پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

د. ئیدریس عەبدول کاکە
3 مانگ لەمەوپێش
د. ئیدریس عەبدول کاکە
تورکیا لە قۆناعێکی هەستیار و ئاپدەیتسازیدایە و پێویستی بەوەیە قۆناغى سەدەی ڕابردوو تێپەرێنێت و دەوڵەتەکەی لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانی هارمۆشن بکات.
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ئیمپراتۆریەتی گەورەی عوسمانى یەکێک لە دۆراوەکانی جەنگ بوو، بۆیە دەرئەنجامەکانی جەنگ ئەوەی دەخواست کە باجی وێرانکاری و تاوانکاری و پاوانخوازی لە سەرانی ئەم ئیمپراتۆریەتە وەربگرێتەوە، هەربۆیە هاوپەیمانەکان وەکو براوەی جەنگ ویستەکانی خۆیان بەسەر تورکەکاندا سەپاند لە چوارچێوەی (پەیماننامەی سیڤەر؛ لە ساڵی ١٩٢٠)دا، کە دیاترین بەرئەنجامەکانی بریتی بوون لە دادگاییکردنی سەرانی عوسمانى وەکو تاوانباری جەنگ (بەتایبەت کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان)و بچوککردنەوەی سنوری جوگرافی دەوڵەتەکە و قەتیسکردنی لەو خاکەی کە تورکەکان خاوەندارێتیان دەکرد و تورک نشینن. ئەمەش ئەستێرەی رزگاریی کوردی گەشاندەوە و بوو بە مژدەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانى.
ئەوەی جێگای سەرنجە و مەبەستمانە لێرەدا جەختی لەسەر بکەین، زیرەکی تورکەکان و خودی مستەفا ئەتاتورک بوو؛ کە توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەر بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگەکە بگرێت لەسەر تورکەکان و لە رێگای گۆرانکارییەکی سیاسییەوە توانی تورکەکان لە قۆناغى دۆراوی جەنگ رزگار بکات و تورکیا بکات بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی نزیک لە هاوپەیمانانی براوەی جەنگ و لە رێگای (پەیمانی لۆزانەوە لە ساڵی ١٩٢٣)دا، توانی کۆتایی بە بەشێک لە ناوەڕۆکی (پەیماننامەی سیڤەر) بهێنێت، کە دەوڵەتی کوردی یەکێک بوو لەو خەونانەی بوو بە قوربانیی ئەو گۆرانکارییانە.
لە ئێستادا تورکیا لە قەیرانێکی راستەقینەدایە و گیرۆدەی خراپی دۆخی ئابوریە و رۆژ لە دوای رۆژ نرخی لیرەی تورکی لە دابەزیندایە، جگە لە ململانێی توندی ناوخۆیی؛ کە هەندێکجار دۆخی ئەو وڵاتەی گەیاندۆتە ئاقاری جەنگێکی گەورە. لە لایەکی ترەوە جەنگی چل ساڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر چەندە لە ئاستی جەنگێکی ناهاوسەنگ و تەقلیدیدا بووە، بەڵام زیانی گەورەی مادی و مەعنەوی بە تورکیا گەیاندووە و ئەم ململانێیەش لە پاش ٢٠١٢ وە، گۆرەپانەکەی لە تورکیا فراوانتر کردووە و شەڕی تورکیا و پەکەکەی گەیاندۆتە باکور و رۆژهەڵاتی سووریا و شەنگال و هەرێمی کوردستان.
تورکەکان بوونی هەسەدە لە باکور و رۆژهەڵات بە مەترسیەکی زۆر گەورە لەسەر خۆیان دەزانن، بەتایبەتی بە هۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی کە لە نێوان هەسەدە و هاوپەیمانانی ( بەتایبەتی ئەمریکا و فەرنسا)دا هەیە. هەرچەندە تورکیا زۆر هەوڵیدا لە رێگای هاوپەیمانەکانیان لە سووریا خۆی لە مەترسیەکانی هەسەدە رزگار بکات؛ بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و دواجار پاش رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ئومێدی تورکیا بۆ لەناوبردنی رۆژئاوا بوو بە خەونێکی لەبارچوو.
بانگەوازی ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، سەبارەت بە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، زۆر بۆچوونی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا؛ کە هەموو بۆچوونەکانیش شایانی تێڕامان بوون، چونکە کەسانێک وا خوێندنەوەیان بۆکرد کە ئەمە شکستێکی گەورەیە بۆ کورد و بەتایبەت پەکەکە، چونکە ناکرێت حزبێک چل ساڵ خەباتی چەکداریی خوێناوی کردبێت و لەو رێگایەشدا بە هەزاران کەس گیانی خۆیان بەخت کردبێت، ئەمرۆ بە بێ ئەنجام کۆتایی بە خەبات بهێنن! لە بەرانبەریشدا بۆچوونێکی دیکە ئەوەی بە رێگا دروستەکە دەزانی و پشتیوانی لێ دەکرد.
ئێمە لە کاتی بانگەوازەکە و لە ئێستاشدا هەمان بۆچوونمان هەیە؛ کە کورد لەو پارچانەی کە لە قۆناغى خەباتی رزگاریدایە، حزب و خەباتە چەکدارییەکەی بۆ رزگاربوونە لە چەوساندنەوە، بۆیە هەرکات بە ئاشتی رێگای رزگاری و ئازادی بۆ فەراهەم بوو، دەبێت خۆی لە ململانێی چەکداری بپارێزێت و بچێتەوە سەر شارێی کاری سیاسی؛ کە بریتییە لە خەباتی مەدەنی و دیپلۆماسی و پەرلەمانی.
