جیۆپۆلەتیکی ڕیملاند و پێگەی کوردستان
(2).jpg)
عەبدولڕەزاق مەهدی
7 ڕۆژ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق مەهدی
جیۆپۆلتیک یەکێکە لە گرنگترین ئەو زانستانەی، کە دەوڵەتەکان وەک بناغە بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانیان پشتی پێ دەبەستن. فالکن برک دەڵێت: “جیۆپۆلەتیک جوگرافیای سیاسییە لە گۆشەنیگای نەتەوەیییەوە”. جۆن ئەگینۆ وای دەبینی کە جیۆپۆلەتیک “هەڵبژاردنی گریمانە و ڕێنوێنی و چەمکە جوگرافییەکانە، ئەوانەی دەچنە ناو بڕیاردانی سیاسەتی نێودەوڵەتییە”.
یەکێک لە بیردۆزە بەهێز و کاریگەرەکانی ناو زانستی جیۆپۆلەتیک بریتییە لە “بیردۆزی ڕیملاند”، کە بیرمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سپایکمان خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لە بواری جیۆپۆلەتیک، سپایکمان تیۆری “لاکانـڕیملاندی” داڕشت.
لە چوارچێوەی تیۆری ڕیملاند، ئێمە دەبینین کە ناوچەکانی ئۆراسیا لەوانە: ئەوروپای کەناری، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای باشوور و چین بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و فراوانی دەرامەتە سروشتییەکانیان لە هێڵی دەریا ناوخۆییەکانەوە کلیلی کۆنترۆڵی جیهانن.
لە ڕووی جیۆوستراتیجییەوە، ڕیملاند، گرنگترین ناوچەی دڵە، ئەم هەرێمە جیۆستراتیجییە بە کردەوە بە درێژایی ماوەی شەڕی سارد (١٩٤٥-١٩٩٠) جەمسەری هەموو ناکۆکی و جەنگە هەرێمایەتییەکان بوو. ئەوە ئەنجامی ڕکەبەری نێوان یەکێتی سۆڤێت (هێزە وشکانییەکە) و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (هێزە ئاسمانییەکە)، کە وەک “شەڕی نوێنەرایەتی” یان شەڕی لەبری، دەناسرا. بۆ نموونە، شەڕی کۆریا (١٩٥٠-١٩٥٣)، شەڕی سوێس (١٩٥٦)، شەڕی هیند-چین (١٩٦٢)، شەڕی ڤێتنام (١٩٦٥-١٩٧٣)، شەڕی شەش ڕۆژەی عەرەب-ئیسرائیل (١٩٧٣)، شەڕی هیند-پاکستان (١٩٧١)، شەڕی ئێران-عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨)، داگیرکردن و ململانێکانی ناو ئەفغانستان لە ١٩٧٩ وە هەتا ئێستا. ڕیملاند لەلای سپایکمان بە جیۆپۆلەتیکی ململانێی جیهان دادەنرێت.
سپایکمان دەڵێت: هەر کەس کۆنترۆڵی ڕیملاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات کۆنترۆڵی جیهان دەکات.
ناوچەی پێکدادان، لە هێڵەکانی ڕیملاند، کۆمەڵە ناوچەی دیاریکراون، کە لە ئەورووپا ( جگە لە ڕووسیا) و ئاسیای ناوەڕاست و تورکیا و نیشتمانی عەرەبی و ئێران و ئەفغانستان و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چین و کۆریا و ڕۆژهەڵاتی سیبیریادا، ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ( کوردستان) شوێنێکی گرنگ و مەرکەزی هەیە لە ناوچەی پێکدادان، بەم جۆرە کە ڕیملاند ناوچەی سەرەکی پێکدادانە، ئۆراسیا دڵی ئەم ناوچەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە تیۆرییەکەی سپایکمان دەبینین ئەمەیە، هەرکەسێک کۆنترۆڵی ڕیلاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات، کۆنترۆڵی جیهان دەکات.
زۆرترین پێکدادان و بەریەککەوتنەکانی نێوان زلهێزەکان لە سەدەی نۆزدەم لەسەر خاکی کوردستان بووە، بە شێوەیەک کە ستراتیجیست و عەقڵانی داڕێژەری سیاسەت لە بەریتانیا، لە ستراتیجی خۆیان بە وردی باسیان لەوە کردووە کە دەبێت بەریتانیا دەست بەسەر دوو شوێندا بگرێت کە “ئەسکەندەروون”ـە و “کەنداوی فارس”ـە لە خوارووی لوڕستان و کرماشان، بۆ ئەوەی بتوانن لە ئەسکەندەروون کە تاکە بەندەر و دەرچەیە لە ڕێگەیەوە میسر بخرێتە مەترسییەوە. لەو بەریش کەنداو و لوڕستان تاکە دەرچەیە کە بەریتانیا بەسرا و ڕێگەی هیندستانی لە ڕێگەیەوە بپارێزێت. هەڵبەت هەردووک هەرێمەکە ناوچەی هەژموونی جیۆپۆلەتیکی سروشتی کوردستانن. بەم جۆرە بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکی کوردستانـەوە، زلهێزەکان بە هەموو جۆرێک دژایەتی هەموو بوونێکی کوردیان دەکرد لەسەر خاکی کوردستان، چونکە هەر دەسەڵات و سەروەرییەک لەسەر ئەم دوو خاکە، یەکسانە بە کێشەی ستراتیجی و ئاسایشی ئاست بەرز بۆ زلهێزەکان لە ئاستەکانی هەژموونی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتی.
لەو لاشەوە، ستراتیجیست و بیرمەندە ئەڵمانییەکان، دوای گەڕان لە کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی تر، درکیان بە گرنگی سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکە کرد. لە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، هەر کەس کۆنترۆڵی نەوتی میزۆپۆتامیا بکات، لە داهاتووی نزیک کۆنترۆڵی سەرچاوەی وزە دەکات لە جیهاندا، چونکە نەوت دەبێت بەو سەرچاوەیەی وزە کە خاوەن پێگەیەکی گرنگە لە سیاسەت ئابووری و پیشەسازی زلهێزەکاندا دەبێت. بۆیەش دەبینین بەریتانیا و فەرەنسا پێیان وابوو دەبێت ئەم دوو ناوچەیە بکرێتە ناوچەی هەژموونی ئەوان، لە سەدەی بیستەم، توانیان ئەم ستراتیجی و بەرنامانەیان بکەنە واقیع و لە چوارچێوەی سایکس-پیکۆ و سیڤەر و لۆزان، تەواوی هەژموونی خۆیان سەپاند بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.
زلهێزەکان تێگەیشتن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن گرنگییەکی تایبەتە لە ئاستی ناوچەکانی ڕیملاند، هەر بۆیە گرنگی تایبەتییان پێی دەدا. کوردستان دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستـە، بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی کوردستان، توانیان کوردستان بکەنە کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتیی، کە بچێتە خزمەت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ستراتیجییەکانی کۆلۆنیالیستەکان. بۆیەش وەک لازاریف دەڵێت “یەکەم تەقەی جەنگی جیهانی لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست، لە کوردستان دا بووە”، کە بە کۆنترۆڵکردن و دابەش کردنی کوردستان کۆتایی هات.
بوونی پێکدادانی بەردەوام لەسەر ئەم خاکە، هەر لە جەنگی عوسمانی-بەریتانی تا جەنگی عێراق-ئێران، نیشانەی زیندووی ئەم ناوچە جیۆپۆلەتیکییە پیشان دەدەن. هەروەها ببووە بە ناوچەی ململانێی هەژموونی بەریتانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ڕووسی و ئەمریکی لە سەدەی نۆزدەم. دواتر لە سەدەی بیستەم، ناوچەی ململانێی نێوان دوو ئیمپراتۆری و کۆلۆنیالیستی مەزنی جیهان، بەریتانیا و فەرەنسا، لە پاش ئەوانیش، ناوچەی ململانێ و هێڵی ململانێی سۆڤیەتی-ئەمریکی بووە.
هەموو ئەمانە پیشاندەری گرنگی پێگەی جیۆپۆلەتیکی کوردستانن، لە چوارچێوەی تیۆرییەکی سپایکمان. بۆیە خوێندنەوەی قووڵی جیۆستراتیجی، پێویستییەکی جەوهەرین بۆ کوردستان، تا بتوانێت لە دۆخ و پێگەی خۆی تێ بگات. لە یاریپێکراو لە چوارچێوەی یارییە جیۆپۆلەتیکییەکان، ببێتە یاریکەرێکی زیرەک و ئەقڵانی. هەموو ئەمانەش بە سازکردنی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و دروستکردنی ناوەندەکانی توێژینەوەی پێشکەوتوو، بەهێزکردنی ڕۆڵی نەتەوەگەرایی، نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازیی، بەدەست دەهێنرێت.
