هێزەکانی هەسەدە دەگەنە دیمەشق!؟

خەبات کوردە
3 مانگ لەمەوپێش
خەبات کوردە
دوور نییە تەمەنی مانەوەی ئەحمەد ئەلشەڕع لە پۆستەکەی درێژە نەکێشێ و تەواوی ئەو شارانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەیدایە نا ئارامی باڵنەکێشێ بە سەر تەواوی ئەو شارانەدا.
لە پێنج مانگی ڕابردوو بە چاک و خراپ تورکیا هەر داوایەکیان لێکردوە نەیگوتوە نەخێر. هەموو داوایەکیش جێبەجێ دەکات تەنها داننان بەمافی نەتەوەکانی کە نەبێت.
دەزگا سیخوڕیەکەی تورک خۆی خزاندۆتە ناو تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتەکەی و هیچ سوریەک کارەکانی جێبەجێ ناکرێ هەتا بەرپرسە تورکەکان ئۆکەی نەکەن!
ڕێژەی فەساد و بەرتیل چەندین جار بەرز تر بۆتەوە وەک لە سەردەمی بەشار ئەسەد بەدیدەکرا. موچە نیە، خزمەتگوزاری سفرە، بێجگە لە شەڕی چوار مانگەی هێزەکانی هەسەدە، هەر دوو تایەفەی عەلەوی و دروزەکان ڕووبەڕوی کۆمەڵ کوژی بونەتەوە، پاشماوە سەربازیەکانی دوای جەنگ ڕۆژانە چەندین کەس دەکاتە قوربانی، ڕۆژانە گۆڕی بەکۆمەڵ دەدۆزرێنەوە، خەڵکی ڕۆژانە ڕووبەڕوی ئەتککردن و فڕاندن و کوشتن دەبنەوە، دەیان گروپی توندڕەو چەکدارن و ئامادەنین چەکەکانیان دانێن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا، باڵا پۆشی و حیجاب و نیقاب و بوڕقێع خەریکە دەبن بە دیاردە و بە زۆرە ملێ دەسەپێندرێ، مەلا و بانگخواز و سوڵحی عەشایەری خەریکە جێی دادگاکان دەگرنەوە، گرانی و هەژاریش لە لوتکەدایە.
لە گەڵ هەموو ئەو نەهامەتیانەشدا ئامادە نین دان بە مافە ڕەواکانی کورد و عەلەوی و دروز و مەسیحی و شەرکەسی و یەزیدیەکاندا بنێن!
شەڕی باڵادەستی ڕانەگەیەندراوی تورکیا و ئیسڕائیلیش لە سەر خاکی سوریا خەریکە دەبێتە ڕاستی و لە چەند شەوی ڕابردوو ڕاوە فڕۆکە خەریک بوو بە یەکجاری دۆخەکە بتەقێنێتەوە .
ئەمەریکیەکان ڕۆژانە چەک و جبەخانەیەکی زۆر دەهێننە ناو خاکی سوریاوە و لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە خەریکی ڕاهێنان و مەشقی سەربازین و ڕێژەی هێزەکانی شەڕڤانان لە بەرز بونەوەیەکی بەرچاو دایە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە بگاتە ٢٠٠ هەزار شەڕڤان .! لە ئێستاشدا هێزەکانیان بە هاوبەشی لە گەڵ ئەمەریکیەکان تەنها ١٣٠ کم لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن.
هەر چەندە تورکیا بە هەموو شێوازێک خەریکی ناردنی چەک و تەقەمەنیە بۆ سوریا و تا ئێستاش فڕۆکە ئیسڕائیلیەکان لە هەر دوو فڕۆکەخانەی حومس و حەما بۆیان تەقاندونەوە، لە گەڵ ئەوەشدا تورکیا ماخۆلانیەتی چۆن بنکەی سەربازی گەورە لە تەواوی ناو خاکی سوریا بڵاوە پێ بکات، بۆ نمونە لەو ڕۆژانە هەواڵی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە گوایە شەڕع داوای سیستەمی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەیڕەقداری لە تورکیا کردوە و ئەردۆگانیش بە ئاشکرا گوتویەتی، ئامادەین بتاندەینێ بەڵام نابێ دژی ئیسڕائیل بەکاری بهێنن.
ئەوە سەرباقی ئەوەی کە ڕێگریەکی بێ وێنەشی لێدەکرێ لە لایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە!
ئیسڕائیل دوای ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی سەحنایا و جەرمایای دیمەشق و پشێویەکانی سوەیدا و ڕاوەدونانی دروزەکان، داوای ٦٠ هەزار سەربازی یەدەگی لە هاوڵاتیانی کردوە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە سنوری خواروی لوبنانەوە تا دەگاتە دەڕعا و سوەیدا و تەنەف پێشڕەوی بکات و تەواوی ناوچە دروزنشینەکان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
لەبەرامبەریشدا هێزە چەکدارە توندڕوە جیاجیاکانیش، شەڕع و دارودەستەکەیان هەراسان کردوە و داوا دەکەن بە فتوایەک ( حی علی الجهاد ) دژی ئیسڕائیل ڕابگەیەندرێ !
هەتا ئێستا هەموو ئاماژەکان ڕوو لەوەن کە ئەو ڕووبەڕو بونەوە بۆتە کارێکی حەتمی و دوور یا نزیک هەر دەبێ ڕووبدات.
هەر دوێنێش سیناتۆرێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند کە دوور نیە لە داهاتودا هێزەکانی هەسەدە بگەنە ناو دیمەشق و ئارامی و ئاسایشی شارەکە نەکەوێتە ژێر دەستی ئەوانەوە .
ئەو ڕاگەیاندنانەی کە لە لایەن ئەمەریکیەکان و ئیسڕائیلەوە دەربارەی سوریا ڕۆژانە بە گوێی خەڵکی دا هەڵدەدەن ، ئەوە دووپاتدەکەنەوە ئەگەر لە داهاتویەکی نزیکدا تورکیا بە یەکجاری دەستبەرداری سوریا و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان نەبێ و ئەحمەد ئەلشەڕعیش دەستکاریەکی بەرچاوی دەستورە کاتیەکەی نەکات و دان بەبوونی کەمە نەتەوەیەکاندا نەنێت (عاجلا او آجلا) ئەو شەڕە دەبێتە ڕاستی و زۆر بە ئاسانیش داوا لە کوردان دەکەن کە بەرەو دیمەشق بخزێن و حکومەتێکی دیموکراتی ئازاد لە دیمەشق لە خەون و خەیاڵەوە بکەنە ڕاستی و مەلەفی ئاسایشی تەواوی سوریا ڕادەستی هێزەکانی هەسەدە بکەن !
