بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە

ئاراس سەعید
21 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاراس سەعید
زاراوەی (گوندە بچکۆلەکە) کە زۆرێکمان پێی ئاشناین بۆیەکەمین جار لەلایەن (مارشاڵ ماکلۆهان) فیلۆسۆف و کۆمەڵناس و باوەگەورەی بواری میدیا تیۆرییەوە بەکارهات.
بەدیدی ئەو، گەشەکردنی کۆمەڵگا، بەندە بە گەشەکردنی ئامڕاز و تەکنیکەوە. لەم سۆنگەیەشەوە ماکلۆهان دەیگووت: (گەشەکردنی تەکنیکی پەیوەندیکردن جیهان دەگۆڕێت بۆ گوندێکی بچکۆلە.)
کاتێک مارشاڵ ماکلۆهان لە ساڵانی شەستەکاندا بیرۆکەی گوندە بچکۆلەکەی خستەڕوو، پێشبینیەکەی زۆر خێراتر لەوەی کە خەیاڵی کردبوو، هاتە دی. ئێستا بە هۆی تەکنەلۆجیای مانگی دەستکرد و تۆڕە سەرسوڕهێنەرەکانی ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکرد، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەموو بەشەکانی جیهانی بەیەکەوە گرێداوە. هەروەها لەم سەردەمی دیجیتاڵییەدا، دەستەواژە بەناوبانگەکەی (مارشاڵ ماکلۆهان) شێوەیەکی نوێی وەرگرتووە، گوندێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە بچکۆلەتر دەبێتەوە. ئێستا جیهان بووە بە گوندێک، تەنراوە له تەکنەلۆژیا و ڕۆبۆت، وەلێ بەتاڵە لە مانای ڕاستەقینەی پەیوەندی مرۆیی.
زۆرێک لەفیلۆسۆفان و زانایانی بوارەکە دبێژن:(دوونیای ئەمڕۆ، لە ئان و ساتێکی مەترسیداردایە، چونکە تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بەرەو ئاستێکی نوێ و دواقۆناغی ڕسکاوی خۆی هەنگاو دەنێت. مارشاڵ ماکلۆهان نیو سەدە لەمەوبەر گووتی: (ئێمە ئامێرەکان دروست دەکەین، دواتر ئامێرەکان ئێمە بەرهەم دەهێننەوە.) گەرچی ئەمە تەنیا تێڕوانینێکی پێشبینیکەرانە بوو، وەلێ ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک ڕاستی تیدایە و لە گوندە بچۆلەکەماندا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد شێوازی بیرکردنەوە و داڕشتنەوەی پەیکەربەندی کۆمەڵایەتی شوناسی مرۆڤ دادەڕێژنەوە.
ماکلۆهان باسی لەوە دەکرد کە (ئامراز پەیامەکەیە)، ئامڕاز بەر لەوەی شتێک بگەیەنێت خوودی خۆی دەگەیەنێت. ئەمە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەو واتایە دێت کە تەکنەلۆژیاکان تەنیا ئامێر نین بەڵکوو بەشدارن لە گۆڕینی چۆنیەتی دیدگا و تێگەیشتنمان لە جیهان.
لەم گوندە بچکۆلەیەدا، چات بۆتەکان بڕیار دەدەن چی ببینین یان کێ بناسین و چۆن بیر لە دۆزەکان بکەینەوە. هەروەک ماکلۆهان پێشبینی کردبوو مرۆڤەکان وەک گرێیەکی ئەلیکترۆنی لە تۆڕێکی گەورەدا کار دەکەن. بەڵام ئایا ئەمە ئەو جۆرە جیهانەیە کە ئێمە پێویستمان پێیەتی؟
ئەو فیلۆسۆفانەی بە ڕەخنەگری تەکنیک و زیرەکی دەستکرد ناسراون، تەکنەلۆژیایی زیرەکی دەستکرد وەک دیوەزمەیەکی ڕەش و ترسناک ناوەزەد دەکەن. کۆبیری فیلۆسۆفان لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرێت ئەشێ ڕۆژێک ئەم بۆتانە لە کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەربچن و زیرەکیان بگاتە ئەو ئاستەی خۆیان بەرهەم بهێننەوە و لە دژی مرۆڤایەتی بجەنگن.
لەم بارەیەوە سەدان چیرۆکی زانستی خەیاڵی و فیلم هەن، کە زۆرێکمان بینەریان بووین.
