بریا د.فوئاد مەعسووم بیرەوەریەكانی بڵاونەكردایەتەوە
.jpg)
مامۆستا جەعفەر
2 ڕۆژ لەمەوپێش
مامۆستا جەعفەر
(ئەمە زنجیرە گوتارێكە لەسەر كتێبەكەی د.فوئاد مەعسووم نووسیومن، بەهیوای ئەوەی هەندێ هەڵە و كەموكووڕیم راست كردبێتەوە. لەمەودواش ئەوانەی بیرەوەری بڵاودەكەنەوە، ئاگایان لە زانیاری، تەكنیك و زمانی نووسین بێت)
پێشەكی (١)
بەڕێز دكتۆر فوئاد مەعسووم : دووەم سەرۆك كۆماری عێراق بوو، پاش رووخاندنی رژێمی سەدام و یەكەم سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی یەكێتی و ماوەیەكی دوورودرێژ ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە. ئەم كەسایەتیە دوو سێ ساڵە، هەڵكشانی تەمەن و بەساڵاچوون، كاریگەری لەسەر تەندروستی داناوە . ئیدی روونكردنەوە نەدراوە: دەستپێكردنی پڕۆژەی ئەم كتێبە كەی بووە؟
چەند هەفتەیەك لەمەوپێش كاك شێرزاد هەینی، بە دوو بەرگ بیرەوەریەكانی ئەوی بڵاوكردەوە. دەبوایە ئامادەكاری ئەم كتێبە، بەڕوونی بینووسیبایە، كەی دكتۆر فوئادی بینیوە و كەی داوای لێكردووە، ئەم كتێبە ئامادە بكرێت؟ ئایا نووسەری بیرەوەری، دوا پاكنووس و هەڵەبڕی بینیوە، یان فریای پێداچوونەوە نەكەوتووە ؟
لە سەرەتای كتێبەكەدا ، دكتۆر فوئاد خۆی رێك وەكو بیرمەندی مەزن نیكۆلۆ مێكیاڤێلی لە بەرایی كتێبی ( میر )دا ، هاتۆتە بەرچاو (...چوومە بەر ئاوێنە لاكێشەییەكەی ژوورەكەم ، وەك رم وەستام ، دووبارە سەیری دەموچاو و جلوبەرگەكانم كردەوە ، لە خۆم پرسی ئایا شیاوم ؟! ئێستا بەو شێوەیە ئامادەم شتێ بنووسم ؟! )ل14 ئەم خۆدیتنەوەیە لەبەردەم ئاوێنەی مێژوودا . ئەم جەختكردنەوەیەی دكتۆر فوئاد بە قازانجی بێبەریكردنی ئامادەكاری كتێبەكەیە، لە گومانی بەسەرداتێپەڕین، كەموكورتی و هەڵە و پەڵەی كاری ئامادەكاری بیرەوەریەكان ئازاد كردووە. دانپێدانانی راشكاوانەی نووسەری كتێبەكە، كەوانەی بەرپرسیارێتی ئامادەكاری كتێبەكە بەرتەسك دەكاتەوە. بەڵام هەر كەسێك كتێبەكە بخوێنیتەوە، دڵنیا دەبێت: پشكی شێری كتێبەكە كۆكردنەوەی ( مەحزەری كۆبوونەوەكانی یەكێتییە ) كەمترین رێژەی پەیوەندی بە بیرەوەرییەوە هەیە .
بێگومان ئامادەكار ، بەرپرسیارە لە تەكنیك و رێكخستنی پاژ بە پاژی كتێبەكە و دانەنانی ئیندێكس و كورتە بیۆگرافیای ئەو ناوانەی پتر لە دە جار دووبارە دەكرێنەوە ( تیسیر قبعة ، مستەفا خۆخی ، شمسەدین مفتی، عبداللة الاحمر، شریف النسب، منذر نقشبندی ، ...هتد.) . خوێنەری ئازیز، بەدرێژایی بیرەوەریەكان، كارامەیی و شارەزایی و پسپۆری لە كاری ئامادەكردن و ئارایش و رازاندنەوە و جوانكاری بەدیناكات. باشتر ئەوە بوو، هەر لە سەرەتاوە، ئەم بەرپرسیارێتیە دەستۆ نەگرێت .
كەسایەتیەكی وەكو دكتۆر فوئاد
مەعسووم ، هەقنەبوو رێگە بدات ، كتێبەكەی بەم هەموو كەلێن و كەند و لەندەوە بڵاوبكرێتەوە . من زۆر لە نزیكەوە د.فوئاد دەناسم ! منیش یەكێكم لەو كەسانەی ئاگاداری ئەو رووداوانەم ، كە لەم كتێبەدا نووسراون. مافی ئەوەشم هەیە شایەتی لەسەر راستی و ناڕاستی گێڕانەوەی رووداوەكان بدەم، چونكە بەشدار بووم یان هاوڕێ نزیكەكانم بەشدار بوون، لە زۆربەی رووداوەكانی ئەو سەردەمە. دەزانم ئەو كەسێكی وردە و بەرژەوەندی خۆی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تر دادەنێت یان دانانێت.
