شەرعی نا شەرع!

خەبات کوردە

6 ڕۆژ لەمەوپێش



خەبات کوردە

 دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی قەتەر و تورک لە سوریا کۆتایی نایەت ، ئەوەتا دەزگا بەد ناوەکەی (میت) لە سوریا ڕۆژانە خەریکی جێبەجێکردنی سیناریۆی قێزەوەنن.

شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقوزاق تورکیای عاقڵ نەکرد، بە زەختێکی زۆری ئەمەریکیەکان دانوستانیان لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە پێ ئەنجام دان، کە کۆنفڕانسی یەکگرتنەوەی حیزبە کوردیەکانی سوریاش بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا پێیان هەزم نەکرا و کەوتنەوە پیلان گێڕان بۆ تێکدانی بارودۆخەکە و سەرلەنوێ کوشت و کوشتار.

ئەوە بوو لە نزیک عەفرین و لە ناو بارەگای سەرەکی فیرقەی ٢٥ کۆمەڵێ پلەداری سەربازیان کوشت، هەر چەندە هێزێکی ئاسایشی زۆریان گەیاندە مەنبەج و ویستیان کوردانی تێیدا تاوانبار بکەن بەڵام سەرکەوتو نەبوون.

لە پەلاماری عەلەویەکانی ڕۆژئاوای سوریاشدا کوشتارگەیەکی نامەردانەیان بەرامبەر بە شیعە مەزهەبەکان ئەنجامدا و سیناریۆکانی ئەوانیش فەشەلی هێنا.

ئێستا بکەرانی ئەو کارەساتەشیان شاردەوە و ڕەوانەی لای چەکدارانی داعشیان کردون لە بیابانەکانی سوریا بۆ ئەوەی دوچاری لێپرسینەوە نەبن و نەگەنە دادگای پاریس.

تورکیا هەر بەوەش نەوەستا ئێستا خەریکە داعش زیندو دەکاتەوە و پڕ چەکیشیان دەکات .! چونکە لەو ماوەیەدا پەلامارەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە زیادی کردووە و تاکتیکی پەلامارەکانیشیان گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە و دوور نیە چەکی تازەشیان ڕادەست نەکردبن.

هەواڵەکانی سوریا دوپاتی ئەوە دەکەنەوە کە تورکیا لە هەوڵی ئەوە دایە ئیگۆر و شیشانی و تاجیکیەکان لە گەڵ داعشە سوریەکان تێکەڵ بکاتەوە و بۆ پەلاماردانی هێزەکانی هاوپەیمانان و شەڕڤانانی ڕۆژئاڤا بە کاریان بهێنێ.

دوو ڕۆژە بە هۆی بڵاوبونەوەی کورتە ڤیدیۆیەک کە تا ئێستاش ڕوون نەبۆتەوە سەرچاوەکەی کوێیە، گەنجێک هێرش دەکاتە سەر پەیامبەری ئیسلام و جنێو بارانی دەکات.

دەسڵاتدارانی دیمەشق وەکو بیانویەک دروزیەکانی تێدا تاوانبار دەکەن و دەڵێن گەنجەکە دروزیە و دانیشتوی ناوچە دروزی نشینەکانە، بەوهۆیەوە پەلاماری شارۆچکەی جەرمایای نزیک دیمەشقیاندا و کوڕی شێخێکی ئاینی دروزی باڵا و چوار لە پاسەوانەکانیشیان کوشت  و چەندینیشیان لێ بریندار کردن، لەبەرامبەریشدا دروزیەکان چەندین چەکداری هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ئەحمەد شەڕعیان کوشت و بریندار کرد.

لە دوێنێ شەویشەوە هەر دوو لا هێز کۆدەکەنەوە و شەڕ و پێکدادانی گەورە لە ناو کۆڵانەکانی سەحنایا و جەرمایای دیمەشق درێژەی هەیە و ئیسڕائیلیش نەیشاردەوە کە بۆردومانی هێزێکی گەورەی چەکدارەکانی دیمەشقی کردوە زەرەری گەورەی پێگەیاندون.

هەموو ئەو نا ئارامیانەی کە لە سوریا ڕوودەدەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوردان داوای فیدڕاڵیەتێکی نیمچە سەربەخۆ دەکەن و خوازیارن عەلەویەکانی ڕۆژئاوای سوریا و دروزەکانی باشوریش خاوەن هەرێمی خۆیان بن و جارێکی کە توشی مەینەتی و کوشت و کوشتار نەبنەوە.

لە ڕاستیشدا بە هەرێم بوونی سوریا دەبێتە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی تاکڕەوی دیمەشق و خەونی دەوڵەتی عەڕەبی سوننەی سوریاش لە بار دەبات و دەسەڵاتی توندڕەوە ئیسلامیە ئیخوانیەکانیش کەمدەکاتەوە و توانای بڵاوبونەوە و گەشە سەندنیان بێ کاریگەر دەکات ، ئەوەش وا دەکات کە قەتەر و تورکیا لە بیری بڵاوبونەوە و باڵا دەستی سوننە لە سوریا و لە ناوچەکە فەشەل بهێنن، بۆیە هەموو کات لە هەوڵی ئەوەدان سوریا بە نا ئارامی بمێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار