۆیستیش نەمێنێ ، ئەوکات بێنە بەرچاوت، هێزی کورد لەتورکیا دەبێت چەند کاریگەرو بەهێزتر بێت؟؟
🔷بە خوێندنەوەی من بەو پلان و تێگەیشتنەی ئۆجەلان، کورد لەهەنگاوەکانی داهاتوو دەکاتە خاوەن بڕیارو دەسەڵات لەتورکیا. هەروەک چۆن ئەمڕۆ ئازەریەکانی ئێران دەسەڵاتی ئێرانیان کۆنتڕۆڵ کردووە!!.