ئەگەر بەڕێزیان رەشنووسی كتێبەكەی رادەستی دوو سێ كەسی شارەزا و پسپۆر و بە سەلیقەیەی وەكو نووسەر و وەرگێڕی ناسراو كاك سەڵاحەدینی ئاشتی یان نووسەر و لێكۆڵەر مامۆستا سدیق ساڵح یان مامۆستا عەلی پەرلەمان بكردایە ، ئەوە كتێبێكی زۆر لەمە باشتریان لێ دروست دەكرد .
هەموو یاد و بیرەوەریەك شایانی بڵاوكردنەوە نییە. مرۆڤ رەنگە دەیان نامە و بەڵگەنامە و نهێنی سەیری لابێت. بەڵام ئایا رەوایە ئەوەی دەیزانیت و نایزانیت بیخەیتە سەر كاغەز؟ ئایا ئەم گێڕانەوە و بڵاوكردنەوەیە شكۆی نەتەوەیەك ناڕووشێنێت؟
لەناو ریزەكانی یەكێتی و لە دەرەوەی یەكێتیش رەخنەیەكی زۆر لەم كتێبە دەگیرێت . نووسەر بەبێ بەڵگە ناوی خەڵكی زڕاندووە .
كتێبی جوان و نایاب ریكلامی ناوێت ، وەكو شیعرەكانی حافزی شیرازی و جەلالەدینی رومی و گوێتە سەر بە هەموو ماڵێكدا دەكەن:
چەند برایەكی پێشمەرگەی دێرین بیرەوەری خۆیان بڵاوكردۆتەوە (هەڤاڵ كوێستانی، پشكۆ نەجمەدین و عاسی حوسێن مەحموود و....)ئەوە راستە ئەمانیش لەناو گەرمەی رووداوەكاندا بوون، بەڵام لەچاو دكتۆر فوئاد مەعسووم دا، بەرپرسیارێتیەكی وایان نەبووە. بەرهەمی ئەم سێ پێشمەرگەیە، لەڕووی زمان و چێژ و تەكنیكی داڕشتن و رێكخستنی بابەتەكانەوە لووتكەی هونەریان، پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە. لەناوچەی موكریانیش هێمن، حەمەدی مەولوودی و هەژار لە بیرەوەرینووسین دا، زۆر داهێنەر و رچەشكێنیان نواندووە . دەتوانم بە راشكاوانە بنووسم ، دەقەكانی ئەم شەش ناوە ، سەرەڕای سەرنج و تێبینیەكانم لەسەریان ، شایانی ستایش و دەستخۆشی لێكردنن .
كتێبی بیرەوەریەكانی د. فوئاد مەعسووم ، دەتوانرا بۆ دووسەد لاپەڕە كورت بكرێتەوە، چونكە دووبارەكردنەوە و لاپەڕەڕەشكردنەوەی بێسوود، رووبەرێكی زۆری گرتووە. دەنگوباسی بێبنەما، ماستاوكردن و شیكاریە ناپێویست، زیانی بە كارەكە گەیاندووە. من لە بەشەكانی تری ئەم نووسینە دا، بەڵگە و شایەتی خۆم و كەسانێك دەهێنمەوە، كە ئەوان یەكێك لە بكرە سەرەكیەكان بوون، دەتوانن پێچەوانەی گێڕانەوەكانی د. فوئاد بسەلمێنن.
ئەوەی راستی بێت، من كاتی نووسین و وڵامدانەوە و رەخنەگرتن و بەدواداچوون بە پێویست نازانم. دەمەوێت ئەوە بنووسم: دە پانزە ساڵ لەمەوپێش پڕۆژەیەكم پێشكەشی (م .س ) كرد، بە مەبەستی نووسینی مێژووی یەكێتی. ئەو كاتە لەگەڵ ئەندامانی دەستەی كارگێڕ و هێرۆ خان قسەم كرد. كاك بافڵ تاڵەبانی لەوێ بوو، ئەو كاتە گەرمترین حەماسی بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دەربڕی (میقداد شێخ بەهائەدین لەوێ بوو). بەڵام ئەو كاتە ( م.س ) لە هەلومەرجێكی ناجێگیردا خۆی چەقبەست كردبوو . ئیدی دەلیڤەی پشتیوانیم بەرچاو نەكەوت . منیش چاوم لە هەڵوێستی كەسانی بڕیاربەدەست كرد .
بێگومان كاتێك مێژووی هێزێكی سیاسی نانووسرێتەوە. كێشە و ئاریشە سەرهەڵدەدەن. بڵاوكردنەوەی بیرەوەریەكان دەبنە ژێدەر و سەرچاوە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو، كە رەنگە هەر بیرەوەریەكیان بەردەست كەوت، یەكسەر بڕوابوونی خۆیانی پێشكەشی كردووە. دیارە تەنیا ئەم بەرپرسیارێتیە هانم دەدات، تێبینی خۆم لەسەر گێڕانەوەی ئەو رووداوانە بنووسم، كە نیوسەدە پێش ئێستا روویان داوە. مەبەستیش تەنیا خزمەتكردنی مێژووی ئێستای ئەم گەلە ستەملێكراوەیە .