جارێکیان فزیکزانی کۆچکردوو (ستیڤن هۆکینگ) لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ (جۆن ئۆلیڤەر) گێڕایەوە:(کۆمەڵە زانایەک ڕۆبۆتێکی زیرەکیان درووست کرد، پاشان بە پەرۆشەوە لێیان پرسی ئایە خودا بوونی هەیە؟ ڕاستەوخۆ ئالەتەکە وەڵامی دانەوە "بۆ لەمەودوا خودایەک هەیە." لەدوای گوتنی ئەمە، برووسکە کارەبایەکی توند و خێرا بۆ سویچ پلاکەکەی دەنێریت تا زاناکان نەتوانن ناچالاکی بکەن.)
با لە ئەگەر و گریمانە و خەیاڵ دوورکەوینەوە و چیرۆکێکی ڕاستەقینەتان بۆ دەنووسمەوە، لە بەرواری 27/12/2023 ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی بڵاوی کردەوە، لە کارگەی گێگا تێکساس لە نزیک ویلایەتی ئۆستن، ڕۆبۆتێکی تێسلا هێرشی کردە سەر ئەندازیارێکی تێسلا و برینداری کرد. پەلامارەکە لە کاتێکدا بووە، کە بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە ئەندازیارەکە سەرقاڵی چاكکردنەوەی دوو ڕۆبۆتی دیکە بووە و ڕۆبۆتە هێرشبەرەکە، پەلاماری داوە. رۆبۆتەكە لەلایەن تێسلاوە دروست كرابوو بۆ مامەڵەکردن و گواستنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێلی ئەلەمنیۆم، لە رووداوەكەدا لەناکاو هێرشی کردووەتە سەر ئەندازیارەکە و بە چەقۆکانی چنگی، پشت و دەستی ئەندازیارەکەی بریندار کردووە و بەم هۆیەوە خوێنێکی زۆری لێ ڕۆیشتووە... ئەمە سەرەتایی ئەو مەترسییەیە کە فیلۆسۆفان و زانایانی بوارەکە هۆشداریان لەبارە داوە.
فیلۆسۆف و زانای مێژوویی ئیسرائیلی، یۆڤاڵ نووح هەراری لە زۆرینەی چاوپێکەوتن و سیمینارەکانیدا ئێژێت:(هەرگیز بانگی هێزێک مەکە توانای کۆنتڕۆڵکردنیت نەبێت.)
پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد نموونەیەکی بەرچاوە لە هەوڵی مرۆڤ بۆ دروستکردنی شتێک کە دژی دەوەستێتەوە. نوها زیرەکی دەستکرد هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دەستی کار لە سەرانسەری جیهاندا، لەساڵی 2018 بۆیەکەمین جار لەچین گەشتی هەواڵەکان بە ڕۆبۆتێک پێشکەشکرا، کە لە شێوەی مرۆڤی ڕاستەقینە بوو.
ڕۆبۆتەکان تواناییەکی لە ڕادەبەردەریان هەیە و لە گوندە بچکۆلەکەماندا ئەوان دەتوانن هەموو ئەو کارانە ئەنجام بدەن، کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، هەر لە شۆفێریکردن، وانە وتنەوە، دیزاین، نووسین، شیکردنەوەی داتا، بواری پزیشکی و ...هتد بەپێی توێژینەوەکان سەدا پەنجای دەستی کار لەجیهاندا بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە لەناوچوون. وەلێ بۆ فیلۆسوفان هێشتا سەرەتایی مەترسییەکەیە و ئەگەر ڕۆبۆتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن چارەنووسی گوندە بچکۆڵەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە.
(نیک بۆسترۆم) فیلۆسۆف و لێکۆڵکاری سویدی و پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە شاکارەکەیدا (زیرەکیی باڵا/Superintelligence) فرە قەشەنگ دەربارەی سەردەمی نوێ و ئایندەی زیرەکیی دەستکرد دەدوێت و ڕۆدەچێتە قووڵایی ئەو ئەگەرانەی لە گوندە بچکۆڵەکەماندا ڕوودەن. بەدیدی ئەو، لەو ساتەوەختەدا کە زیرەکیی دەستکرد لە ئاستی زیرەکی مرۆیی تێدەپەڕێت و دەگاتە ئاستی (زیرەکیی باڵا/Superintelligence). وە پێی وایە، گەر زیرەکیی دەستکرد بگاتە دواقۆناغی ڕسکاوی خۆی و بگاتە ئاستی زیرەکی باڵا، ئەوە لەوانەیە دواهەمین داهێنانی مرۆڤایەتی بێت یان دەبێتە هۆی لەناوچوونمان، یان کۆتا داهێنانی ئێمە دەبێت.
واتا دۆخێک کە تێدا زیرەکی دەستکرد زیرەکترە لە مرۆڤ و وەک هێزێکی سەربەخۆ پەرەدەسێنێت. ئەوەتا لەم گوندە بچکۆلەیەدا، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەم خاڵە دەڕۆین، بێ ئەوەی بە تەواوی هەست بە مەترسییەکانی بکەین.