تورکەکان لەپاش رووداوەکانی غەزە و سووریا هەست بە نەخشەرێگای گۆرانکاریی جدی دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەستیارانە مامەڵە دەکەن و نایانەوێت ببن بە دۆراوی سیاسی، هەربۆیە پرۆسەی ئاشتی بە تاکە رێگای دەربازبوون لە پێشهاتەکان دەزانن، بۆیە هەوڵیانداوە بەم ڕێگایە خۆیان لە کاریگەریی گۆرانکارییەکان بپارێزن.
هەرچەندە تاکو ئەمرۆش پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بابەتێکی سانا و بێ ئاڵەنگاری نییە، بەڵام بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئەوە دەخوازن.
ئاشتی بۆ تورکەکان پاراستنی کۆمارەکەیانە لە هەر هەرەشە و گۆرانکارییەک و کۆتاییهێنانە بە حزبێک کە لە زیهنی تورکەکاندا وەکو حزبێکی درندە و تیرۆریست هەرەشە لە گیانی خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان دەکات و رۆژانە تەرمی رۆڵەکانیان بە تابووت و ئاڵای سوری بە مانگ و ئەستێرە نەخشاوەوە رەوانە دەکاتەوە بۆیان.
لە لایەکی ترەوە ئاشتی بۆ ئەمریکییەکانیش رێگاچارەیەکی نمونەییە؛ چونکە بەرژەوەندیەکانیان لە سووریا بە تەواوەتی دەپارێزێت و لەو هەڵوێستە شەرمەزارکەرە رزگاریان دەکات کە لە کاتی ململانێکانی کورد و تورک رووبەروویان دەبێتەوە، چونکە دەبێت بە هۆکارێک تا کێشە لاوەکییەکان فۆکەسیان لەسەر بابەتە سەرەکییەکان لابدات.
من وای دەبینم ئاشتی بۆ پەکەکەش سەرکەوتنە، چونکە لەم رێگایەوە رێبەرەکەیان لە زیندان رزگار دەکەن و بەشێک لەو ئامانجانە بەدی دێنن کە خەباتیان بۆ کردووە و دەسەڵاتی خۆسەری لە باکور و رۆژهەڵاتی سووریا لە دیفاکتۆیەکی مەترسی لەسەرەوە دەکەن بە کیانێکی یاسایی پارێزراو، کە لە باشوری کوردستان و عێراقیش زیاتر پێگەی خۆیان دەپارێزن بەتایبەتی لە شەنگال، لە لایەکی ترەوە پژاک دەکەن بە هێزێکی بێ ڕکابەری کاریگەر و پڕ چەک بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
پەکەکە لە رۆژانی ٥-٧ / ٦ / ٢٠٢٥ لە دۆخێکی نهێنی و دوور لە چاوی میدیاکان، کۆنگرەی خۆی سازداوە و خۆی هەڵوەشاندۆتەوە وەکو بەدەمەوەچوونی بانگەوازی رێبەرەکەی بۆ ئاشتی، بەم هەنگاوە پەکەکە هیچ بیانوویەک بە دەستی تورکەکانەوە ناهێڵێت و دەبێت پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکانی خۆی دەستپێبکات بۆ هەمواری دەستوور و یاساکان و فراوانکردنی بنەماکانی دیموکراسی لەو وڵاتەدا و دوورکەوتنەوە لە شۆڤێنییەت و نەتەوەپەرستی .
ئایا هیچ دەستەبەرێک هەیە کە پەکەکە هەڵوەشایەوە تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی پاشگەز نەبێتەوە؟ یاخود ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
هەرچەندە ئاشکرایە ئەم پرۆسەیە بە نێوەندگیریی ئەمریکییەکان کراوە و ئەوان دەتوانن کاریگەربن لەسەر پرۆسەکە و پاراستنی، بەڵام لە لایەکی تریشەوە ئەم پرۆسەیە دوولایەنەیە؛ ئەگەر تورکیا پابەند نەبێت پەکەکەش لە هەنگاوەکانی پاشەکشێ دەکات، هەرچەندە لەوانەیە کەسانێک بپرسن ئەگەر پەکەکە هەڵوەشایەوە و تورکیا پابەند نەبوو ئەوکات پەکەکە نەماوە و دەستبەرداری چەک بووە؛ چۆن دەتوانێت بەرەنگاری تورکیا ببێتەوە؟
لە راستییدا پەکەکە لەو حزبە سیاسییانە نییە کە لەناو وڵاتدا و لە دۆخێکی ئاسایی و بەرێوشوێنی یاسایی دامەزرا بێت، تاکو بە وەرگرتنەوەی مۆڵەتە یاساییەکەی دەرگای بارەگاکەی دابخەن و ببێت بە مێژوو و کۆتایی پێ بێت، بەڵکو پەکەکە حزبێکی ئایدۆلۆژییە و لەدوای ئەم هەڵوەشاندنەوەیە تەنها ناوەکەی بەکارناهێنرێت و بە بریارێک دەچێتە قۆناغى متبوونەوە، بەڵام سەرکردایەتی و کادر و ئەندام و گەریلاکانی دەمێنن و چەکی ئامادەن، هەرکات مەبەستیان بێت بە بڕیارێک زیندووی دەکەنەوە و هەمان گوڕ و تینی بەبەردا دەکرێتەوە و دووبارە کاری خۆی دەکاتەوە.
بۆیە پرۆسەی ئاشتی گومانی چوونە پێشی زۆر زۆرترە لە پاشەکشە، چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە و چاوەڕوان دەکرێت بگات بە ئامانج و کوردیش لێی سودمەند بێت.