(نیک بۆسترۆم) بە ئارگومێنێتێک گریمانەکەی دەوڵەمەند دەکات و دبێژێت:(مرۆڤ بە تواناکانی مێشکی لە ئاژەڵەکانی دیکە جودا دەکرێتەوە، بەجۆرێک کە مێشکی هەندێک توانایی هەیە کە مێشکی ئاژەڵەکانی دیکە نییانە. ئەمە ئەو کارامەییە تایبەتانەیە کە گەورەیی جۆرەکەمانی لەسەر بنیات نراوە. ئاژەڵەکانی تر ماسولکەی بەهێزتر یان چنگی تیژتریان هەیە، بەڵام ئێمە مێشکێکی زیرەکترمان هەیە. ئەی ئەگەر ڕۆژێک مێشکی ئامێرەکان لە مێشکی مرۆڤ تێپەڕن لەئاستی هۆشمەندی و زیرەکیدا؟ بێگومان ئەم زیرەکییە نوێیە دەتوانێت زۆر بەهێز بێت. هەروەک چۆن چارەنووسی گۆریلاکان ئێستا زیاتر پشت بە ئێمەی مرۆڤ دەبەستێت نەک خودی گۆریلاکان، بە هەمان شێوە چارەنووسی جۆرەکەمان دەکەوێتە ژێر بەزەیی کردەوەکانی زیرەکیی باڵای ئامێرەکان.)
بۆسترۆم، دوای گەشتێکی تەواو سەرنجڕاکێش دەمانخاتە بەردەم دەلاقەی بیرکردنەوە دەربارەی دۆخی مرۆڤایەتی و داهاتووی ژیانی هۆشمەند و دووبارە تێگەیشتن لە ئەرکی سەرەکی مرۆڤ لە گوندە بچکۆلەکەماندا. وە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخاتە سەر شانی نەوەی ئێستا، لەوەی چۆن دەتوانین گەشەکردنی زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەک ئاڕاستە بکەین کە بە قازانجی مرۆڤایەتی بشکێتەوە، نەک ببێتە هۆی لەناوچوونی؟
بۆسترۆم، تەنیا مەترسییەکان ناخاتە تایی تەرازووەکەوە، بەڵکوو لۆژیکیانە و بەرپرسیارانە دەڕوانێتە ڕێچارەی چۆنێتی بەرەوپێشچوونی زیرەکیی دەستکرد تا ئاستی زیرەکیی باڵا و دبێژێت: گەر بەها ئاکارییەکانی مرۆڤایەتی لە ناخی سیستەمی زیرەکیی دەستکرددا نەچێندرێن، دەبێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤایەتی، چونکە کۆنترۆڵکردنی ڕۆبۆتێکی زیرەکتر لە خۆمان مەحاڵە.
لە گوندەکەماندا، بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد و سیستەمەکانی تر بە خێرایی فێر دەبن و خۆیان پەرە پێدەدەن، وە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر نزیک دەبنەوە لە توانا مرۆییەکان. ئەمە هەر ئەو دۆخەیە کە بۆسترۆم هۆشداری لەبارەوە دەدات، دۆخێک کە ئێمە دەبینە بینەری پاسیڤی مێژوویەک کە لەوانەیە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا نەبێت.
ئەمڕۆ ئێمە لە گوندێکی بچکۆلەدا دەژین کە تەنراوە بە کۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەک و ڕۆبۆت و چاتبۆت و درۆن و چەکی تەکەنەلۆژی، گوندێک پەیوەندی مرۆیی ڕاستەقینەی تێدا دەگمەنە. خەڵک لە شەقامەکاندا بە چاوی داخراوەوە دەڕۆن، سەریان نوقمی شاشەی مۆبایلە، پەیوەندییان لەگەڵ ئالگۆریتمەکان زیاترە لەگەڵ دراوسێکانیان. میدیای کۆمەڵایەتی، کە دەبوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پتەوتر بکردایە بووەتە هۆی تەریک بوون و تەنیایی مرۆڤ. زیرەکی دەستکرد، کە بەڵێنی ژیانێکی ئاسانتری دەدا، بووە بەمەترسی و ئامرازی چاودێری و کۆنترۆڵکردن. لەم گوندە بچکۆڵەیەدا، هەر وەک ماکلۆهان پێشبینی کردبوو، ئامێرەکانمان گۆڕانیان بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناوە یان بۆسترۆم گواتەنی: لەوانەیە ئەمە دوا داهێنانی مرۆڤایەتی بێت.
